ھاوکار رسکن: تۆانیمان بۆ یەکەمین جار لەم گەرییە پۆسکارتی کوردی دابھێنین…
(گالەری شاندەر) وەک پێویستییەکی ھەنوکەیی لەھەولێری پایتەخت بۆ شەش ساڵ لەمەوبەر دەگەرێتەوە کە بەھاوکاری پارێزگاری ھەولێر و بەدیراسەکردن و دیزایینکردنی ناوەوەی گالەرییەکە بەسپۆنسۆری (ھاوکار گروپ) بۆ داھێنانی ھونەری، توانرا (گالەری شانەدەر) لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٩ بەشێوەیەکی فەرمی بەرھەمەکانی بەبەشداری ھونەرمەندانی کوردستان و بیانیان لەھەولێری پایتەخت نمایش بکات.
(گالەری شانەدەر) جیاواز لەھەموو گالەرییەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، ھەموو رۆژێک لەگەڵ ھەڵاتنی خۆردا و تا درەنگانی شەو بەبێ ھیچ پشووێکی فەرمی و نەتەوەیی لەلایەن ستاف و کارمەندانییەوە لەپێشوازی ھونەرمەندان و میوانانی ناوخۆیی و بیانیان دایە. تێپەربوونی سێ ساڵ بەسەر گالەرییەکەمان چەندین دەسکەوتی معنەوی بەدەست ھێنا. (ھاوکار رسکن) بەریوەبەری گەلەرییەکە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ھەولێر وەلامی چەند پرسیارێکی دایەوە.
*ئەو بابەتە ھونەرییانە چین کە لەم گەلەرییە نمایش دەکرێن؟
— ئەوەی لە کاتی ئێستادا کاری لەسەر دەکەین ئەو بابەتە ھونەرییانەی لەخۆی گرتووە کە لە نێو ھونەری شێوەکاریدا ھەن وەک تابلۆ و پەیکەر و سیرامیک، لە ڕووی شێواز و اسبلوبی ئیش کردنەوە ھەموو جۆرێکی تێدایەوە وەکو واقیعی و سریالی چەندانی دیکە، ھەروەھا ھەوڵمان داوە بە پێی چێژی ئەو میوانانەی کە سەردانمان دەکەن بەرھەمە ھونەرییەکان ئامادە بکەین.
* لە ڕووی نرخەوە تا چەند ھەوڵتان داوە باری گوزەرانی ئابووری خەڵکی بکەن؟
— بەخۆشیالیەوە تاوەکو ئێستا توانرا لەم گەلەرییە نزیکەی (٥٠٠٠) ھەزار تابلۆ بفرۆشرێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەوە دەگەیەنێت کە نرخی تابلۆکانمان زۆر گرانین، لە توانای ھەموو کەسێکدا ھەیە کە بیکرێت بەلام رەنگە جیاوازیش ھەبێت لە نرخی تابلۆیەک بۆ تابلۆیەکی دیکە، ئەمەش دەگەرێتەوە سەر ئەوەی کە ھەندێکیان کوالیتیان بەرزەو زۆر لە بە پرۆفیشنالانە دروست کراون.
*ئەو دەسکەوتانە چی بوون کە گەلەری شاندەر لە ماوەی چەند ساڵەی رابردوو وەدەستی ھێنان؟؟
لە ماوەی کارکرنمان توانیمان رۆلی لینکێک ببینین بۆ گواستنەوەی تابلۆکان لە ھۆڵەکان بۆ ناو ماڵەکان، ھەروەھا گەلەرییەکە بە سەدان نمایشی جۆراوجۆری ھونەرمەندانی کورد و بیانی بەرێوەبردووە و رێژەی ٥٠% نمایشەکان بە یارمەتی و سپۆنسۆری (ھاوکار گروپ پردی ھونەری کوردی) بووە. زیاتر لە سەدان پارچەی ھونەری ھەرزان و دانسقەی لێفرۆشراوە و قازانجەکەی ھەمووی دراوەتەوە خاوەنەکانیان و لە ئێستاشدا بۆ بەردەوام بوونی گالەری ناوبراو ڕێژەی ١٢% پارەی بەرھەمەکە بۆ رێکخستنەوەی گالەری دەبێت. دیارە لەسەرەتاوە تا ئەمرۆ تێچووی بەردەوامییەکەی لەلایەن منەوە بۆ خزمەتی ھونەری ئەم شارە دێرنە دابین کراوە،
*خەڵکی کوردستان تا ئەزموونی سەردانی گەلەری ھونەرییان ھەیە؟
لایەنێکی ھەرە گرنگی تر کە پێویستە لێرەوە باسی بکەم، ئەم وتەیەی خوالێخۆشبوو (پ. د. محمد عارف) بوو. کە دەیگوت ” گەلی ئێمەش پێوستی بەچێَژی بینین ھەیە”. ئەوەتا ئێستا دەبینین کە ھاوڵاتیانی کوردستان چەندە بە تامەزرۆییەوە دێنە نێو گالەرییەکەمان و دڵخۆشی خۆیان دەردەبرن و گەلێکیشیان بەھۆی نەبوونی ئەزموونی نێو چوونە گالەریان لەسەرەتادا نامۆ بوون و لە ئێستاشدا ھەفتانە و مانگانە سەردانمان دەکەن و رێژەی دیدەنیانی گالەرییەکەمان زۆر بەرزە بەتایبەت لە وەرزە خۆشەکانی کوردستان و لەماوەی رابردووشدا زیاتر لە (١,٠٠٠,٠٠٠) گەشتیار و میوانی منداڵ و مام ناوەندی و بەساڵاچوو و ھونەرمەندی کورد و بیانی سەردانیان کردووین.
* میوانی بێگانەکان ڕایان بەرامبەر گەلەرییەکی لەم شێوەیە چییە ؟
لەماوەی ٣ ساڵ کرانەوەی ئەم گەلەرییە ژمارەیەکی قونسوول و بەرپرسی باڵای وڵاتانی دەرەوە سەردانیان کردووین، جۆریک لە سەرسامی خۆیان دەڕبریوە بەرامبەر بەوەی کە کوردستاندا ھۆلێکی گەلەری بەم شێوەیە جوان و پێشکەوتوو ھەیە ھەروەھا سەرسامی خۆشیان بەرامبەر بە دەست و پەنجە ی ھونەرمەندانی کورد دەبریوە.
*بیرۆکەی دروست کردنی پۆسکارتی کوردی چۆن سەری ھەڵدا؟
بۆ یەکەمین جار توانیمان سروشتی کوردستان و شارەکانی کوردستان لە پۆسکارتدا بەرجەستە بکەین، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگبوو ، چونکە دەبینرا میوانێکی زۆر سەردانی کوردستانیان دەکرد و گەلەرییەک نەبوو کە پۆسکارتی تێدا بکڕن، بەلام ئێمە بە خۆشحاڵیەوە یەکەم گروپ بووین بەو کارە ھەڵساین.
ئاریان دەرگەڵەیی