کورتە چیرۆک / یاسین برایم / رواندز : وەک ھەموو سپێدەکانی تر، بەرێکەوت .دەستنوێژی خۆی ھەڵگرت و چووە ژوورەوە، ھێشتا چەند ھەنگاوێکی مابوو ، بگاتە شوێنی بانگدان ، بینی کۆمەڵە پەڕۆیەکی سپی دەجوڵێتەوە .”بسم اللە ، بسم اللە”ی کرد. ترس دایگرت ، نەدەوێرا خۆ لەم پەڕۆیانە نزیک بکاتەوە. جارێک ، دوو جار ، سێ جار، دواتر بە (بسم اللە، بسم اللە) تەکانی داخۆ.
بەسەری پەنجەکانی دەستی راستی پەڕۆیەکانی لێککردەوە”فریشتەیە!!”.دەستەکانی لەرزین، لێدانی دڵی خێرا تربوو.ترس ھەموو جەستەی گرتەوە. دیسان بە ” بسم ،،، اللە ،،، بسم ،،، اللە ،،، ب،،، س ،،، م ،،، ااااااااا “. بەناچاری لە مزگەوت ھاتە دەر و بانگی لە یاد نەما. کەوتە نزا و پاڕانەوەو گووتنی ناوی خوا و خوێندنەوەی ئایەتی کورسی ، فووکردن لە جەستەی خۆی ، تا ئەو ترس و لەرزەی لێدووربکەوێتەوە.زۆری نەبرد نوێژکەران و پیرەمێرەدەکان ، تاک تاکە بەدەرکەوتن و تا دەھات روو لە زیادبوونکرد. مام سۆفیش بە بینینی ئەوان ، دڵی ھاتە سەر خۆی و دەستی بە گریان کرد ، فرمێسک ریشە سپیەکەی تەر کرد” فریشتەیەک لە شوێنی مەلایە!” ئەوان بە تەواوی لەم قسەیە نەگەیشتن ، نەیانزانی مەبەستی چیە . کاتێ بۆی روونکردنەوە . ئیدی ھەریەک بە سەر بادان ، قسەیەکی لە دەم دەھاتە دەر.”ئاخیر زەمانە!”.” بێڕەوشتایەتی پەرەی سەندووە!”. “خەڵک بێدین بووە!”.” ئەوەی ئەم کارەی کردووە بۆ کوشتن باشە!”.”لەبەر ئەم شتانەیە باران نابارێت!”.”بەرەکەتیش وەک جاران نەماوە!”.”خوایە بەگەورەیی خۆت روحمی خۆمان پێبکە!”. ئەمە یەکەم جار بوو ، لە مێژووی ئەم گوندە رووداوی وا رووبدات ، یەکەم جاریش بوو لە وەتەی ئەم مزگەوتە دروستکراوە بانگی بەیانی نەدرێت. تا دەھات خەڵک زۆرتر دەبوون و قسەو باسیش زیاتر ، ئیدی مام سۆفی بە چاوی پڕ گریانەوە فریشتەکەی نێو مزگەوتی لەسەر دەستی دانا و بۆ ماڵی بردەوە.
ئەم رووداوە ، بووە ھەواڵی ھەموو ماڵێک و گەورەو بچووک باسیان دەکرد. پیاو و کوڕەکان لە ژن و خوشکەکانی خۆیان گومانیان دروست بوو، ئاخۆ ئەم کارە لە لایەن کێ ئەنجام دراوە.ژن و کچەکانیش روویان نەدەھات خۆیان نیشانی برا و مێردەکان بدەن. ھزرو خەیاڵی ھەمووان پڕ بوو لە گومان و تا دەھات چەکەرەی دەکرد. وەک مەتەڵێکی شازی لێھات و کەس وەڵامەکەی نەدەزانی . باش بوو “شازێ مامان” ئەمەی بۆ خەڵک روونکردەوە کە ھیچ ژنێک لەم گوندە تا سێ مانگی تر منداڵی نابێت و ئەو لە ھەموو کەس باشتر دەزانێت ، ئەمە ھی ئەم گوندە نیە . ئەم قسەیە گومانەکانی کەمتر کردن و ھەندێکی تریش باوەڕیان بەم قسانە نەکرد.
پاش ھەفتەیەک بە سەر ئەم رووداوە ، لە لایەن شوانێکی گوندەکە تەرمی ژنێکیان دۆزیەوە . لە بەر بۆن کەس نەدەوێرا لێی نزیک بێتەوە ، مێش و کرم ببونە مێوانی جەستەی. زۆر بەردی گەورەیان بە سەر و دەم و چاویان دادابوو ، پان و پرووچیان کردبوو ، پاشماوەی مێشکی لەوێ گورێ کەوت بوو ، کەس نایزانی رەنگ ورووی چۆنە وخاوەنەکەشی ھاتبوایە نەیدەناسیەوە ، جارێکی تر ، خەڵکی گوند تووشی شۆکێکی گەورە تر ھاتن و گومان و پرسیارەکانیان زیادبوو ، ئەمجارەیان ھەموو گومانەکان بوون بە یەک ، کە ئەم فریشتەیە ھی ئەم ژنە کوژراوەیە ، پێدەچێت لە لایەن کەس و کارییەوە ، ئەم کارەیان ئەنجامدابێت ، بەڵام ئێستاش لە گەڵ بێت کەس نازانێت ئەم ژنە لە کام مەملەکەت ھێنراوەتە ئێرە. کەسیش بەدوای دانەھاتووە ، گۆرە بێنازەکەی لە گۆرستانی گوند بێناسنامەیە . فریشتەکەی مزگەوتیش ھێدی ھێدی بەو گومانە گەورە دەبێت ولای ھەمووانیش گومان بویتە ناسنامەی دایک و باوکی!