وشیار ئەحمەد ئەسوەد : ئەوەی شوێنی سەرنجە، ئەوان ئەوەندەی خۆیان سەرقاڵی کارکردن کردووە، کەمتر دەدوێن، واتە پێدەچێ ئەوەیان کردبێتە پرەنسیپ کە لە ڕێگەی کارەکانیانەوە قسە لەسەر داهێنان لە شانۆدا بکەن، بەڕاست ئەمەیش شیاوی لەسەر وەستانە، چونکە ئەوەی تێبینی دەکرێت،
زۆرترین ڕێژەی هونەرمەندانی ئێمە پتر سەلیقەی خۆدەرخستن لە ڕێگەی قسەکردنەوە گۆش دەکەن، بۆیە ئەوەندەی باس لە تەنگژەی شانۆی کوردی دەکرێت، کەمتر ئاماژە بەپەیام دەکەن.
(کارۆخی ئیبراهیم حەکیم) کە نووسەر و دەرهێنەری شانۆگەریی “سێوەکەی خۆم” بەرهەمی ساڵی گرووپەکەیان “گرووپی گەنج بۆ شانۆ”یە، لە پرسی تەنگژەی شانۆدا پێی گوتم “شتێک نییە بەناوی تەنگژەی شانۆوە، ئەوەی هەیە تەنگژەی پەیامە نەک خودی شانۆ بەتەواوی توخمەکانیەوە”.. ئەگەر لێی ورد بینەوە، ئەم بۆچوونە بایەخدانێکی ڕژد بەپەیام دەگەیەنێت، وا دەزانم هەمووشمان کۆکین لەسەر ئەوەی هەر کەسێک بیەوێ پەیامێکی هونەری بگەیەنێت، پێویستی بەپراکتیزەکردنی کارەکان دەبێت، واتە لە ڕێگەی کردەنییەوە دەتوانێ پەیامە ڕاستینەکەی بەخەڵک بگەیەنێت نەک درێژدادڕی لە گوتن.
ئەمە دروست ئەو هەڵوێستەیە کە “گرووپی گەنج بۆ شانۆ” لە هەولێردا بەنمایشکردنی شانۆگەریی “سێوەکەی خۆم” پێشانی ئێمەیان دا.. خۆ ئەگەر بۆ کەسێکی وەک منیش ئەستەم بێت تەواوی توخمەکانی شانۆ لەو شانۆگەرییەدا بخەمە بەر قەڵەمی ڕەخنەوە، بەڵام ئەوەیان بۆ ئێمەمانان ئەستەم نابێت هونەری بزاوی جەستەی ئەکتەر لە شانۆگەرییەکەدا بخوێنینەوە، یان ئاسانتر دەتوانین پڕبایەخکردنی دیکۆری شانۆگەرییەکە بخوێنینەوە کە لە کوردستاندا ئەم بایەخدانە گرینگە بەدیکۆر وەک ئەوەی لە “سێوەکەی خۆم”دا بینیمان ئەستەمە، ئەمانە و جیا لەوەی دەقی شانۆگەرییەکە کە پێوەستە بەپاشماوەکانی شەڕ و وەرگرتنی دیوە کۆمەڵایەتییەکەی وەک هێما، خوێندنەوەیان بۆ کەسانی بەئاگا لە دۆخە ڕۆشنبیرییەکە (مەبەستم ڕۆشنبیریی گشتییە) ئەستەم نابن، چونکە لەو شانۆگەرییەدا کۆمەڵێک تابلۆمان پێشان درا، هەریەک لەوان بەشێوەی تابلۆ شێوەکارییە پڕ هێماکان خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرن، واتە دەکرێ جیا لە چیرۆکی شانۆگەرییەکە، هاوکات هەریەکە بەپێی تێگەیشتنی خۆی خوێندنەوەی بۆ بکات بێئەوەی بەهەڵەشدا چووبێت.. ئەو شانۆگەرییە کە باس لە کێشەگەلێکی پاشماوەکانی شەڕ دەکات و دیوە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەی وەردەگرێت، تۆ دەتوانی دیوی خیانەت و توندوتیژییەکەی بەرامبەر بە ژن وەربگریت و خوێندنەوەی جیای بۆ بکەیت، یان دیوە ئابوورییەکەی بخوێنیتەوە کاتێک سەرمایەدارێک هەوڵی کڕینی جەستەی ئافرەتێکی بێ گیان دەدات، ئەمانە و زۆر ڕەهەندی تر دەکرێ تۆ لە “سێوەکەی خۆم”دا بیانخوێنیتەوە، یان وەک داهێنانێک لە هونەری شانۆدا چێژیان لێوەربگریت.
وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، کاری من نییە شانۆگەرییەکە ڕەخنە بکەم و هەموو دیوەکانی وەربگرم و خوێندنەوەی جیایان بۆ بکەم، ئەوەندەی کاری من و هەموومانە و دەخوازێ لە ڕێگەیەوە دیسان چۆڵیی هۆڵەکانی شانۆ لەبەرچاو بگرین و بیخەینە بەر ئاماژەوە.
ئەدی خۆ ئەوە گەلێک سەیرە! لەلایەکەوە باس لە تەنگژەی شانۆ و بینەری شانۆ و چۆڵیی هۆڵەکان دەکرێت، لەلایەکی دیکەیشەوە کە دەمانەوێ سەرێک بەهۆڵی گەلدا بکێشین بۆ دیتنی “سێوەکەی خۆم”، کەچی لەو هۆڵە گەورەیەدا شوێنێکمان دەست نەکەوێت بەئاسان لێی دانیشین، ئەدی ئەگەر بەڕاست تەنگژەی بینەرمان هەبێت، ئەو گەنجانەی هۆڵەکەیان تژی کردبوو بۆچی هاتبوون، ئەوان لە بێکاریدا هاتبوون یان مەبەستیان ڕامانی چەند ساتێک و دیتنی داهێنانی هونەری بوو؟.. لێرەوە دەخوازێ کارەکانی “گرووپی گەنج بۆ شانۆ” بەبایەخ وەربگرین و چیتر ڕێگە بۆ گەنجەکان خۆش بکەین کاری ڕژد بکەن، مەبەستم ئەقڵی گەنجە نەک تەنیا تەمەنی گەنج، ئەدی ئەگەر بیرکردنەوە بەئەقڵی گەنج نەبێت، (سەلام کۆیی) کە نەوەی پێشتری هونەرمەندە بەشدارەکانی شانۆگەرییەکەیە، چۆن دەتوانێت ئاوێتە بەکاری گەنج و بیرکردنەوەی گەنج و تەنانەت بابەت و دیالۆگی گەنج بێت، بەڕاست (سەلام کۆیی)ش گەنجبوونی خۆی لە “سێوەکەی خۆم”دا سەلماند.
من ناچمە ناو شەڕی شارەکانەوە، مەبەستیشم نییە ئەو دیوە وەربگرم، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ ئەمڕۆ لە ئاماژەکاندا داهێنان لە شانۆیان لە شارێکدا قەتیس کردووە، واتە بەپێی ژمارەیەکی زۆر لە بۆچوونەکان زۆربەی کارە گەنجەکان لە سلێمانییەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەمە لەبەر ئەوە نییە کە گەنجانی شارەکانی دیکە توانایان بەسەر نوێکارییەکاندا ناشکێت، دەمەوێ بەڕاشکاوی بڵێم ڕاستە ململانێی نەوەکان لە تەواوی ژیان و هەموو شوێنەکاندا بوونی هەیە، بەڵام ئەگەر وەک ڕێژەیش وەریبگرین، داهێنان لەو شوێنانەدا کەمتر دەردەکەون کە مێژوویەکی کۆنیان لە ململانێی نەوەکاندا نییە، ئەمە بەو واتایە نییە ململانێکە لە شارێکی وەک سلێمانی کاڵ بووبێتەوە، بەڵام وا دەزانم هەموو کۆکین لەسەر ئەوەی شەڕی نێوان گەنج و پیر لەو شارەدا مێژوویەکی درێژتری هەیە، ئەمە وا دەکات دەرفەت بۆ بینای داهێنان ئاسانتر چنگ بکەوێت، ئەمەیان لە شارەکانی دیکەی کوردستاندا درەنگتر دەستی پێکرد، بۆیە زۆرن ئەوانەی بەو شێوەیەی لێکدەدەنەوە کە سەرچاوەی داهێنانەکان بۆ شارێک یان شوێنێکی دیاریکراو بگەڕێننەوە.
من دەڵێم دروستبوونی “گرووپی گەنج بۆ شانۆ” لە هەولێر و هونەرمەندێلێکی وەک (کارۆخی ئیبراهیم حەکیم) و هاوڕێکانی، لە ئەنجامی ململانێکەوەیە، ئەو ململانێیەیش تا ئەو ئاستە سوودمەند دەبێت کە تواناکان سەرهەڵدەدەن، پاشان دەهێنێ ڕێگەکانیان بۆ خۆش بکرێت، ڕێگە خۆشکردن نەک لەلای نەوەی پێشترەوە، چونکە ململانێکە بەپێی یاساکانی ژیان بەردەوامیی دەبێت، بگرە ئەرکی حکوومەتە ڕێگەکانی بەردەمیان لە دڕک و داڵ خاوێن بکاتەوە.
پێدەچێ ئەم گرووپە جۆرە خوێنگەرمییەکیان بۆ کارەکانیان هەبێت، بۆیە توانیویانە لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمی تەمەنیاندا جەماوەرێکی فرە لە گەنجان لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە، بەڕاست ئەو جەماوەرە سەروەتی گرووپەکەیە، لەوەش پتر دەهێنێ دەست بەسەروەتەکەوە بگیرێت، یان گەشەی پتری پێبدرێت، ئەمەیش لە دیوێکدا بۆ هەوڵە بەردەوام و شەونخوونییەکانی خۆیان دەگەڕێتەوە، بەدیوەکەی تردا چاوکراوەیی لایەنە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی پێدەوێت.. دەی بابزانین وەزارەتی ڕۆشنبیری کەی بن هەنگڵی خۆی بۆ ئەم گرووپە گەنجە دەخورێنێ.
دیسان دەهێنێ ئەوە بخەینە بەر ئاماژەوە شانۆگەریی (سێوەکەی خۆم) کە لەم ماوەیەی دواییدا لە هەولێر نمایش کرا، لە نووسین و دەرهێنانی (کارۆخی ئیبراهیم حەکیم)ە، وەک لە ڤۆڵدەری شانۆگەرییەکەشدا هاتووە، پێشکەشیان کردووە بەگیانی (سەفوەت جەڕاح)ی هونەرمەندی کۆچکردوو و (مزەفەر شاکر)ی هاوڕێی هەمیشەیی کەلاوە جوانەکەی شار.
ئەکتەرەکان لەم شانۆگەرییەدا پێکهاتبوون لە (سەلام کۆیی- سایە حوسێن- بەهمەن حاجی- سامان عومەر- مەزهەر ئیبراهیم- هەردی ئەنوەر شێخانی)، یاریدەدەری دەرهێنەریش (کاریان شێرک و ڕەگەز جاف) بوون و (شوان کاوە)یش وەک بەڕێوەبەری شانۆ کاری لەگەڵ ستافەکەدا کردووە.