کچە گۆرانیبێژ (کەژێ ھاوتا) لە ئێستادا گۆرانییەکی تازەی تۆمارکردووە، ئەو گۆرانییەی تایبەتەو پێشکەش کردووە، بۆ ئەو رەوشەی ئێستا رووی لە کوردستان کردووە، بەتایبەتی گۆرانییەکە پێشکەشی ئاوارەکانی چیای شەنگال و پێشمەرگەی کوردستان دەکات،
ئەو گۆرانییە بە دەنگی خۆی تۆمار کراوە، ئاوازی گۆرانییەکەی لە لایەن ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) دانراوە، لە لێدوانێکی دا لە بارەی ئەو گۆرانییەو چەند لایەنێک لە کارە ھونەرییەکانی بەم شێوە ھاتە ئاخاوتن.
لە دەستپێکدا (کەژێ ھاوتا ئەسعەد) لە بارەی تۆمارکردنی گۆرانییەکی لەو شێوەیە لەسەر ئەو بارودۆخەی ئێستای کوردستان گوتی : “من لەگەڵ باوکم (محەمەد)ـی برام لە ھەموو ئەو بارودۆخانەی کە بەسەر کوردستاندا ھاتبێت، بە ھونەرەکەمان دەنگمان ھەبووە، خاوەنی چەندیین بەرھەمی نیشتمانی و نەتەوەیین، لە ئێستاشدا نەمان توانی بێدەنگی ھەڵبژێرین بۆیە، بڕیارماندا گۆرانییەکی تازە پێشکەشی ئەو رەوشەی ئێستای کوردستانی بکەین، بەتایبەتی ئەو گۆرانییە پێشکەشی ئاوارەکانی شەنگال و سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەکەین”.
لە بەشێکی قسەکانی دا لە بارەی ناوەرۆکی گۆرانییەکەی گوتیشی : “ئەو گۆرانییە لە ژێر ناوی (لەسایەی ھێزی پێشمەرگە)ـیە،ئاوازەکەی لەلایەن ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) دانراوە، گۆرانییەکە بە دەنگی خۆم گوتراوەو لەلایەن باوکم و (محەمەد)ـی برام ھاوکارم بوون لە تۆمارکردنی گۆرانیەکە”.
دەربارەی بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکەو ئەرکی بەرھەم ھێنانی لەلایەن کام دەزگاو کۆمپانیا لە ئەستۆگیراوە کچە گۆرانیبێژ (کەژێ ھاوتا) گوتی : “ئەو گۆرانییە لەسەر ئەرکی باوکم تۆمارکراوە، سەرجەم خەرجیەکانی لە ئەستۆی ئەو بووە، لەم رۆژانە کاری کلیپی بۆ بە ئەنجام دەگەیندرێت و، پاشان لەسەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن بڵاو دەبێتەوە، بەبێ جیاوازی”.
(کەژێ) کە بەر لە ماوەیەک بەشداریی ئۆلپیادی کرد لە وڵاتی تورکیا لەبارەی ئەو بەشداریی کردنەیەوە گوتی : “بەشداریی کردنم لەو پێشبڕکێە وەک کچە بەھەرەمەندێکی کورد بوو، ھاوڕێ لەگەڵ (محەمەدی) برام، بۆ ئێمە تەجروبەیەکی زۆر باش بوو، چونکە وڵاتی تورکیا خاوەنی ئەزموونێکی زۆرن لەبواری گۆرانی مۆسیقا، دیارە ئاستی گۆرانی گوتنیش لەوێ جیاوازە، ئیتر ھیوادارم ئەو ئەزموونەی لەوێ وەرمان گرتووە، کاریگەری ئەرێنی ھەبێت لە داھاتووی کارەکانمان”.
لە کۆتایی دا (کەژێ ھاوتا) لەبارەی ھەبوونی بەرھەمی دیکەی گۆرانی خۆی گوتی : “لە ئێستادا سیدیەکی تازەی گۆرانییم ئامادەیە، تەنھا چەند کارێکی دیکە ماوە ئەنجامی بدەم، ھەروەھا لەلایەن ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد)ـی مام بەڵێنی ئەوەم وەرگرتووە، گۆرانییم بۆ دروست بکات، کە لەداھاتوودا ئەو گۆرانییانە بە شێوەیەکی باش بڵاو بکەمەوە، لە کوردستان”.
تایبەت