دیـــدار نانەکەلــی : وەرگێران لەھەموو لایەن و بوارەکانیدا چەندین کۆسپ و ئەستەمی دێتە رێ کە چەند ئەوەندەی کاری ئاسایی خۆی باری وەرگێڕ قورستردەکات. یەکێک لە گرفتەکانی وەرگێڕان، جیاوازی کەللتوری نێوان زمانەکانە.
وەرگێڕان لە عیبریەوە بۆ عەرەبی، یان لە فەڕەنسیەوە بۆ ئینگلیزی بەھۆی لێک نزیکبوونی کەللتوور و شارستانیەتی ھەردوو ووڵات زۆر زەحمەت و دژوار نیە. بەڵام وەرگێڕان لە ئەڵمانیەوە بۆ ھەنگاری و سویدی و فینلەندی لەگەڵ ئەوەش کە لەباری فەرھەنگ و کەللتوورەوە لە زۆر لایەنەوە لێک نزیکن زەحمەتە، چونکە ئەڵمانی و سویدی لە ڕەچەلەکی زمانی ھیندۆئەوروپایین. بەڵام زمانەکانی فینلەندی و ھەنگاری سەرچاوەی جیاواز لە ھیندۆ ئەوروپاییان ھەیە و زیاتر لە رەچەلەکی تورکیەوە نزیکن.
کاتێکیش کە ھەم کەللتوور و ھەم زمان ھەردووک لێک دووربن وەکو کوردی و ئینگلیزی، ئەوکات گیروگرفتەکان چەند بەرامبەردەبن و ئەرکی وەگێڕ قورستر دەبیَِت. گیروگرفتی زمان دەگەڕێتەوە بۆ شوێن و کات و ھەڵکەوتەکەی، چونکە ھەروەک سیدنی ئەلیکساندەر وەرگێڕی بەناوبانگی زمانی ئیتاڵی ووتویەتی :” زمانەکان تەنھا کۆمەلێک ووشە بۆ خزمەتی سومبولەکان نین، بەڵکو بریتین لە شێوە جیاوازەکانی رووانین لە جیھان. ئەوان کاری فۆرم پێبەخشین و دەربڕینی تایبەتمەندی و نەریتی میللەتانیان پێدەکرێت ”
کەواتە تێگەیشتنی جیاوازیە ووردەکانی نێوان ووشەکان، پێویستی بە ھۆشیاری و وردبینی و ھەستیاری ھەیە. ھەربۆیە لەنێو وەرگێڕکاندا ووتەیەکەک ھەیە کە دەڵێت ” ووشەکان وەک دەستە کلیلێک وان ، ھەندێک لەوان بەھیچ جۆرێک ناچنە نێو قفل و ھەندێکیشیان دەچنە ناو قفل و بەڵام دەرگاکانیان پێناکرێتەوە،بەڵام بەشێک لەو کلیلانە دەچنە قفل و دەرگاکانیش دەکەنەوە”
کلیلی راست ئەو ووشەیەیە کە دەبێ لە بێژینگی جیاوازیە ووردەکان تێپەڕبووبێت و بیرکردنەوەی ئەدەبی ئامادەی وەرگێر بەکاربخات.
جاری وایە ووشە واتا دەبەخشێت بەڵام لە شوێنی تایبەت بەخۆیدا سوودی لێوەرنەگیراوە. بۆنموونە دۆستانە و ئاشقانە لە واتادا لێک نزیکن بەڵام بەھۆی ئەوەی کە ووشەکان لە باری سۆز و ئەخلاق و ھێز و تواناو مەیدانی کەلک لێوەرگرتنیان یەک نین، ھەرکات لەجیاتی یەکتر بەکاربێن، جیاوازیەکان دەردەکەون و ئاشکرادەبن.
بەشێوەیەکی گشتی کۆسپ و گرفتی گەورەی وەرگێڕ لەو جیاوازیانەدایە کە لەنێوان کارکردنی خۆی لەگەڵ نوسەردا ھەیەتی. ئەوەی نووسەرێک دەینووسێ خۆی لە خۆیدا وەرگێرانی ئەو بیرۆکانەیە کە بە مێشکیدا دێت. بەڵام ھێزی خەیاڵی نووسەر لە چۆنیەتی وەرگێڕانکەیدا دەستی کراوەیە.
بەڵام وەرگێڕێک ھەتا خودان توانا و لێھاتوویەکی زۆر بەھێز و باش بێت تەنیا دەتوانێت خۆی بە خەیال و بیرکردنەوەی نووسەرەوە ببەستێتەوە بۆیە وەگێڕ ھیچ کات لە کارکردنی دەقی ئەدەبیدا ھیچ کات ئازاد نیە و دەستی بە دەستی نووسەرەوە بەستراوەتەوە.چونکە ئەگەر وەرگێر نیازی تێکەڵاوکردنی بیر و خەیالی خۆی ھەبێت لە دەقێکدا کە جیاوازبێت لە مەبەستی نووسەری بابەتەکە ئەوا ھەڵەیەکی زۆر گەورە دەکات و کارەکەی ناچێتە خانەی وەرگێڕانەوە.چونکە وەرگێڕان بۆخۆی بریتیە لە دۆزینەوەیەکی داھێنەرانە.