حەیدەر عەبدولڕەحمان : یەکێک لە فاکتەرە بنەڕەتییەکانی بە زیندوو راگرتنی شانۆ لە کوردستاندا لە رۆژگاری رابوووردوودا بوونی ئەو کۆمەڵە تیپە شانۆییانە بوون کە بە بەردەوامی تەکانیان بە بزاڤی شانۆیی دەدا و بۆشاییەکی گەورەیان لە گۆڕەپانی شانۆییدا پڕ دەکردەوە , بە دەر لە چەند تیپێک نەبێت کە تیپی شانۆیی حکومی بوون ,
زۆربەی تیپەکانی دیکە تیپی ئەھلی بوون , یاخود سەر بەکۆمەڵەو رێکخراوە پیشەییەکانەوە بوون کە بەپشتگیرییەکی کەم , یاخود بە پشت بەستن بە خودی ھونەرمەندەکان خۆیانەوە بەڕێوە دەچوو ن, لەو زەمەندا , ئەو ئیمکانیاتە ماددیانەی ھەبوون بە بەراورد لە گەڵ ئەو چالاکییە بە پێزانەی ێشکەش دەکران , ئەو راستییەیان دەردەخست, کە ھەر پشتگیری ماددی فاکتەری سەرەکی نیە بۆ سەرکەوتنی بەرھەمەکان , بەڵکو لەو لە پێشتر ئەو ئامانجە پیرۆزانە بوون کە ھونەرمەندە شانۆییەکان وەک پرسێکی نەتەوەیی ھەڵیان دەگرت و شانۆیان دەکرد بە کەرەستەو ئامرازێک بۆ روو بە روو بوونەوەی زوڵم و ستەمکاری .. بۆیە فەزای ئامانجەکانی شانۆ ھەر تەنھا گەیاندنی پەیامێکی ھونەری نەبوو بە وەرگر , بەڵکو تەوزیف کردنی ھونەر بوو بۆ پرسە نەتەوەییەکان کە خواستی سەرەکی خەڵک بوو بۆ شانۆ لەو دەمەدا .. لە گەڵ ھەموو ئەمانەشدا ئەم توخمە رۆحییە لە جەستەی شانۆکارەکاندا ھەر تەنھا توخمێکی ھزری نەبوو , بەڵکو کاریگەری پۆزەتیفانەی خۆیان ھەبوو بەسەر ئاستی ھونەری و ئەدای شانۆکارەکان , کە لە سەر شانۆدا بە ئەکتەرەکانەوە دەردەکەوت , بە تایبەت لەو شانۆگەرییە داپۆشاراوانەی ئەکتەر بە تواناو دەسەڵاتی ھونەری خۆیەوە بەرجەستەی دەکردن ..
لە نێو ئەو کەشو ھەوا تراژیدییەی کە باڵی بە سەر ھەموو لایەکدا کێشابوو , ھەموو ئاراستەکانی شانۆ ھەر تە نھا بریتی نەبوو لە دەربڕینی تفت و تاڵییەکانی کۆمەڵگا , بەڵکو لایەنی کۆمێدی و گوزارشت کردن لە مەینەتیەکانی کۆمەڵگا بە کۆمێدیا لایەنێکی دیکەی پەیامە شانۆییەکان بوو کە خەڵکی وەک مەنفەزێک بۆ رزگار بوون لە نەھامەتیەکان وەری دەگرت , وەک چاپلن دەیگوت لە ناو پێکەنینەکانمدا گریان ھەیە ..ئەوەتا وەرزی ھەرە بە پێزی شانۆی کۆمێدی لە شانۆی کوردیدا لە ساڵانی حەفتاکان بوو, کە لە سەرجەم شارەکانی کوردستاندا پیادە دەکرا , لە ھەولێر دەرھێنەرانی وەک سەباح عەبدولڕەحمان و تەڵعەت سامان و فەتاح خەتاب چەندین نموونەی شانۆییان لە شانۆی کۆمێدی دا پێشکەش کردووە , لە سلێمانیش ئەحمەد سالار و مەکی عەبدوڵڵاو عومەر عەلی ئەمین و لە کەرکوک جیھاد دڵپاک و جەلیل زەنگەنە و زۆرانی دیکەش شانۆی کوردییان گەیاندە پۆپە .. بە تایبەت ئەحمەد سالار لە شانۆگەرییەکانی وەک جەنابی موفەتیش و پیسکەی تەڕپیرو پاڵتۆ ..
ئەو بەرھەمە جەماوەرییانەی ھەبوون و وایان کرد کە ئەو بەرھەمانەی شانۆی حەفتاکان بە سەردەمی زێڕینی شانۆ ناو زەد بکرێت , بەرھەمی تیپە ئەھلییەکانی کوردستان بوون , کە نەک ھەر تەنھا شانۆیان بەرەو ئەو باڵا بەرزییە برد , بەڵکو بوون بە سەرچاوە بۆ دروست بوونی دەیان ئەکتەری بە توانا کە ئەو کات ئەو تیپانە ببوون بە ئەلتەر ناتیف بۆ پەیمانگاو کولێژەکانی ئەمڕۆ کە ئێستاکە ناتوانین بەراوردێک لە نێوان داھێنان و چالاکی نێوانیان بکەین بە ھۆی مەودای دووری نێوان ھەردوو سەرچاوە .
ئەمڕۆکەش لە کوردستاندا وەک لیست و ژمارەو ناو , تیپی شانۆیی زۆرن لە کوردستان بەڵام زۆرینەی ئەو تیپە شانۆییانە داخراون و تۆزو گەردییان لە سەر ھەڵنیشتووە بە ھۆی پەراوێز خستنیان , وێڕای ئەوەی زۆر لەو تییپانە پشتگیری ماددی لە حکومەتەوە وەردەگرن , بەڵام ھیچ لەو پشتگیرییانە نەیان توانی دەردی شانۆ چارە بکەن و لە میحنەتەکانی خۆی رزگاری بکەن , چونکە گرفتی سەرەکی شانۆی کوردی ئەمڕۆکە کێشەی ماددی نیە , بە قەد ئەوەی کێشەیەکی ھونەری و رۆحییە , بۆیە ئەگەر ژمارەی تیپە شانۆییەکان ببن بە دوو بەرابەرو سێ بەرابەریش بە ژمارە ئەوە شتێ لە ئاستی شانۆیی ناگۆڕێت , ئەگەر ھونەرمەندەکان خۆیان بڕیاری ئیش کردن و بە دەست ھێنانی شانۆییان نەدابێت , مخابن ئەم ئامانجەش بە گشتی ونەو زۆربەی ئامانجەکان بە ئاراستەی بازرگانی کردن بە شانۆو قۆرخ کردنی دەرفەتەکان بۆ بەرژەوەندییە تایبەتیەکان دەڕۆن , بێ ئەوەی ھەندێ لەو ھونەرمەندانە درک بە بەرپرسیاریەتە مێژووییەکە بکەن و لە ئاست شانۆدا ھەست بە شەرمەزار بوون بکەن .
رەنگە ئەو ھاوکێشەیە ھاوکێشەیەکی نسبی بێت , چونکە ھەندێ تیپ و گروپیش ھەن بە رۆحیەتی ساڵانی رابووردوو , بەڵام بە شێوەو فۆرم و ستایلی سەردەمانە کار دەکەن و کارەکانیان تەژییە لە داھێنان و لە کێڵگە شانۆیەکاندا وەک گوڵە گەنم دەردەکەون .. وەک کارە بەردەوامەکانی تیپی شانۆی سالار , کە ھونەرمەندان ئەحمەد سالارو ئەرسەلان دەروێش , رۆڵی سەرەکی لە بزووتنەوەی تیپەکەدا دەبینن و ئەو بوارەیان نەڕەخساندووە کە شانۆ لەو شارەدا کپ و بێدەنگ بێت , ھەرووەھا تیپی ھاوڕێیانی گەزیزە .. کە لەو ساڵانەی دوایی زێتر لە جاران برەویان بە چالاکییەکانی خۆیان داو توانییان جەماوەرێکی زۆر لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە دەوری خۆیاندا کۆ بکەنەوە , لە رووی ئاستی ھونەریشەوە ئەو تیپە توانیوویەتی ببێتە لابورێک بۆ دروست کردنی ئەکتەری ئافرەت و تەقاندنەوەی توانستە شاراوە شانۆییەکانیان .
گروپی ھونەرمەند نیھاد جامی لە کەرکوک شوێنی جارانی تیپی شانۆی ئەزموونگەری گرتۆتەوە و ھەمیشە ئەو گروپە بە دوای نوێ بوونەوەی بەردەوامدا دەگەڕێت و لە ھەوڵی ئەوە دایە کە لە مەئلوفیەتی شانۆ دەرچێت و جۆرێک لە جیاوازی لە ستایلدا دروست بکات ..
گروپی شانۆی گەنج لە ھەولێر کە بە سەرپەر شتی ھونەرمەندی شانۆکار کارۆخ ئیبراھیم بەڕێوە دەچێت , یەکێکە لە تیپە ھەرە چالاکەکانی شاری ھەولێر و لە ماوەی رابووردوودا ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی بۆ چالاکییەکانی دروست کردو بوو بە خاوەنی جەماوەرێکی تایبەتی .. گروپەکە خاوەن ستایلێکی تایبەتی خۆیەتی و ھەوڵی ئەوەی داوە کە نەوەکان لە شانۆدا لێکتر نزیک بکاتەوە , بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە دەکرێت ئەو نەوانە لە شانۆدا ئاوێتەی یەکتر بکرێَن ..
کارۆخ ئیبراھیم لە چەندین دیمانەدا پرژاوەتە سەرپرسی ئیمکانیاتی لاوازی تیپەکە , بەڵام ئەم حاڵەتە لای ئەو گروپە نەبۆتە کێشەو ئاریشایەک بۆ بەردەوام بوون لە سەر رەوتی تیپەکە , کە ساڵانە رەسمی بەرنامەی کار کردنی خۆی دەکات ..
لە دوماھیدا دەکرێ بپرسین ئایا چی بکرێت بۆ ئەوەی تیپەکانی تریش بە ئەکتیف بکرێن و وەک ئەو چەند نموونە تیپانەی ئاماژەمان پپێیان کرد , رۆڵی خۆیان ببینن لە گەشەپێدانی شانۆو پەڕینەوەی بەرەو کەنارەکانی دڵنیایی ..
ھەق وایە وەزارەتی رۆشنبیریش لیژنەیەک پێک بھێَنێت بۆ پێداچوونەوە بەو گروپ و تیپە شانۆییانە و ھەڵسەنگاندنیان لە سەر پێوەری کارو چالاکی و جۆری بەرھەمەکان و ئاستی ھونەرییان , لە سەر ئەو پێَوەرە ھەلسوو کەوت لە گەڵ تیپەکاندا بکات و ئەو تیپانەی کە تەنیا ناون بە ھەمان پێوەر ی تیپە چالاکەکان پشتگیری نەکرێن , لەوەش باشتر ئەوەیە ئەو تیپانە بەخشینیان لێ ببڕێت و بدرێن بەو تیپانەی کار دەکەن … گرنگە ئەگەر بەڕێوەبەرایەتی شانۆ سەرپەرشتییەکی دروستی تیپ و گروپەکان بکات و لە پەیوەندی کردنی بەردەوام دابێت و لە کۆڕو کۆبوونەوەکا نی دا شەن و کەوی کێشەکان بکرێت و بە پێی پرنسیب و رێسا ھونەرییەکان ھەلسوو کەوتیان لە گەڵدا بکات و نەخشە بۆ بەرنامەی ئایندەی تیپەکان دابنێت و ئاسانکاری بۆ بە پراکتێک بوونی بەرنامەکانیان دابنێت بە یەکسانی .. جێگەی سەرنجە کە ھەندێ لە تیپەکان بەشی شێریان بەر دەکەوێ لە پشتگیری و تیپی واش ھەیە بە حەسرەتی دەرفەتێکە بۆ کار کردن ..
haederabdulrahman@yahoo.com