بەر لە نوسینی ئەم بابەتە زۆر هەوڵمدا پەیوەندی بکەم بەو کەسانەوە یاخود کەسێکی نزیکییانەوە بکەم کە لێرەدا ناوم هێناون، بەڵام بە داخەوە نەمتوانی..
سەرەتای کاری رۆژنامەنوسیم بوو بابەتم دەنوسی و لە رۆژنامەی (ئاڵای ئازادی) بڵاو دەکرایەوە، بەو هۆیەوە لەوێ خۆالێخۆشبوو (ئیدریس شەیداهۆ)م ناسی، کە یەکێک بوو لە ستافی رۆژنامەکە. ئەو کە هانی گەنجانی ئەدا بۆ نوسین و هاوکات بابەتە نوێیەکانی خۆی پشان ئەداین لە نوسینی وتار و هۆنراوە.
لەو گفتۆگایەنەدا رۆژێک شەیداهۆ باسی هۆنراوەکانی خۆی کرد و وتی ” هۆنراوەیەکم بە ناوی (پەشیمانم) داوە بە هونەرمەند زیاد ئەسعەد و کردویەتی بە گۆرانی. هەر لەویا هۆنراوەکەی بۆ خوێندمەوە
((پەشیمانم لە دڵداری سوتاوم لە دەست خەم و ئازاری
پەشیمانم کە تۆم ناسی دڵم دا بە تۆ زۆر بە کەساسی))
وەک ئەوەی یادگارییەکی بیر بکەوێتەوە سەری بادا و شعرەکەی تەواو کرد
نەعلەت لەو ژیانەی تۆی بە من ناساند
درەختی خۆشەویستی لە دڵمدا چەقاند
هاوڕێکانیشی ئەوە دەزانن کە (شەیداهۆ) هۆنراوەی لیریکی نوسیوە و پەیوەندیشی لەگەڵ هونەرمەندان و لە نێویاندا (زیاد ئەسعەد) هەبووە.
ماوەیەک پێش ئێستا ئەو گۆرانییە یاخود هەمان ئەو تێکستە شعرییە دوواهەمین بەرهەمی هونەرمەند (بڵند ابراهیم)ە کە خۆی ئاوازی بۆ داناوە و وتویەتییەوە، بەڵام نوسراوە: هۆنراوەی (زیاد ئەسعد)
هەموو ئەوەمان بیستووە زۆرینەی شاعیرەکان.. نوسەرەکان.. هونەرمەندان.. بەرهەمەکانیان وەک مناڵی خۆیان ناوئەبەن و بەراورد کردنیشیان بە سەخت ئەزانن.
کەواتە بەراست ئەو هۆنراوە (ئەو مناڵە) هی کێیە؟؟ من وەک پیشەی خۆم بابەتەکەم خستەڕوو، ئیتر ئەوەی بە دڵنیاییەوە ئەم گومانە یەکلایی ئەکاتەوە خانەوادە یان هاوڕێیەکی نزیک بە خۆالێخشبوو (ئیدریس شەیداهۆ) بێت گەر هی ئەویش نەبێت هونەرمەند زیاد ئەسعەد ئەتوانێ خاوەندارێتی ئەو هۆنراوەیە بسەلمێنێت.
شنروێ
کوردستان- سلێمانی
20/11/2012