گروپی موزیکی کچانی هەولێر لە ٨ ی ئاوگستی ٢٠١١ دامەزراوە، هەریەک لە پشتیوان جەمال، ئاشتی محەمەد شێخە و دیاری محەمەد شێخە لە دەستەی دامەزرێنەری گروپ وە پشتیوان جەمال دەرچووی کۆلیژی هونەرە جوانەکان – بەشی مۆسیقا سەرپەرشتی گروپەکە دەکات. لە لێدوانێکی تایبەت بە چرا سەبارەت بە بیرۆکەی دروستکردنی گروپی کچان ڕایانگەیاند: ” بیرۆکەی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ئاشتی و دیاری لەگەڵ خاتوو بەهار عەلی چاڵاکوان لە بواری ژنان کە هاوکارییەکی زۆری کردین لە ڕووی مەعنەوەیەوە. مەبەست لە دروستکردنی ئەم گروپە بۆ زیاتر ئاشناکردنی کچ و ژنە بە بواری موزیک و گۆرانی وە پێشوەچوونی هونەری کوردی و نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزە لە کارکردن دا “.
سەبارەت بە شوێن و هاوکاریکردنی لایەنی بەرپرس بۆ گروپەکەیان سەرپەرشتیاری گروپی کچان لە قەڵای هەولێر سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی دکتۆر بەرهەم ساڵح کرد بۆ دابینکردنی ئامێرەکان کە پاڵپشتییەکی بەهێز بوو بۆ بەردەوامیان، لەلایەکی تر کێشەی هەرە گەورەی گروپەکەیان گەڕاندەوە بۆ نەبوونی شوێنێکی تایبەت بە پرۆڤەکردن کە ئەمەش کاریگەری کردۆتە سەر کارەکانیان.
سەرەتای دەستپێکردنی گروپی کچان لە دووەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی گەنج کە لەلایەن سەنتەری ئاسوودە بەڕێوەدەچێت بە گۆرانییەکی کوردی فۆلکلۆری بوو، بەشداری هونەری دووەمی گروپەکەش لە ٨ ی مارس دەبێت لە چاڵاکییەکی وەزارەتی ڕۆشنبیری (چاڵاکی خانمان) بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان.
گروپی کچان لە ئایندە بینەری کورد لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە بە کلیپ ئاشنا دەکات و لەم کاتەی ئێستاشدا چەند پڕۆژەیەکیان لە ژێر دەستدا هەیە و زوو جێبەجێکردنی کلیپ یاخود پڕۆژەکانیش دەگەڕێتەوە سەر دابینکردنی شوێنی تایبەت بۆیان بۆ پڕۆڤەکردن بۆ ئەوەی کارە هونەرییەکانیان تیادا ئەنجام بدەن
لە کۆتاییدا دەستەی دامەزرێنەری گروپی کچان سوپاسگوزاری خۆیان ئاراستەی حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی بەڕێز سۆران لێپرسراوی هونەری و نێردراوی بەڕێز د.بەرهەم ساڵح کرد وە بۆ بەڕێز سیروان گەردی لێپرسراوی سەنتەری ئاسوودە و بەڕێز ئاراس بەکر لێپرسروای کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردی لقی هەولێر کە دەرگای شوێنەکانیان بۆ ئاوەڵا کردن. هەروەها سوپاسێکی بێ پایانیش بۆ هەڤال شاڵاو کۆسرەت و پشتیوان سادق کرد بۆ دەرخستنی هاوکاریکردنیان. هەروەها هەموو ئەم بەڕێزانەش کە ناویان لێرە نەهێنراوە سوپاسگوزارن بۆیان و داوای لێبووردن دەکەن لەم هەموو بەڕێزانە و هەڵوێستەکانیان بە بەرز دەنرخێنن.
ماوە بڵێین گروپی کچان لە شاری هەولێر لە ١٥-٠١-٢٠١٢ مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە.