یه‌ک یه‌کی به‌و ناوه بانگ ده‌کرد، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک کوڕ و کچه بیانیه‌کانی هاوه‌ڵیان ده‌یانگۆته‌وه: تهئـــــۆ له‌جیاتی ته‌عۆ .ناوی نهێنی یان خوازراوه‌ی پێشگر و پاشگری ناسناوی نه‌بوو، هه‌رکه‌سه‌کی نوێیان بدیتبا پێکڕا بانگیان ده‌کرد: تهعـۆۆۆۆۆۆ .ئه‌ویش یه‌کسه‌ر ده‌چووه پۆتێ، که‌س پێ دڵگران نه‌بوو، وای لێهاتبوو ناوی یه‌کتریان ههرنهدهینا، هه‌رایه‌که ته‌نێ لۆ پێکه‌نین به‌مه‌به‌ستی پێڕابواردن و فشه‌ی گاڵته‌ش نه‌بوو به‌ڵکو وه‌ک وشه‌یه‌کی تازه به‌ده‌میان گرتبوو .
که‌سایه‌تیه ڕاستی یه‌که کاریگه‌ری ته‌واوی لهسهردانابوون وێنه‌یه‌کی خۆشه‌ویستی و سۆزی زگ پێسوتان هێنده شیرین به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌رنه‌ده‌بڕا جگه له‌ناونانی هه‌موو خۆشه‌ویستێک بهتهعۆ .تهعۆش چ ته‌عۆ ! یه‌کی دوژوونی ته‌نگی پێهه‌ڵچنی بوو، له‌ناو عاره‌قی ڕه‌ش و شین‌دا ههرگهڕابوو، ههرزووزوو سه‌ر و لاگێچکهلاکی ههردهکڕاند .هه‌ژاری کۆره ڕێکانی ژیانی پێ دهکوتاوه، به‌دبه‌ختێکی هه‌رزه‌ی خۆشی نه‌دیته‌ی بێ نازی بابه، بارگران به‌بژێوی دایک و دوو خوشک له‌گه‌ڵ برایه‌کی تازه دوو ساڵی .ڕه‌نگ زه‌رد و ماندی لاگوپهکانی قوپاوه، شه‌که‌تی گوزه‌ران سه‌ر و پرچیشی له‌جیات کرێم یا جێل له‌ڕوون و گریز ئاڵابوو قه‌د قه‌د گرمۆڵه‌ی کردبوو .وه‌ستا و بن وه‌ستا، شوفێر و موفێر گازیان ده‌کرد: ته‌عۆ ! وه‌ره ته‌عۆ بڕۆ ته‌عۆ، ئه‌وه‌بکه ته‌عۆ ئهمهبێنه ته‌عۆ …قوڕبه‌سه‌ره‌ی ده‌تگۆت خه‌ڕه‌کی شکایه لاکه‌ی لێوه ده‌هات به‌و گه‌رمایه هه‌ندی بێ و بچی .کوڕه زانکۆییه هه‌نده‌رانیه‌که لهدواساڵی کۆلێجی پزیشکی ده‌خوێند له‌م سه‌ردانه‌ی کوردستانی بۆ چاکردنه‌وه‌ی ماشێنه‌که‌ی ڕێڕه‌وی که‌وتبووه کارخانه ماشێنسازیهکهی هه‌ولێر بانگی کرد: ته‌عۆ وه‌ره، ئه‌وه‌ی هاته ده‌ستی چه‌ند په‌ڕێک دۆلاری خسته ناوده‌ستی، به‌که‌س مه‌رێ با وه‌ستاش نه‌زانی …لهڕامانێکی چاو ئه‌بڵه‌قی به‌منداڵی خۆی و براکه‌ی ده‌هاته‌وه پێش چاو ماڵیان هه‌ر له‌کوردستانه هه‌ردووکیان شاگرد فیتهربوون وێنه‌یه‌کی لهتهعۆ چووبوون ! ده‌ی تهعۆگیان هه‌نده‌ک دانیشه بحه‌سێوه دڵنیام ئه‌گه‌ر کوڕه هه‌ژار نه‌بای به‌کاک ته‌حسین بانگ ده‌کرای به‌س چ بکه‌ین ئه‌وه کورد و هه‌ولێره کورت‌بڕی ده‌کا محه‌مه‌د ده‌بیته معۆ، ته‌حسینی کرده ته‌عۆ، ده‌زانی چی: ناوه‌که‌ت هه‌نده خۆشه له‌ژیانم له‌بیرم ناچی ههرکهسهکیشم خۆش بوێ به‌ناوی تو بانگی ده‌که‌م، له‌ئێستاوه ههرئهتو ته‌عۆ نی هه‌رهه‌موومان تهعۆین .