سینەماکاری جیھان “گۆستاو گاواراس” و سینەماکاری ناوداری کورد “بەھمەن قوبادی” بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ٦٠مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانی لە رکابەریدان.
لە پاش سەرکەوتنی فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” Rhino Season دوایین بەرھەمی سینەماکاری ناودار و بەئەزموونی کورد “بەھمەن قوبادی” لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرێنتۆ” لە وڵاتی کەنەدا و پێشوازی زۆربەی رخنەگرانی سینەمای جیھان، لەم فیلمە و ھەروەھا نووسینی ڕخنەی پۆزێتێڤ لە پەیوەندی لەگەڵ بنەمای شاعیرانەی ئەم فیلمە، بەھمەن قوبادی، مۆنیکا بێلوچی، بێھرووز وسووقی، بێلجین بێلگین و ئاڕش لەباف ئێستاکە لە ٦٠مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سباستییانی ئیسپانی ئامادەن بۆ ئەوەی کە ئەم فیلمە لەم فیستیڤاڵە گرنگەی جیھانی سینەما نمایش بکرێت.
٦٠مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییان چەند رۆژە کە بە ئامادەبوونی سینەماکارانی ناوداری جیھان و نمایشی فیلمەکانیان دەستی پێکردووە و فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” لە رۆژانی ٢٦ و ٢٧ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٢ لەم فیستیڤاڵە نمایشکرا و لە لایەن ڕخنەگرانی سینەما، رۆژنامەنووسان و بینەرانەوە پێشوازی لێکرا.
“وەرزی کەرکەدەن” کە لە بەشی تایبەتی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سباستییان وەرگیراوە، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی گرینگی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ، لەگەڵ بەرھەمی سینەماکارانی گەورەی جیھان لە رکابەریدایە.
بەشی پێشبڕکێی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییان کە یەکێکە لە فیستیڤاڵە بەرچاوە و گرینگەکانی سینەما، ئەمساڵ خانەخێوی فیلمەگەلێکە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان کە خاوەنی شێوازی تایبەت بە خۆیانن، لەوانە: وڵاتانی ئیسپانیا، ئەرژانتین، ئەمەریکای باشوور و ئەورووپای رۆژئاوا، کە ھەر ئەوانە بۆتە ھۆی ئەوەی کە رکابەری فیلمەکەی قوبادی لەم بەشەدا سەختتربێت.
سان سێباستییان ئەمساڵ لە لایەکەوە ناوی یەکێک لە دەرھێنەرە گەورە و ناودارەکانی ئێران و کوردستان و ھەروەھا لە لایەکی دیکەشەوە ناوی سینەماکاران و ئەکتەرە ناودارەکانی جیھان لەگەڵیدا ھاوڕێیەوە، لەوانە: پێنێ لە پە کرووز، بێن ئەفلاک، مۆنیکا بلووچی، بێھرووز وسووقی و ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئیسپانیا، چین، فەڕەنسا، کەنەدا، سوێد، ئێران و چەندین وڵاتی دیکە و ھەروەھا کۆمەڵێک دەرھێنەر، لەوانە: داستین ھافمەن، نیکۆلاس جارسکی، گۆستاو گاواراس، خاوییەر رۆبێرۆ، سێرجیۆ کاستۆ، سینەماکاری کورد بەھەمەن قوبادی و چەندین دەرھێنەری دیکە.
فیلمی سینەمایی “وەرزی کەرکەدەن” دوایین بەرھەمی بەھمەن قوبادی لە ولاتی تورکیا و دەرەوەی ئێرانە کە کردنەوەی درگایەکی نوێیە بۆ فیلمسازانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات.
“وەرزی کەرکەدەن” دوای بەشداری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییان، بەرەو چەندین فیستیڤاڵی گرینگی جیھانی سەفەر دەکات تا ئەم سینەماکارە بەناوبانگە کوردە بە دوایین بەرھەمی خۆی، نەفەسێکی نوێی بە سینەمای ئێران لە دەرەوەی وڵات ببەخشێت.
جێی وەبیرھێنانەوەیە بەھمەن قوبادی لە ساڵانی ڕابردوودا بە فیلمی سینەمایی “کیسەڵەکانیش دەفڕن” و ھەروەھا فیلمی سینەمایی “نیوە مانگ” دوو خەڵاتی سەرەکی سەدەفی زێڕینی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی بەدەستھێناوە.