ڕێباز مەحمود
٢٠١١
-١-
بریا پایز وەحشەتمی هەڵوەراندایە و
فریا نەکەوتایە بپەڕێتەوە بۆ زستان …
خۆزگە زستان ساردوسڕیمی دەکردە شەختەو
پێڕانەگەیشتایە بچێتە وێزەی ئەفسونەکانی بەهار …
ئەوسا،
بەهار بۆی هەبوو
مانای میهرەبانیم تۆختر بکاتەوە …
هاوین هەقی بوو
بەچاوێک سەیری هەموان بکات :
(( عیشق و ترێ و خەندە و هەنجیر و
ئێمەی سەرگەردان و
سروشتی جوانی ،
تەنیشت ڕێگا تیژڕەوەکانی کات )) !
-٢-
دوێنێ نامەی بە ئەمڕۆ نەدا ،
گەرچی ئەمڕۆ لاسایی دوێنێ دەکاتەوە …
بەڵام بە چاوقایمی چرکەکانەوە دیارە ،
کە دوێنێ گەر نامەشی بۆ ئەمڕۆ ناردبێ
ئەمڕۆ بە هیچ جۆرێک ،
نەیخوێندۆتەوە !
-٣-
وەکو هاتین …
بازگەی بەردەم یەکەم دەقیقەی مێژوو
بۆ داوای هەوێی لێ نەکردین ؟
بێشک ئەوسا
ڕق و
لوتبەرزی و
چاوچنۆکی
یەکسەر دەبوایە دابەزن …!
-٤-
شوێن ،کە بەدەستوخەتێکی جوان نامنوسێتەوە …
کات ، ئیدی ئێوارەکانت زیادەن …
پێم ناڵێی بۆ پیاسە ،
بۆ کوێیان ببەم ؟!
-٥-
مەرگی ئازیزێک پەڵەیەک دەلکێنێ بە ئاوێنەی ڕۆحەوە
لە ساتەکانی پێکەنینا ناچاریت بڕوانیتە ئاوێنەکەو
لەوە تێبگەی :
شێوەت بۆتە چ نیگارێکی قێزەون !
-٦-
ئەم لێرە بوونەم هەرچۆنێک بخوێنیتەوە
بیسەر هەر چاوەڕێی کۆتایمە …!!!
بۆیە وەک قامیشەڵانێکی پاشنیوەڕۆی هاوین
کش و ماتم ،
لە ئاست کزەبای دەرکەوتنی تۆ …
-٧-
لە ناو وەیشومەی کاتا
ملیارەها گەڵای وەرینم
تەنها پرۆڤەیەکی سواوە؛
بۆ زرمەی کەوتنی دواین چرکەم…
-٨-
تازە کات ناهێڵێ ،
ئاو واز لە ڕەوتی ئەبەدیانەی خۆی بهێنێ و
لە مانای تینوێتیدا نیشتەجێ بێ …
کات ناهێڵێ قەت ئۆقرە بگرین …
لە دەستاودەستپێکردنی ئەم هەموو ڕۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵە ،
وا ژیان شلوکوت بوو ؛
ئاخر بەرەو کوێ ؟؟
-٩-
زەمین ژێردەستەی کاتە ،
کە ئەو نەتوانێ ئازاد بێ ..!
ئیتر دڵ بەم هەموو برینە قوڵانەی خۆیەوە ،
چۆن لەناو ڕەوتی خێرای ئەم خەڕەکەشکاوەی تەمەندا ؛
ساڕێژ دەبێ ؟!