هەولێر، مەسعودى مەلا هەمزە :دواى گەڕانەوەى لە وڵاتى سوید هونەرمەندى شانۆکار دیار عومەر لە ئێستادا سەرقاڵی کارى دەرهێنانە لە شانۆگەرى “فرێم- گوڵبژێرێک لە گرێیەکانى شکسپیر”، کە لە درێژەى وەرزى شانۆیی قەڵا لە ناوەڕاستى مانگى ئەیلوول نمایش دەکرێ.
فرێم پوختەیەکە لە شانۆگەرییەکانى “هاملێت، لیرشا، ئۆتێللۆ، ماکبێس، رۆمیۆ و جولێت، ریچاردی سێ، قەیسەر”ى نووسەرى بەناوبانگى جیهانى شکسپیر کە لەلایەن دەرهێنەر ئامادەکراوەو هەریەک لە “گێلاس ناسر، مەسعود عوسمان، دڵشاد شەهاب، هۆشەنگ عادل، زەردەشت جەلال، بارزان ئاراس، هاوکار سەعدی، رێکان ئەحمەد”وەکو ئەکتەر لە نمایشەکە بەشدارن.
لە لێدوانێکیدا دیار عومەر دەرهێنەرى شانۆگەرییەکە گوتى: فرێم شانۆگەرییەکە لە کۆمەڵێک دەقی زۆر دیارى جیهانى شکسپیر ئامادەم کردووەو لە ئێستادا لە قۆناغى پرۆڤەکردنداین و بڕیارە دووەم نمایشی وەرزى شانۆیی قەڵا بێ، کە بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆی هەولێر سازیدەکا”.
دیار عومەر گوتیشی”: لەو کارەدا هەوڵمداوە دەقەکانى شکسپیر و ئامادەکردنەکەى بەشێوەیەک بێ کە لەگەڵ ئەمڕۆ بگونجێ و بینەر چێژی لێ وەربگرێ”.
شایانى باسە لەو شانۆگەرییەدا مەهدى حەسەن و یوسف عوسمان وەک یاریدەدەرانى دەرهێنەر و هەڤاڵ جەوهەر وەک بەڕێوەبەرى شانۆ کاردەکەن.