مەسعودی مەلا ھەمزە : وەک ھەوڵێکی جوانی ناساندن و تێکەڵکردنی کارەکان، بەشی شێوەکاری پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی ھەولێر بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ناوەندی شێوەکاری لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان پێشانگایەکی ھاوبەشی لاسایی کەڤاڵە جیھانییەکانی بۆ خوێندکارانی قۆناغی چوارەمی بەشی شێوەکاری پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی ھەولێر کردەوە.
ئەم پێشانگایە کە بە ئامادەبوونی تاھیر عەبدوڵڵا جێگری پارێزگاری ھەولێر و دەستەیەک لە ھونەرمەندان و رۆشنبیران لە گەلەری شانەدەری شاری ھەولێر کرایەوە، تێیدا ھەریەک لە خوێندکاران”ئاوارە غازی حاتم، باڵا بێجان عزەت، دابان شوان کەریم، دانا ئیسماعیل محەمەد، رەوەند جەعفەر عوسمان، سۆما جوامێر عەتیە، کەنار خەسرۆ سلێمان، محەمەد مۆفەق محەمەد، ھەڵکەوت محەمەد ئەحمەد، ھیوا شەماڵ عەبدولغەفوور” بە لاساییکردنەوەی تابلۆی جیھانی بەشداربوون تێیداو پێشانگاکەش بووە جێی رەزامەندی ئامادەبووان.
لە لێدوانێکیدا ئەمیر دالی سەرۆکی بەشی شێوەکاری پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی ھەولێر گوتی”بۆ برەودان بە بەھرەو تواناکانی خوێندکارانی بەشی شێوەکاری و ئاشنابوونی زیاتریان بە تابلۆ و کارە جیھانییەکان، خوێندکارانی قۆناغی چوارەممان راسپارد لاسایی کەڤاڵە جیھانییەکان بکەنەوە و بە پێویستیشمانزانی ئەم کارانە لە پێشانگایەکی ھاوبەشدا نمایش بکەین”.
ئەمیر وتیشی”بەردەوام دەبین لەو جۆرە کارانەو بە پێویستی دەزانین لەپاڵ کارکردنی خۆماڵی، خوێندکارانمان لاسایی کەڤاڵە جیھانییەکان بکەنەوە”.