عەبدولغەفار عەبدوڵڵا : گۆرانی، یەکێکە لە لق و پۆپە گرینگ و بەرچاوەکانی ھونەر، گۆرانی ھەر وڵات، یان نەتەوەیەک گەر چووە ئاستێکی باڵا، ھەست دەکرێ لە سەر شاشەی تیڤی و رادیۆ و تەنانەت ئەو بازاڕگە و تۆمارگایانەی ئەلبووم و سیدی گۆرانی دەفرۆشن، بینەر و گوێگر بۆ خۆیان کەمەندکێش دەکەن.
لەم رۆژانە رووم کردە سەنتەری کیژێ لە سلێمانی، کە خاوەنەکەی کاک (کاوان) دۆستێکی دێرینمە، ھەر جارێک رێم دەکەوێتە ئەو شارە، ئەو یەکێکە لەو ھاوڕێیانەم کە دەیبنم. ھەر لە کاتی چوونەژوورەوەم بۆ ئەو سەنتەرە گەورەیە، گوێم لە گۆرانییەکی گۆرانیبێژی عەرەب و بەڕەچەڵەک عێراقی (ھەیسەم یوسف) بوو، بەدەم گاڵتەوە پێم گوت چییە برا گۆرانیی کوردی رەواجی نەماوە، وا ئاوا گۆرانیی عەرەبی بۆ بازاڕ و کڕیارانت نمایش دەکەیت؟ لە بەرسڤی ئەو پرسیارە لەناکوەی مندا، کاوانی خاوەنی کیژێ وتی: برا ئەگەر پێت بڵێم لە ئێستادا گۆرانی کوردیی لە قەیراندایە، ئیتر لەوانەیە ھەندێک لە ھونەرمەندان و ھونەردۆستان پێان ناخۆش بێت. منیش گوتم برا ئێمە رۆژانە لە کۆڕەک تیڤی ھاوکارانمان لە تەنسیق ھەر فریای ئەوە دەکەون گۆرانیی تازەو کلیپی تازە وەربگرن، ئیتر بۆ گۆرانی کوردی لە قەیراندایە؟
ئەو ھاوڕێیەم گوتی دەزانم و ئاگەدارم رۆژانە گۆرانی تازە بە شێوەیەکی بەربڵاو دێتە بەرھەم، بەڵام کام گۆرانی کام دەنگ کام ئاواز و ھۆنراوە ؟!
لەگەڵ ھەموو رێز و حورمەتێکم، بەڵام ئەو گۆرانییانە نابنە مایەی ئەوەی دڵمان خۆشبێت کە گۆرانییەکی تازە دەێتە سەر خەمارنی گۆرانیی کوردی، سەیری ھونەری ھونەرمەندانی وەک: (عەدنان کەریم، زیاد ئەسعەد، ئەیوب عەلی، بەھجەت یەحیا، زەکەریا عەبدوڵڵا، دیاری قەرەداغی، نەریمان بابان) و چەند ھونەرمەندێکی دیکەیش مەکەن، کە ئەوانە پێناسەیەکی دیاریان ھەیە و توانای کاری ھونەریی ئەوانە فرە جیاوازە، بەڵام ئەو گەنجانەی ئێستا بەداخەوە زۆربەیان گۆرانی گوتنیان بە شێوەک ھەڵبژاردووە، کە خۆشیان نازانن چی دەکەن و چی باسە لەناو ئەو دونیا گەورەیەی ھونەردا.
من وەک ئەوەی زۆربەی کات لە کاتی کاری تەلەڤزیۆن، دەبینم ئەو گەنجانە دێن و ھەریەکەیان بەجۆرێک باسی کارەکەی دەکات، زۆرجار لە نزیکەوە لێیان دەپرسم، ئاواز و تێکستی گۆرانییەکەت چۆنە؟ کێ بۆی داناوی؟ کەچی لەوەڵامدا دەڵێت بەکامێری (FD) بە کوالێتی (HD) وێنەمان بۆ گرتووە و ھای کوالێتییە و نزیکەی سێ بۆ چوار ھەزار دۆلاریشم خەرج کردووە، موزیکی گۆرانییەکەیشم لەتورکیا ئامادە کردووە، ئیتر ھەر مەپرسە!
کەچی دوای ئەوەی سەیری کلیپەکەی دەکەیت و گوێ بۆ گۆرانیەکەی رادەدێریت، دەڵێی شەڵڵا ئەو پارەیەت بدایەتە خولێکی راھێنان لەو تورکیایەی کە چووی موزیکی گۆرانییەکەت لێی کردووە، بەڵکوو لەو خولەدا پێیان بگوتیتایە کاکی بەڕێز دەنگی تۆ بۆ گۆرانی ناشێ، ئیتر بەدوای کارێکی دیکەدا بگەڕێیت باشترە! کە دەنگت بۆ گۆرانی ناشێ، ھونەری کوردی مەشێلە.
زۆر بەداخەوە کاتێک سەیری تیڤییەکانی خۆمان دەکەم، دەڵێم باشە دەبێ ھۆکاری چی بێ ئەوەی ئارەزووی ھونەریی ھەبێت، بەتایبەتی لە توێژی گەنجان، یەخەی گۆرانی دەگرن، بۆچی گەنجێک ناچێت یەخەی دەرھێنەرێک بگرێت بڵێ من ئارەزوو دەکەم ببم بە ئەکتەر؟ یان بۆچی ھەوڵی فێربوونی ئامێرێکی موزیک نادەن؟ یانیش ئەگەرَ ببێتە کەسێکی شێوەکار بۆچی خراپە؟ ئەی ئەگەر ھەوڵی ئەوە بدات ببێتە کەسێکی چیرۆکنووس، یان نووسەر و وەرگێڕ، ئیتر ئەوانەیش ھونەر نییە؟ یان ھەر دەرکەوتن لە کلیپێک و ریزکردنی کچان دەبێتە ئەو ھونەرە بێناوەڕۆکەی کە خەڵک و بینەریش بەدیارییەوە تاقەتیان نامێنێت.
بەیانیەکییان لای مام سەید ئەسعەد و کوڕەکانی لە چایخانەکەی نزیک مەچکۆی قەڵای ھەولێر، کە نانی بەیانیان لای ئەو پیاوە بەڕێزە لەززەتێکی تایبەتی ھەیە، گۆرانییەکی ھونەرمەندی ئازیز (عەلی مەردان) لە چایخانەکەی لە یەکێک لە تیڤییەکانەوە گوێبیست بووین، لەناکاو گۆرانییەکی یەکێک لەو گەنجانەی ئێستا ھاتە سەر شاشە و ئیتر ئەوەندە ناخۆش و ناڕێک بوو، مام سەیدی خاوەن چایخانە گوتی: ئەگەر ئێستا مامۆستا (عەلی مەردان) بمایە، نەیدەھێشت ھیچ کامێک لەو گەنجە دەنگناخۆشانە ئەو گۆرانییە بێمانایانە بھێننە بەرھەم، چونکە ئەو ھونەرمەندە کاتی خۆی یەکێک بوو لەو ھونەرمەندە راستگۆیانەی بە ڕاستی بە زۆر کەسی گوتووە، تۆ دەنگت ناخۆشە نابێ گۆرانی بلێیت.
سەیر لەوەدایە، ھەندێک گەنج، دەڵێن گۆرانی مامۆستا عەلی مەردان زیندوو دەکەینەوە، یان ھی حەسەن زیرەک، راستییەکەی گۆرانییەکە خۆی زیندووە و لەو رێگەیەوە دەیەوێ خۆی بە بینەر بناسێنێ، کە ئەمە کارێکی نایاساییشە و دەبێ پرس بە ماڵباتەکەی بکرێت.
دوا وێستگەی نووسینەکەم ئەوەیە، ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (رۆژ کەریم)ـم لەم رۆژانە بینی، پێم گوت چۆنی؟ دەنگوباسی گۆرانی کوردیی چۆنە؟ لەوەڵامدا گوتی: پێم وایە ھەندێکمان واز لە گۆرانیگوتن بھێنین و یەخەی ئەو ھونەرە جوانە بەر دەین باشترەو بۆ گۆرانی کوردیی قازانجە، چونکە وا بڕوات زۆر لە ھونەرمەندە باشەکان واز لە گۆرانی دەھێنن، چونکە ئەستەمە بەو ھەموو گەنجە بەناو گۆرانیبێژانە بگوترێ ھونەرمەند و بەو ھونەرمەندە دەنگخۆش و ڕەسەنانەی ساڵانێکە بە توانەوەی تەمەنیان خزمەتی ھونەری گۆرانی دەکەن، بەوانیش ھەر بڵێن ھونەرمەند، بۆیە پێم وایە ھەندێک لەو گەنجانە ئاستیان باشە و سەری لێ دەدەەکەن، بەڵام زۆربەیان بەداخەوە نازانن چ باسە و خۆیان بە گۆرانیەوە ھەڵواسیوە و ئامانجیان تەنیا ناسینیانە لەلایەن خەڵکەوە.