راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی : ئەوان تەنیا حەوت کەسن و گروپی گورگەکانی سەر شەقامیان پێکھێناوە، کە گروپێکی راپە، سەرۆک گروپەکە دەڵێ جەماوەرێکی ئێجگار زۆرمان ھەیە و “ئەگەر لەبەر داب و نەریت نەبوایە، نیوەی گەنجی کورد دەستیان بە راپ دەکرد، چونکە گەنجانی ئەمڕۆ حەز بە راپ و ستایلی ئینگلیزی دەکەن”.
کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ چەند گەنجێک لە ھەولێر گروپێکی راپیان بەناوی “گورگەکانی سەر شەقام” دامەزراند، سەرەتا ١٢ گەنج بوون، بەڵام چەندینجار زیاد و کەمی کردووە، ھەروەھا جارێک گروپەکە شکستی ھێناوە، ئەوە بە قسەی ھەڤاڵ، کە ئێستا سەرۆک گروپەکەیە و دەڵێت “دوای شکستەکە، من بوومە سەرۆکی گروپ و جارێکی بەھێزم کردەوە و کۆنسێرت و راپی زۆرمان دروستکرد، شانسێکی دیکەمان وەرگرتەوە”. ئێستا ئەوان تەنیا حەوت کەسن “ھەڤاڵ، نورە، ھەردی، زانا، ھێرش، محەمەد، شێروان”.
ساڵی ٢٠٠٩ کاتێک بەشداریان لەبەرنامەی من جیاوازم کرد لە کەناڵی زاگرۆس، دەرفەتی ناوبانگ دەرکردنیان زیاتر بوو، کە تاوەکو قۆناخی کۆتایی بەرنامەکە دەرچوون و پلەی سێیەمیان بەدەستھێنا، ھەڤاڵ دەڵێ “سێ ملیۆن دینارمان بردەوە و لەنێو خۆمان دابەشمان کرد”.
ھەڤاڵ باس لەوە دەکات، زۆربەی تێکستەکان ئەو دەینووسێت، بەڵام میوزیکی راپەکانیان لە بیانییەوە وەردەگرن، بەتایبەت راپە کۆرییەکان، “ئەگەر دانسی جوان و ئاسان ھەبوو، کە بتوانین بەباشی تەقلیدی بکەینەوە و لە کوردستان نەبینراو بێت، ئێمە وەریدەگرین، خۆشمان لە دانس دا شتی نوێ دەکەین، ھەروەھا شێوازی راپی بیبۆ کاریگەری لەسەر راپەکانمان ھەیە”.
ھەردی، تەمەن ١٩ ساڵ، یەک لە گورگەکانی سەر شەقامە، ئارەزووی ئەو راپ و دانسە، خەون بەوە دەبینێ گروپەکەیان ھەنگاوی گەورە بنێ، بەڵام دەڵێت “کەس ھاوکاری ئێمە ناکات و جێگایەکمان نییە تێیدا کۆبینەوە و پرۆڤە بکەن، لە شوێنی وا پرۆڤەی دانسم کردووە راپم لەبەرچاو کەوتووە، ویستوومە واز بێنم، بەڵام ھەر خۆشم دەڵێم نا بەبەردەوام بوونی ئێمە پێشدەکەوین”. ھەردی ئاماژەی بەوەشدا ھیچکام لەوان بۆ پارە پەیداکردن راپ ناکەن، “بەڵام ئەگەر لایەنێک ھاوکاریمان بکات زیاتر پێشدەکەووین”.
بیبۆی محەمەد، گورگێکی دیکەی گروپەکەیە، پێی وایە لەبەرئەوەی سەر بە ھیچ دەزگا و سەرنتەرێک نین، جێگایەکی دیاریکراویان نییە، ئەو دەڵێت “لەھەر شوێنێک مەجال ھەبێ پڕۆڤەی تێدا دەکەین”.
ھەڤاڵ سەرۆک گروپەکەیە و دەڵێت “لە کۆنسێرتەکانمان داوای پارە ناکەین، بەس ھاوکاریمان بکەن لەدابینکردنی ھۆڵ و ئامادەکارییەکان”. وەک خۆیان باسی دەکەن، لەبەر نەبوونی ھاوکاری، راپەکانیان بە لاپتۆپ تۆمار دەکەن، ھەڤاڵ دەڵێت “لەبەرئەوەی ھەموو ئەندامەکان قوتابین، پارەی زۆربەی خەرجییەکان ھەر خۆی دەیدات”.
لەچەند ساڵی رابردوو چەندان گروپی راپ لە کوردستان دروست بوون و رۆژ لەدوای رۆژ لەزیاد بووندان، بەڵام زۆربەی ھونەرمەندان راپ رەتدەکەنەوە و بە “ستایلی بێگانە” وەسفی دەکەن و دەڵێن “ھی کورد نییە”. لەچەند ھەفتەی رابردووشدا مەلا مەزھەر لە شاری لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ھێرشی تووندی کردە سەر گروپی گورگەکانی سەر شەقام و دوعایکرد لەناو بچن و لە وتارەکەیدا گوتی “پێشتر پیاوچاکی وەک مەولەی و ھونەرێکی جوان و پاک ھەبوو، ئێستاش گورگەکانی سەر شەقام دروستبووینە، خوا لەناوتان ببات”.
لەوبارەیەوە سەرۆکی گورگەکانی سەر شەقام دەڵێت “مەلا مەزھەر لەروانگەی دینی ئیسلامەوە قسە دەکات، بەڵام دینی ئیسلام داوامان لێَدەکات دوعای خراپ لەکەس نەکەین، کەچی مەلا مەزھەر دوعای خراپی لەئێمە کرد و خۆشی گوناھبار کرد”. ھەڤاڵ دەڵێ مەلا مەزھەر جگەرە دەکێشێ، کە لەدینی ئیسلام جگەرەکێشان گوناھە دەپرسێ “ئەی بۆچی مەلا مەزھەر باسی گوناھی ئێمە دەکات و باسی گوناحی خۆیشی ناکات؟”.
نورە ئەندامێکی سوحبەتجی گروپەکەیە و ئەویش لەسەر ئەو رەخنانەی کە لەلایەن لەھەندێ ھونەرمەندان رەخنە لەگروپەکانی راپ دەگیرێ گوتی “لەزۆربەی ھونەرمەندەکانی کوردستان جەماوەرمان زیاترە، ئەوەشی کردوومانە ھەموو تواناکانی ئێمە نییە، ھێشتا ئەوە ھیچ نییە، چونکە ھەموو شتێک لەسەر گیرڤانی خۆمانە”. ھەڤاڵ کاتێک باسی جەماوەری خۆیان دەکات، ئاماژە بەوە دەدات، زۆرترین جەماوەری ئەوان لە کۆلێژ و قوتابخانەکانن “لەبەرئەوە زۆرترین کۆنسێرتەکانمان لە کۆلێژ و قوتابخانەکان ئەنجام داوە، خەڵکێکی زۆر ئێمەیان خۆشدەوێت، لەگەڵ خەڵک تێکەڵین و پەیوەندی ھاوڕێتیمان دروستکردووە، دێنە لامان وێنەمان لەگەڵ دەگرن و دادەنیشین و چایش دەخۆینەوە”. ئەو بەبێ دوو دڵی ئەوەش دەڵێت “ئەگەر لەبەر قسەی خەڵک و داخراوی کۆمەڵگە و دابونەریت نەبووایە، نیوەی گەنجی دەبوونە دەبوونە راپەر، چونکە گەنجی زۆر ھەیە حەز دەکەن بەشداریمان لەگەڵ بکەن، بەڵام لەترسی قسەی خەڵک ناوێرن”. سەرۆک گروپەکەش دەڵێت “ھەر لەبەر ئەوەش ئەندامی کچ وەرناگرین، یەکەم لەترسی کێشەی کۆمەڵایەتی، دووەم فێربوونی برێکدانس بۆ کچ قورسترە، خۆمان ئەرکمان قورسە، ئەگەرنا چەند کچێک داوایان کرد لەگەڵمان راپ بکەن، بەڵام وەک گوتم وەرمان نەگرتووە”.
نورە، ئەندامێکی دیکەیدانە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، گروپەکانی راپ لەکوردستان مونافەسەیەکی زۆری یەکتر دەکەن بۆ شکاندن و دژایەتیکردنی ئەویتر، گوتی “ھەر لایەک ھەوڵدەدات ئەوی تر لاواز بکات، بەڵام کەس ناتوانێ شان لەشانی ئێمە بدات، کاری خۆمان دەکەین و دژایەتی کەس ناکەین”. نورە لە قسەکانی بەردەوام بوو گوتیشی “ئەو دژایەتیکردنە ھەم ئاستی راپ لەکوردستان دێنێتە خوارەوە، ھەمیش راپ بەدیوێکی ناشرین بەخەڵک نیشان دەکەن، کە بە راپ جنێو بە یەکتری دەدەن”.
رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە لە بەردەرەش کۆنسێرتێک ئەنجام بدەن، کە جگە لە خۆیان چەند گروپێکی دیکەی راپ بەشدار دەبن، کە رێکخراوێک بەم کارە ھەڵساوە، نورە دەڵێت “ئێمە شەش راپ پێشکەش دەکەین، کە راپەکان باس لە خۆشەویستی، بێزاری و تەنیایی، خۆکوشتن دەکەن”. ئاماژەی بەوەشدا لەبەرنامەیاندایە، کە سەنتەرێک راپەکانیان بەشێوەی ئەلبووم چاپ و بڵاوبکاتەوە، “کە نزیکەی ٣٠ راپ و سێ کلیپمان ھەیە، جگە لە کۆنسێرتەکانمان”.