لەسەر بەرنامەی کوردستان ستارس هەریەک لە کەناڵی کوردستان تیڤی و بەڕێوەبەری کوردستان ستارس (هەڵکەوت زاهیر) ئاگادار دەکرێنەوە بە ڕاگرتنی پەخشی بەرنامەکە.
بە گوێرەی ئەم هۆشداریەی دەست چراتیڤی کەوتووە، هەریەک لە کوردستان تیڤی و هەڵکەوت زاهیر ئاگادارکراوەنەتەوە بە ڕاگرتنی پەخشی بەرنامەکە و ئاماژەکراوە بە خاوەندارێتی کوردستان ستارس بۆ بریکاری دادنووس موزیسیان ئومێد محێدین محەمەد دانیشتووی وڵاتی سوید. هەروەها داواکراوە ئەگەر لە ماوەی ٨ ڕۆژ نەیوەستێنن ئەوە داوای یاسایی بەرامبەریان تۆمار دەکرێت.
لەم بارەیەوە پەیوەندیمان بە خاوەنداری ڕاستەقینەی بەرنامەی کوردستان ستارس بەڕێز ئومێد محێدین کرد پێی ڕاگەیاندین کە ئەوان ڕێگای یاسایی دەگرنە بەر و هەموو شتێک بەیاسا یەکلایی دەکەنەوە.
ئەوەی شایانی باسە کوردستان ستارس لە وڵاتی سویدەوە لە ٢٠١٦ کاری بۆ کراو بە فەرمی لەم وڵاتە و دواتریش لە کوردستان تۆمارکراوە. ئەو کاتیش لە ڕێگای سامی ئەرگوشییەوە پیرۆزبایی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئەو کات بە ستافی کوردستان ستارس گەیەنرا.