هه‌موو سپێده‌یه‌ک کاتێ خه‌نده‌ی تیرۆژێ
ئه‌هات و ماچی چاوانی ئه‌کردم
هه‌موو شه‌وێ کاتێ زه‌رده‌خه‌نه‌ی تاڤێ
ژووره‌که‌ی پڕ نوور ئه‌کردم
وام هه‌ست ئه‌کرد ژیان له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستمه و
خۆم ڕه‌نگه‌کانی ئه‌گۆڕم
وام ئه‌زانی کلیلی دڵ به ده‌ست خۆمه و هه‌رگیز
کۆده‌کانی هه‌ست ناگۆڕم
چه‌نێ جوان بوو ژیان…!
ئه‌و کاتانه‌ی وه‌ک منداڵێ، دڵم خاڵی له ئه‌شق
به کاپازهکانی ڕۆژگاردا چاوشارکێم ئه‌کرد
چه‌نێ شیرین بوو ژیان….!
کاتێ ڕۆحم زویر له خه‌م و دڵم زنارێکی ساوا
هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ خۆڕهمیدا ، به شه‌قامه‌کانی ته‌مه‌نا پیاسه‌م ئه‌کرد
تاکوو له پڕ له‌گه‌ڵ لێزمه بارانێکا خۆت له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌م دا‌و
له‌گه‌ڵ دڵۆپێک فرمێسکی فریشته‌یه‌ک، ڕژایته ئامێزی ته‌مه‌نمه‌وه
هاتی و به وشه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانت، خۆت خزانده نێو باوه‌شی وشه‌کانم و
خۆت لکاند به شیعرمهوه
منیش دڵپاک و خۆشباوه‌ڕ
ده‌رگای دڵم واڵا کرد و
ئه‌شقم کرده خاوه‌ن عه‌رش
دڵ و ڕۆحم له‌سه‌ر تاپۆ کردی و
له گوڵدانی تاژی ناخم بۆم ڕاخستی فه‌رش
هه‌ر جار به چه‌شنی ده‌نگی باران تۆ به گوێی مۆبایله‌که‌مدا ئهتچرپناد: ‘ بڕوا بکه خۆشم ئه‌وێی’
وامئه‌زانی من دونیا‌م و دونیاش منه، هه‌ردووکمان تۆین
نه‌مزانی بێهۆش و بێ ئاگای له هه‌ر وشه‌یه‌ک پێمی ئه‌ڵێی
ئیتر مه‌ڵێ مه‌گری…. مه‌ڵێ زویر مه‌به
من دڵی خۆم لێ ون بووه
هیچ کات مه‌ڵێ خه‌مبار مه‌به
من پرسه‌م بۆ ساوایی دڵم گرتووه
تۆ ئه‌ته‌وێ جه‌رگم له‌ت له‌ت که‌یت و
هیچ هاواریشم نه‌بیستی
خۆت ده‌ستی هه‌نسک ئه‌نێیته گه‌ردنم و
گه‌ره‌کته گریانم نه‌بیستی
ئاخ چ زوحاکێکی خوێن مژی
نازانم چۆن خۆشمویستی…!
ئه‌مشه‌و هێنده گریام، ئا ئه‌م شیعره‌م لێم تووڕه بوو
مۆبایله‌که‌م ته‌ماشای ئه‌کردم و
نامه‌کانت دڵیان پڕ بوو
یاده‌کانت وه‌ک کۆلاره به ئاسمانی خه‌یاڵمدا هه‌ڵئه‌فڕین و
چاویان پڕ له داوای لێبوردن بوو
عه‌جه‌ب دڵم…! بۆ وا ئه‌ژنۆی غرورمت شکاند
تۆ که‌ی ئاوا خۆش باوه‌ڕ بووی؟
بۆ به جارێ گزنگی شادیت له ئاسمانی منا تۆراند
تۆ که‌ی هێنده لاواز و بێ ئه‌قڵ بووی؟
خۆم و خۆتت کرده سه‌ر له‌پی ده‌ستی خه‌م و
ژیانت له‌گه‌ڵ شنه‌بای گریانا به‌ڕێ کرد
باوه‌ڕت به ئه‌سمه‌رێکی دڵڕه‌ق هێنا که بێ ئاگا
به سه‌رخۆشی تۆی هۆگر کرد
ئێستاش ئه‌ڵێ چی ڕووی داوه؟ من وه‌ک خۆم وام نه‌گۆڕاوم
بێ ئاگایه له بێده‌نگی و بێ مهیلیدا، چه‌ند جار به ده‌ست ئه‌م ئه‌شقه‌وه
له ئامێزی خه‌ونه‌کانما من نێژراوم
وه‌ک و هیچ ڕووی نه‌دابێ، ئه‌ڵێ ده‌با هه‌ر هاوڕێ بین
توخوا ئه‌ی خوا، ئه‌ی خه‌ڵکینه ئێوه بێژن
ئه‌بنه هاوڕێ فه‌رهاد و شیرین؟
ئه‌بنه خوشک و برا، مهم و زین؟
ده تێبگه ئه‌ی ئه‌سمه‌ری بێ ئاگا له گریانی دڵم
من خۆشم ئه‌وێی
جارێ سه‌رت به سینه‌ی شیعرێکمه‌وه بنێ و
گوێ بگره لێی
که دڵێک وه‌ک من بۆت بسووتێ و ئاشقت بێ
ئیتر توخوا چاوه‌ڕێی کێی؟
ده هه‌ستم به گاڵته مه‌گره
دڵم به‌ڕاست ئاشقی تۆیه
ئه‌و کانییه‌ی به دڵشکێن ناویان ئه‌برد
ئێستا دیل و کۆیله‌ی تۆیه
ده له‌گه‌ڵ ئه‌م جاره‌ی بارانا
دڵی خۆمم بۆ بنێره‌وه
یان ئه‌وه‌تا دڵتم به‌رێ و
سه‌ری مانددوت بۆ ئه‌به‌دی
له‌سه‌ر شانی خۆشه‌ویستیم بنێره‌وه
کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی
28-05-2012
02:29
سلێمانی