زانا دڵشاد دزەیى : گوڵاڵە سەعید، کچە پێشکەشکارى پێشووى کەناڵى زاگرۆس، دوو ساڵە کوردستانى جێهێشتووە و ئێستا پێشکەشکارى کەناڵى “نەورۆز”ـە لەوڵاتى سوید، دەڵێ “غەریبى هەولێر دەکەم”.
کچە پێشکەشکار بەتوانا گوڵاڵە سەعید، کە ئێستا لە وڵاتى سوید نیشتەجێیە، لە پەیوەندییەکى لەگەڵ (سڤیل) رایگەیاند، کە بەهۆى زەواجکردنى لەگەڵ هونەرمەند “شێرزاد نانەکەلى” کوردستانى جێهێشت، بۆ دەستپێکردنى ژیانى هاوبەش چوو بۆ وڵاتى سوید، وتیشى “غەریبى خاک و نیشتیمانى خۆم دەکەم، بەتایبەت من کە هەولێرم زۆر خۆشدەوێت، کۆمەڵێک بیرەوەرى جوانم تێدا هەیە، گۆڕەکەى باوکى نەمرم، لە شارى هەولێرە، خاکى هەولێر خۆشەویستییەکى منى لەباوەش گرتووە، ئەوە زیاتر وایکردووە هەولێرم خۆشبووێت، هاوسەرەکەشم خەڵکى هەولێرە، بۆیە هەردەم بیرى ئەو شارە میهرەبانە دەکەم”. گوڵاڵە ئاماژەى بەوەشدا، کە بۆ ماوەیەکى کاتى لەوڵاتى سویدە، لەگەڵ هاوسەرەکەى هەندێ پرۆژەیان هەیە، ئەگەر جێبەجێ بێت، بۆ هەمیشە دێنەوە هەولێر.
گوڵاڵە لە 3/2/1981 لەشارى سەقز رۆژهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە، قۆناخى 4ى ناوەندى لەوێ خوێندووە، ساڵى 2005 پێش ئەوەى لە زاگرۆس دابمەزرێت، لە کەناڵى ناوخۆیى ktv دەستى بەکارى راگەیاندن کردووە، ئێستا ئەندامى رۆژنامەنووسانى سویدە و کارتى ئینتەرناشناڵیشى هەیە.
گوڵاڵە، لە بارەى پەیوەندى پێشوەختى هاوسەرگیریان، دەڵێت “بە خۆشەویستى شووم بە شێرزاد کردووە و دوو ساڵ پەیوەندی خۆشەویستیمان هەبووە”. هەروەها دەڵێ “کچێکى جوان و خانمم هەیە، تەمەنى 10 ساڵە بە ناوى “ئەسەل”، بەڵام بۆ جارى دووەم منداڵى هاوبەشى من و شێرزاد لەڕێگا دایە، لە مانگى (یەک)ـى ساڵى تازە لە دایک دەبێت، لە سۆنەرەکە پێیان وتووم کوڕە”. گوڵاڵە سەعید، کە خاوەن باڵایەکى درێژ و جوانە، بە “پێشکەشکارە بەژنوباڵا جوانەکەى” زاگرۆس دەناسرایەوە، جگەلەوەش بە کچى هونەرمەند حەسەن زیرەک ناسراوە، بەڵام ئەو ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا دایکى دوایین خێزانى حەسەن زیرەک بووە، لەوبارەیەشەوە وتیشى “جێگای شانازى منە، کچى مامۆستایەکى پایەبەرزى گەلەکەم بم، حەسەن زیرەک بم، بەڵام تەنیا دایکم (رابە)خان دوایین خێزانى ئەو هونەرمەندە بووە، بەڵام هیچ منداڵێکى هاوبەشیان نەبووە”.