بارزان ئاراس : سەرۆكی گروپی گەنج بۆ شانۆ ئێستا هەموو ئێواران لە چێشتخانەی لادێیەو لەجیاتی ئیش و كاری هونەری خەریكی نیسكافە خواردنەوەو چای تاڵە لەگەڵ قسەی خۆش و نەستەق، ئەندامەكانیشی لە بارەگای گروپ خەریكی نێرگەلە كێشانن، كەچی كە كار دەگاتە سەر تەختەی شانۆ و چاوپێكەوتن و راگەیاندنەكان ئەمان گروپێكی ئەكادیمی و پرۆفیشناڵن،
دەمەوێ بپرسم گروپێ خەریكی نێرگەلەكێشان و چا خواردنەوە بێت دەتوانێت چ داهاتوویەكی لێ چاوەڕوان بكەین یان بە شێوەیەكی دیكە ئایا دەتوانین ئەم ناوە گەورەیەی پێ ببەخشین، لەهەمان كاتدا بودجەی مانگانەی ئەم گروپە “3 ملیۆن” دینارە، كەچی نە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی دینارێ وەردەگرن و لە سەرمای ئەم زستانە ئەندامەكان لەماڵی خۆیان نەوتیان بۆ زۆپای گروپ دەهێنا، كرێی بارەگای گروپی گەنج بۆ شانۆ تەنها یەك ملیۆن دینارە، دەكرێ بپرسین دوو ملیۆن دینارەكەی تر دەچێتە گیرفانی كێ، لەكاتێكدا ئەم گروپە جگە لە مەسرەفی شەكر و چا هیچ شتێكی تر دیار نییە، دەشڵێن گروپ قەرزارە، لە كاتێكدا ئەوان لە كارەكانیان رەخنە لە دەسەڵات دەگرن و دەڵێن ئەم كۆمەڵگایە سەقەتەو دەسەڵاتیش گەندەڵە، بەلای منەوە هەركەسێك خۆی هەڵەبێ و باسی هەڵەی خەڵكی بكات ئەوا ئەو گەندەڵترین كەسی ئەم كۆمەڵگایەیە، چونكە ئەوان لەناو 30 كەسدا غەدر لەیەكتری دەكەن و مافی یەكتر دەخۆن، ئەی دەسەڵات لەناو كۆمەڵگایەكی چەند ملیۆن كەسیدا چ بكات.
لە لایەكی دیكەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆك گروپ و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی گروپ، خودی سەرۆك گروپ كۆمەڵێ لە ئەندامەكانی راسپارد كە ئەو كەسانە هەڵبژێرن كەجێی رەزامەندی ئەون و دەنگ بدەن بەوان، روونیشە ئەگەر ئەوان ئەو كارە نەكەن ئەوا دەبێت لەپشت ئەو پەردە رەشەدا بڕزێن و سەرتەختەی شانۆ نەبینن، كەواتە من دەمەوێ بزانم كێ گەندەڵە؟ دەسەڵات یان گەنج بۆ شانۆ؟ كۆمەڵگا یان ئەم گروپە ئەكادیمی و پرۆفیشناڵە؟
گومانی تێدا نییە هەندێ لە ئەندامانی ئەم گروپە گەنجی هونەرمەند و چالاكن، بەڵام بەنوێژی نیوەڕۆ پاداشتی “مكافئە”ی ئیشەكانیان لف دەكرێ و بەكۆمەڵێ قسەی بریقەدار هەڵیان دەخەڵەتێنن و پێیان دەڵێن لە داهاتوودا تۆڵەتان بۆ دەكەینەوە، كەسێ نییە لێپیچینەوە لەم كارە نا شایستانە بكات، ئایا خەڵكی دەزانن كە ئەم گروپە سەردانی دەرەوەی وڵاتیان كرد؟ دوو ئەندامیان مانیان گرت و وتیان تا نەچینە ماڵی براكەمان ناگەڕێینەوە كوردستان، بۆیە تێكتی تەیارەكەیان بەسەرچوو، كۆمەڵێ پارەی زۆریان بەهەدەر دا، لەپێناو گەشت و حەزی خۆیان سەرفیان كرد، لێرەش ئەندامەكانی تر بۆ گیرفانی خۆیان ئاخیان هەڵدەكێشا، ئەو دوو ئەندامە كە گەیشتنەوە كوردستان داوای “1000” دۆلار گرێبەستیان دەكرد.
لە نووسینی ئەم بابەتەدا دەمەوێ حەقیقەتی ئەم بارەگایە روون بكەمەوەو بزانم راستی و حەقیقەت لەكوێدا ونە، لە كاتێكدا ئەم شوێنە بە شوێنی رۆشنبیران و زمانی خەڵك دەناسرێ، من بەو كەسانە دەڵێم كە رۆژێ چەپڵەیان بۆ كاری ئەم گروپە لێداوە ئەوە ئەوان بەهەڵەدا چوونە، هیوادارم هەڵسانە سەرپێی ئەوان بۆ ئەو كۆمەڵە گەنجە ماندووە بەش خوراوانە بێت، نەك بۆ ئەو كەسانەی خۆیان گەندەڵن و باسی گەندەڵی دەكەن، چونكە ئەوەیە حەقیقەتی ئەو كەسانەی بەناوی هونەرەوە غەدر لە كۆمەڵێ گەنجی هەست ناسك و بەتوانا دەكەن و لەمەش زۆر خراپتر، هەموو ئەو ناعەدالەتیانە وایانكرد دەستلكاركێشانەوەی خۆم لەو گروپە رابگەیەنم.
* ئەندامی پێشووی گەنج بۆ شانۆ