کەم نین چیرۆکى ئەو ئافرەتانەى کە بوونەتە قوربانى دەمارگیرى پیاوانء دەبینین سەرتاپاى ژیانى ژنێک هەمووى دەبێتە ناخۆشى و دەرد و مەینەتى، چییە ئەوە پیاو قسەى کردووە!. هەروەک گووتمان زۆر چیرۆکى لەم چەشنە هەن کە تائێستاش بەردەوامن دووبارە دەبنەوە ئەوەى بۆ ئەم مانگەمان ئامادە کردووە چیرۆکێکى لەم چەشنەیە کە لەم ساڵانەى دوایدا ڕوویداوە کە زیاتر ئەم واقیعەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، ئەم بەسەرهاتەش بەسەر ئافرەتێکى بیست و دوو ساڵانەدا هاتبوو کەناوى مەنیج بوو.
مەنیج چەند ساڵ بوو لەگەڵ کوڕێک بە ناوى مەریوان پەیوەندى خۆشەویستیان هەبوو کە کەس بەم پەیوەندییە نازانێ تەنانەت کەس بەخەیاڵیدا نەدەهات ئەم دووانە پەیوەندییان هەبێ. خۆیان زۆر بەنادیارى پیشان دەدا ئەمەش زیاتر دەگەڕایەوە بۆ ئاقڵمەندییەتى هەردووکیان و زانینى ئەو باروودۆخە کۆمەڵایەتییە. بێگومان پەیوەندى ئاواش هەمیشە پەل دەکێشێ بۆ هاوسەرگیرى بۆ ئەم مەبەستە، مەریوان کەسوکارى دەنێرێتە داخوازى مەنیج تاخەونى ئەم جووتە عاشقە بەدیبێ بەرى چەند ساڵەیان ببیننەوە، بەڵام واقیعەکە شتێکى دیکە بوو کە بە خەیاڵى کەسدا نەداهات ئەویش بەرپەچدانەوەى توندى ماڵى باوکى مەنیج بوو زۆر بە ناخۆشى.
بێگوومان ڕەگ داکووتانى خۆشەویستى نێوانییان زیاتر لەمە دەگەیەنێ کە ئەوان هەروا دانیشن بە بێ دەنگى بەبێ هیچ هەوڵێک هەر چاو لە دەستى ئەوان بن، هەر ئەم هاندانەش وایان لێدەکات مەریوان ڕاستەوخۆ دواى ئەم ڕەتکردنەوەیە بچێتە لاى برایەکى مەنیج هیچ کات ئەمە لەمەریوان نەدەوەشایەوە کە ئەم کارە بکات. چونکە بەمە چاکتر سەلماندى کە پێشتر پەیوەندى لەگەڵ مەنیج هەبووە. کە دەچێتە لاى براى مەنیج یەکەم قسەى ئەوەیە بۆ مەنیجم نادەنێ من عەیبم چییە؟ براى مەنیجیش ڕقى هەڵدەستێ و بەتووندى دەڵێ مەنیج حساب بۆ تۆ ناکات ء هەروەها ئێمەش تۆ بە پیاو نازانین .
چوونى مەریوان بۆ لاى براى مەنیج وئەم قسەکردنەى مەریوان و وەڵامى براى مەنیج کە بێ ڕێزى تێدابوو بۆ مەریوان سەرەتایەک بوو بۆ ڕق وکینە لە نێوانیان بۆ پێداگرى مەریوان لەسەر خواستنى مەنیج و پێداگرى براکانى مەنیج لە سەر ئەوەى هەرگیز مەنیج نەدەن بە مەریوان. مەسەلەکە بوو بە قەزییەکى سەرەکى لەنێوانییان، مەریوان بەردەوام هەر خەڵکى بەسەر ماڵى مەنیج دەکرد بە جۆرێک هەراسانى کردبوون.
کەماڵى مەنیج بە تایبەتى براکانى ئەم ڕەفتارانەى مەریوانیان بە سووکایەتی و ئیهانەکردن دادەنا. بۆیە ئەوانیش هەر چەند جارەى داخوازى مەنیج دەکرا توندتر بەرپەرچیان دەدایەوە، ئەم بەزمە تا دوو سێ ساڵان درێژەى کێشا زۆرلە کەسوکارى مەریوان بەمەریوانیان دەگوت جوانترین و باشترین کچت بۆ دەدۆزینەوە بەس تۆ واز لە مەنیج بهێنە بادووژمنایەتى لە نێوانمان درووست نەبێ. بەڵام مەریوان بە جۆرێک حەماسەت گرتبوى کە ئەم قسانە هیچ بایەخێکیان نەدەهێنا بەردەوام دەیگووتء دەیگوتەوە ئەوان منیان پێ پیاو نییە، بەڵام بزانن چۆن مەنیجیان لێ دەسێنم. کار دەگات بەوەى پیاوانى گەورەو بەدەسەڵات بنێرێتە داخوازى، بەڵام دیسان ڕەتکردنەوە تەنانەت بە داخوازیکەرەکان دەڵێن مەریوان خوێڕیە و کچى نادەینێ. بێگومان ئەم قسەیە بۆ سەر خودى مەریوان زۆر خراپەو جگە لە وەش زیاتر مەریوان پێداگرتردەکات لەسەر بە دەستهێنانى مەنیج.
دەکرێ بڵێین مەسەلەکە لاى مەریوان بوو بەمەسەلەیەکى ڕقء دەمارگیرى تا مەسەلەیەکى خۆشەویستى بەمانایەکى دى هەوڵى مەریوان وای لێهاتبوو زیاتر بەدەستهێنانى مەنیج بێ بۆ ئەوەى ئازایەتى خۆى پیشانبدات نەک لەبەرئەوەى خۆشى دەوێ. مەنیج هەم پابەند بەقسەى براکانیەتى و هەم پابەند بە عەهدوو بەلێنەکانییەتى، ئەم هەڵوێستەى مەنیج زۆر ئاقڵانەیە کە هاوسەنگى ڕاگرتووە لەنێوان هەردوولادا، لەناخ ودڵى خۆیدا خۆى بۆ مەریوان داناوە، بەڵام لە واقیعدا جۆرێکى دیکەیە کە هیچ کەس هەستى پێ ناکات، جگە لەمەریوان کە بەنیازو ڕازى دڵى ئاگادارە. هەروەک گووتمان ماڵەوەیان ئەم پێداگرییەى مەریوانیان بە ئیهانەکردن دادەنا بۆیە ئینزارى مەریوان دەکەن دەڵین جارێکى دیکە کەس بنێرییە داخوازى مەنیج شکاتت لێدەکەین. ئەوەبوو بۆ جارێکى دیکە بێ گوێدانە قسەى براکانى مەنیج چەند کەسێکى دیکە دەنێرێتە داخوازى مەنیج، براکانى مەنیجیش شکایەتى لێ دەکەن و بەتۆمەتى ئەوەى سوکایەتى بە بنەماڵەیان دەکات، ئەوەبوو بۆ ماوەیەک لەزیندانى دەکەن.
دەبوایە براکانى کچەکە بەم واقیعەیان زانیبا کە ئەم بەرپەرچدانەوەیە بە تووندى زۆر زیاتر مەریوان هاندەدات تەنانەت ڕقیشى ئەستوور دەکات، براکانى مەنیج وایاندەزانى بەم تووندڕەوییەیان مەریوان دەستبەردارى مەنیج دەبێ، نەخێر بە پێچەوانەوە زیاتر مەریوان سورتر دەبوو لە سەر داواکەى. دواى ئەوەى مەریوان ئازاد دەکرێ، وا دیار بوو هەر لە زیندان پیلانى داڕشتبێ بۆیە دوو ڕۆژ دواى ئازادکردنى هەڵدەستێ بە ناردنى چەند داخوازیکەرى دیکە، ئەمجارەش هەر ڕەت دەکرێتەوە، مەریوان لێرەدا بێ ئەقڵ دەبێ ڕِێگەیەکى ناشیاو دەگرێتەبەر ئەویش بۆ یەکەمجار باسى ئەوە دەکات کە لەگەڵ مەنیج یەکتریان خۆشویستووە ئەم قسەیەش بڵاودەبێتەوە دەچێتەوە بەردەمى براکانى مەنیج، ئەوانیش هەموویان خۆیان ئامادەکەن بۆ ئەوەى مەریوان تەمێ بکەن.
بەڵام بەهەول َو هیمەتى خزم و کەسوکارى براکانى مەنیج ئاوێک بەم ئاگرە دەکەن هەرچۆنێک بێت قەناعەت بەبراکانى مەنیج دەکەن کە مەنیج بدەن بە مەریوان بۆیە دواجار کە مەریوان دەنێرێتە داخوازى مەنیج براکانیشى دیدەنێ، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ ئەو کاتەش براکانى مەنیج لەسیمایاندا دەتخوێندەوە کە ڕازى نین و بەم تێکەڵاوبونەش خۆشحاڵ نین. لە ماوەى دوو مانگدا مەنیج دەگوازرێتەوە. شایەنى باسە پەیوەندى نێوان براکانى مەنیجء مەریوان زۆر سارد دەبێت، دواى چەند مانگێک پێکەوە ژیانى مەریوان و مەنیج کە هیچ کەسێک بڕوا ناکات مەریوان بەم چەشنە بگۆڕێ ئەم شتە سەیرەش کە مەریوان قەوماندى ئەوەبوو بێ هیچ هۆیەک مەنیجى ناردەوە ماڵى باوکى. کەواتە ئەم زوخاوە هێشتاش بەردەوامە لە دڵى مەریوان کە زۆربەى بۆ ئەوە دەگەڕایەوە مەریوان زۆر شکاوە لە ناو خەڵکیدا کە براکانى مەنیج پێانگووتوە خوێڕى و ناپیاوە تەنانەت زۆر کەس هەر لە قسەى ئەوانەوە مەریوانى بە ناپیاو حساب کردوە. ئەو کاتەى مەنیج دەڕواتەوە ماڵى باوکى کەبراکانى بۆ مەریوان دەچن. مەریوان پێیان دەڵێ لەبەر ئەوەى خوێڕیء ناپیاوم مەنیجم ناردۆتەوە. بەم شێوەیە مەنیج بوو بە قوربانى ڕەقى و تۆڵە و دەمارگیرى براکانی و مەریوان کە تەنیا تاوانیشى هەر ئەوە بوو بەڵێنێکى پاکانەى بە مەریواندا، مەریوانیش تێکەڵ بەڕق و تۆڵەى کرد، لە هەمووشى ناخۆشتر ئەوەیە تا ئێستا مەریوان نە ئامادەیە مەنیج تەڵاق بدات نە دەیباتەوە لاى خۆشى.