سەدیق سەعید رواندزی : رەنگە ھیچ پە یوەندییەک, بە قەد پەیوەندی نێوان ھەردوو رەگەزی جیاواز,لە کۆمەلگا رۆژھەڵاتیەکانءکوردیش وەک بە شێک لەو کۆمەلگایانە, پەیوەندییەکی ئاڵۆزو پر مەرگەسات نەبێت, بە تایبەتیش بۆ ژن.ئەو پەیوەندییە ھەرگیز لە سەر بنەمای دوو بوونەوەر,
کە ھەردووکیان وەک یەک مرۆڤنءھاوشانی یە کترین بونیاد نەنراوە.بە لکو پەیوەندی نێوان براوەو دۆراو, جەلادءقوربانی , ستەمکارو ستەملێکراوە.پەیوەندییەکە, کە دەبێ ھەمیشە پیاو تیایدا زاڵء سەرکەوتووبێت, ژنیش دۆراو.پەیوەندییەک کە ھەموو ماناکانی جوامێریء شکۆیی پیاو دەبە ستێتەوە, بە ناسنامەی ژن. ناسنامەی ژنیش لە سێکسدا کورت دەکاتەوە. کاتێکیش سێکس فۆرمێکی حەرامی بە خۆوە گرت, ئیدی شکۆمەندی پیاو دەڕمێتءلە پێناو کرینەوەشی دەبێ قوربانی بە رۆحی ژن بدات.روانگەو دنیابینی پیاو بۆژن لەو کۆمەلگایانەدا, لەو چوارچێوەیەدا تێپەر ناکات کە ژن بوونەوەرێکە, لە خزمەت پیاودا بەمەبەستی تێرکردنی غەریزەکانی.زۆر جار ئەو روانینە دەگاتە ئاستێک, کە ژن تەنیا لە سێکسدا دەبینێتەوەو, بە بێ سێکس, ژن شوناسێکی نییە. کەواتە پەیوەندی پیاو بەو رەگەزەو پە یوەستە بەو کردارەوە.بە دەربرینێکی تر پیاو, ژن وەک ئامێرێک دەبینێتء ھە رکاتێک لە کار کەوت, دەشێ بیگۆرێت بە ئامێرێکی تر. شوناسی ژن, شوناسء ناسنامەیەک نییە, کە تیایدا پەیوەست بێت بە ژن خۆیەوە. بە پێچەوانەوە شوناسی ژن پەیوەستە بە ماناکانی پیاو بوونء جەستەی ژن, ئەو نیشتمانەداگیر کراوەیە, کە ھەمیشە لە شکری پیاوەکان تە راتێنی تێدا دەکەن. بۆیە دەبینین ھەمیشە شوناسی ژن, دەبە ستنەوە بە شوناسی خۆیان, بگرە ھەموو شکۆمەندیء جوامێری خۆیان, لەو نێوەندەدا دەبینەوە. کاتێکیش ئەو جە ستە دیل کراوە,ھەوڵی ئازادبوون دەدات, ئیدی مەحاڵە دەبێ باجی ئەو ئازادبوونە بدات. بێ بن بوون, چ کارە ساتء نەھامەتیەکی گەورەیە, لەو کۆمەلگایانەدا, ژن تائەو ئاستە زیندوو مرۆڤە,کە توانیویەتی پارێزگاری لەو نیشتمانە,کۆلۆنیالکراوە بکات. ئیدی ھەر کاتێ نەیتوانی ئەو نیشتمانە لە چرنۆکی پیاو بپارێزێت,ئەوا نەک ھەر دەکەوێتە بە رنەفرەتی کۆمەلگە, بگرە بە مەرگی خۆشی کۆتایی دێت.
(ژنێک بە سەر منارەوە)*, ئەو رۆمانەیە کە سەرگوزشتەو بە سەرھاتەکانی ژنێکمان بۆ باس دەکات, کە دەکرێ بلێین, گوزارشتە بۆ ژیانی پڕ مەینەتی کۆی ژنەکانی کۆمەلگای ئێمە. ئەو رۆمانە ئەگەر چی ژن وەک پاڵەوان رۆلێ تێدا دەبینێت, وەلێ بە دیوێکی تردا نیشاندانی ماھیەتی پیاوە, وەک بوونەوەرێک. ئەو رۆمانە ھەوڵێکە بۆ دەرخستنی رووی راستە قینەی پیاو لە بەرامبەر ژندا, کە ھەمیشە دەیەوێت وەک مرۆڤێکی دیکە, لە بەردەمی ئەودا خۆی نماییش بکات, کە چی لە بنەرەتدا ئەو کارەکتەرە برسیء شەرانگێزەیە, کە ھەمیشە لە خەیاڵی کوشتنی ئازادیەکانی ژندایەو ژن وەک ئامێرێک لە خزمەتی خۆی دەبینێت. بوونەوەرێک کەوەک مرۆڤێک کە ھاوشانی پیاوە, ناروانێتە ژن بە ڵکو وەک کۆیلە دەیبینێت, کە ھەموو مافێکی ھەڵسوکەوتکردنی بە پیاوەوەو بەندە. راستە خودی رۆمانەکە, خەمە مرۆییەکانی ژنێکی تەنیامان بۆ باس دەکات, وەلێ لە گەڵیشیدا پەردە لە سەر ماسکەکانی پیاو ھەڵدەماڵێء شکۆمەندیء پیاوەتی پیاو دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بێگومان ئەمەش لە رێی خودی ئەو خەسلەتانەی پیاو لە رۆمانەکەدا ھەیەتی, یاخودی ئەو رۆلەی لە رووداوەکاندا وازی دەکات. چونکە رۆماننووس ماھیەتی پیاو لە پەیوەەندی بە رەگەزەکەی ترەوەوە کە ژنە, نیشاندەدات, ئیدی ئێمە وەک خوێنەرێک, ھەموو ئەو ستەمکاریء جەلادییە دەبینین, کە پیاو بە رامبەر ژن دەینوێنێت,تەنانەت بە رامبەر سروشتءگیانەوەرانیش!ناوەرۆکی رۆمانەکە, سەرگوزشتەی بێوەژنێکی تەنیامان لە دەمی رۆماننووسەوە بۆ دەگێرێتەوە,لە رێی کەسی دووەمی تاکەوە. پاڵەوانی سەرەکی رۆمانەکە, کارەکتەرێکی ژنە بە ناوی( شادی). وەلێ ئەو تەنیا بە ناو شادە, دەنا لە چوارچێوەی ژیانی رۆژانەی راستە قینەی خۆیدا,نەک ھەر شادومان نییە, بگەرە قە ھری ژیان تاسەر ئێسقان نائومێدی کردوە. ئەو ژنە لە گەرەکێکداولە ماڵێکدا بە تەنیا, بە دیار منارەیەکی بە لاداھاتوو ژیان دەگوزەرێنێت.بە ئەندازەیەک ھۆگرو متووی ئەو منارەیە بووە,کە رۆژانە سەیری دەکاتء لە بە رخۆیەوە دەیدوێنێت.منارەیەکی بێ گیانء ھەموو جۆرە ھەستءسۆزێک, وەلێ لای شادی ئەو پەری جوانیءپیرۆزی خۆی ھەیە. تەنانەت بۆ ئەو لە مرۆڤەکانیش خۆشەویسترە. ھەروەک رۆماننووس دەلێت:_(منارەکە لە سەد عاشقءپیاووکەسءکارو ھاورێ بۆتۆجوانترە!). سەیرە! دەبێ چی والە ژنێک بکات, رەگەزێکی نازیندووی وەک منارەی پێ لە مرۆڤ جوانتر بێت, کە بوونەوەرێکە بیر دەکاتەوەوە ھەستء سۆزی ھەیە؟ بۆ دەبێت لە نێو ئاپۆرای مرۆڤەکاندا,ژنێک منارەیەکی خۆشبووێت؟ئەمەش دەریدەخات کە شادی وەک ژنێک, تا چ رادەیەک توورەو بێزارە لەو بوونەوەرەی پێی دەوترێت مرۆڤ. بە بۆچوونی من خوگرتنی ژنێکی تەنیا بە منارەیەکءپشت کردنە مرۆڤەکان, دەرەنجامی ھەموو ئەو شکستءبرینداربوونەیە, کە شادی وەک ژنێک لە کۆمەلگەدا رووبەرووی بۆتەوە.خۆجیاکردنەوەی شادی لە دەوروبەرو رامان بە دیار منارەیەکەوە, بە درێژایی ژیانی,ھەڵوێست وەرگرتنێکە لە ئاست ژیانی ئەو بوونەوەرەی مرۆڤی پێ دەوترێت.بەومانایەی شادی بەلایەوە پیرۆزترە, لە گەڵ منارەیەکی بێ ھەستءسۆزو زمان, ژیان بگوزەرێنێت, لەوەی لە گەڵ ئەو حەشاماتە بژیت کە پێیان دەوترێت مرۆڤ. کە تەنھا لە رواڵەتدا ئەو ماسکەیان پۆشیوە . ئیدی کاتێ پەردە لە سەر ئەو ماسکە رادەماڵین, ئەو کات ماھیەتء جەوھەری راستە قینەی ئەوانمان بۆ دەردەکەوێت. کە چ بوونەوەرێکی شەرانگێژوو مەرگدۆستن, کە تەنانەت سڵ لە کوشتنی مەڵء باڵندەو پەپولەش ناکەنەوە. ھەڵبژاردنی ژیانێکی تەنیا ی دوور لە ئەوانی ترء دانیشتن بە دیار منارە یەکەوە, لە لایەن شادی پاڵەوانی رۆمانەکەوە, رەنگدانەوەی ھەموو ئەو شکستء ناسۆریانەیە کە ئەو سەرەتا وەک ژنێکء دواییش وەک مرۆڤ, بە دەست مرۆڤەکانی تری بینیوە.بەو پێیەی ئەو لە لایەن نزیکترین کەسی خۆیەوە, کە خاڵۆزایەکەیەتی ژیانی وێرانکراوەوبەو ھۆیەوەش دواجار کەوتۆتە بە رنەفرەتی کۆمەلگەو مرۆڤەکانی تریش. شادی کاتێ بەو ھەموو سۆزە بێ سنوورەوە, منارەیەکی بێ گیانی خۆش دەوێت, کە رەنگە ھیچ رۆَلێک لە ژیانی ئەودا نەبینێت, ئەوا مەبە ستیەتی پێمان بڵێت: کە ئەوە مرۆڤەکانء ئەوەش منارەکە. ھیچ نەبێت خۆ منارەکە, شەرانگێزء مەرگدۆستءخوێنرێژ نییە, وەک مرۆڤەکان . منارەیەک ناتوانێ خوێنی ھیچ مرۆڤێکی تر بڕێژێت, وەلێ ئەوە نیە ئەو خوێنی بە دەست خاڵۆزاکەیەوە ڕژاوە, کە گەورەترین سەرمایەو شانازی مرۆڤانەی ئەوە لە ژیاندا.کەواتە بۆ شادی ئەو منارەیە, لە سەدان عاشقءھاورێ جوانترە.
بێگومان شادی دوای ئەوەی لە رۆژێکی تەنیادا, لە لایەن بەھرامی خاڵۆزایەوە پەردەی کچێنی لە دەست دەداتء خۆی وتەنی بێ بن دەبێت, کە گەورەترین سەرمایەی روحیءژیانیە لای ئەو, ئیدی نەھامەتیەکانی ئەو ژنە دەست پێدەکەنء لە گەڵیدا درێژدەبنەوە تا کۆتایی ژیانی. شادی دەزانێت, لە دەست دانی ئەو پارچە گۆشتە بە مانای مەرگی راستە قینەو لێسەندنەوەی ژیانی ئەو دێت,دەزانێت کە ئیدی تاھەتایە دەکەوێتە بەر نەفرەتی مرۆڤەکانی ترو بوونی ئەو ھیچ مانایەکی نەماوە لە ژیان, ئیدی بە ناچاری ئەو نھێنیە گەورەو پڕ مەترسیە لە ناخءررۆحی خۆی ھەڵدەگرێتءدەیشارێتەوە تاکو سەرەنجام بۆ پیاوێکی دیکەی وەک خۆی رووخاو دەیدرکێنێت. کارەساتەکە لەوە دایە, خاڵۆزاکەی دوای ئەوەی ژیانی شادی بۆ ھەتاھەتایە وێران دەکاتء ئەو مرۆڤە لە ژیان بێبەش دەکات, کەچی وەک ئەوەی ھیچ روو ینەدابێت بە شادی دەڵێت:_( ھەستە خۆت کۆبکەرەوە!) وەک ئەوەی رووداوێکی سادە روویدابێت. ئەمەش دەریدەخات کە پیاو وەک ئامێرێک دەروانێتە ژنءبۆ ئەو ژن جگە لە تێرکردنی غەریزە سێکسیەکانی ھیچی دیکە نییە.دەنا خاڵۆزاکەی باش دەزانێت کە تازە ژیان بۆ شادی ھیچ ماناو پیرۆزیء جوانیەکی نەماوە. لە کۆمەلگایەکدا کەھەمووشکۆء جوامێریءھێزو دەسەڵاتێک ببەسترێتەوە, بەو دلۆپە خوێنەوە, ئیدی ئاسان نییە ئەو خوێنە برژێتءبوونی ئەو بوونەوەرەش کە ژنە, نەکەوێتە مەترسییەوە.بۆیە ئەو دەربرینەی خاڵۆزاکەی بۆ شادی جگە لە بەکەم تەماشاکردنی ژنء ئەندامە حەرامکراوەکانی جەستەی لە کۆمەلگادا, ھیچ مانایەکی تری نییە.بە کەم تەماشاکردنء بچووکردنەوەی رووداوێکی تراژیدیء گەورەی لەو شێوەیە لە ژیانی ژندا, ماھیەتی راستە قینەی پیاومان بۆ دەردەخات, کە چەنێ جەلادە لە ئاست ئەویتردا کەژنە.بوونەوەرێک کە ئەوەندەی بیر لەوە دەکاتەوەو مەبەستیەتی بۆ چەند چرکەیەک غەریزە شە ھوانیەکانی خۆی تێر بکات, ئەوەندە بە لایەوە گرنگ نییە کە دوای ئەو رووداوە ئیدی ژیانی ژنە کە چی لێدێت.نەک ھەر ئەمە بگرە ھەوڵدەدات ئەو تاوانء گوناھە گەورەیە, بخاتە ئەستۆی خودی ژنە کە خۆی. بەو مانایەی ئەو ژنە ناتوانێ جەستەی بپارێزێتءزاڵ بێت, بە سەر ھەوەسء ئارەزووەکانی. ھەروەک لە شوێنێکی دیکەی رۆمانەکەدا, خاڵۆزاکەی بە شادی دەڵێت:_(من خیانەتم لێت نەکرد, من ئەتکم نەکردی). ھاوشێوەی ئەو دەربرینەی لە رۆمانی ھەزار خۆری درەو شاوەداھەیە, کاتی جەلیل بە نانا دەلێت:_( تاوانی خۆت بوو من نەمکردی بە ژن) ئەم ھەڵوێستی پیاو سیبمولێکە بۆ دڵرەقیء مەرگدۆستیەت. دەنا تاوانێک کە پیاو خۆی ئەنجامی دابێتءبەو ھۆیەوە بۆ ئەبەد, ژیانی مرۆڤێکی دیکەی وێرانکردبێت, چ پێویست دەکات, لێی رابکات. مەگەر ئەوە بەکەم تەماشاکردنء بێ بەھاکردنی ژن نییە لە روانگەو دنیابینی پیاوەوە؟ لەو کاتانەدا, کە ژن لە ھەموو ساتێک زیاتر پێویستی بە دڵنەواییء سۆزء میھرەبانیء بە تەنگەوە ھاتن ھەیە,کەچی دەبینین پیاوەکان ھێندە دڵرەقن کە جگە لەوەی لە پاڵ خۆشەویستیەوە ناپاکیان لێدەکەن, ھاوکات بە جێشیان دێلن! وەک ئەوەی ھیچ شتێک روو ینەدابێتء ئەو ھیچ تاوانێکی نەکردبێت!کارەسات ھەر تەنیا لەوەدانییە, کە بە ھرام , ژیان لە شادی وێراندەکات, بە لکو لەوە کارەساتر ئەوەیەکە دوای ئەو تاوانە بە جێی دێلێتء سەفەر دەکات. بە بێ ئەوەی بە خەیاڵی دابێت کە دوای ئەو تراژیدیایە ژیانی شادی چی بەسەر دێت.بێگومان دوای ئەوەی شادیش ئەو پەردەیە لە دەست دەدات, کە شەرەفی خێلء عەشیرەتء بنەماڵەی پێوە بەندە,ئیدی ژیانی پڕ دەبێت لە مەرگەساتء نھێنی. چونکە ئەو دواجار نەک ھەر ناتوانێت, ئەو رووداوە بۆ کەسەکانی باس بکات,بگرە دەبێ تا مردن ئەو نھێنیە بپارێزێتءبە ھۆی رژانی دڵۆپێک خوێنەوە بە دەستی نزیکترین کەسی, تا مردن ئازاری ئەو برینە بچێژێت, کە کەوتۆتە رۆحی. بۆیە ئەو ھەموو کاتێک مەبەستیەتی خۆی بدزێتەوە لەو پرسیارەی کە بۆ شوو ناکات. تا سەرەنجام, پیاوێکی دیکە بەناوی ھۆمەر, کە چەند ساڵێک لە خۆی گەورەترە دەناسێتءنھێنیەکەی پێدەلێت.ھۆمەر کە بە پێی وەسفءگێرانەوەکانی رۆماننووس پێشمەرگەیەکی کۆن بوەو, بە ھۆی کرداری ژەھر خواردنەوە, دواجار نەخۆش دەبێت, ئەو پیاوەیە کە شادی دواجار شووی پێدەکات. ھۆمەر دوای تەمەنێک لە شکستء نائومێدیء شەرانگێزی لە ژیانیدا, ئیدی چارەنووسی بە چارەنووسی شادیەوە دەبێتء ژیان دووکەسی وەک یەک دارووخاو بە یەکەوە دەبە ستێتەوە. لەو روانگەیە شەوە ھەردووکیان نھێنی گەورەو تایبەتی ژیانی خۆیان بۆ یە کتری باس دەکەن. بەو پێیەی ھۆمەر لە ژیانی نێو شاخء شۆرشدا, ژەھر خوارد کراوەو شادیش بە ھۆی خاڵۆزاکەیەوە پەردەی کچێنی لە دەست داوە. ئەگەر چی بۆ پیاو کە ھەموو شکۆمەندیەکانی خۆی لە جە ستەی ژندا دەبینێتەوە, شەرفی ژن بە شەرەفی بنەماڵە بە گشتی دەزانێت, نەک ھەر ئاسایی نییە ژنێک بێنێت, کە پێشتر ماناکانی ژنبوونی لە دەستداوە, بگرە بەلایەوە شوورەییء نەنەگیەکی گەورەشە. وەلێ چونکە ھۆمەریش ھاوشێوەی شادی کارە کتەرێکی دۆراو بوە لە ژیان, ئیدی ھەردووکیان دەبنە تەواوکەری ژیانی یەکتریء مەرگەساتء نەھامەتیەکانیان بۆ یە کتری دەگێرنەوە. ھۆمەر ساڵانێکی زۆر لە دەرەوە پێشمەرگە بوەو خۆی وتەنی, بە دەیان جار جامی سەری سەربازەکانی ھەڵگرتوە.بە ھەزاران جار راوی مەلء باڵندەی کردوەو بگرە لە ژێر ناوی شەرەفیشەوە ژنی کوشتوە. ئەوەی بۆ من وەم خوێنەرێک جێگەی لە سەر وەستانە, ئەو رەھەندە شەرانگێزیەیە کە ھۆمەر لە ژیانیدا, بەر لە نەخۆشبوونی ھەیبوە. ئەم کارە کتەرێک بوە کە عاشقی راوو نیشانە شکێنیء کوشتنی مەلء باڵندەبوە. تەنانەت ھێندە دڵرەق بوە بە بەرچاءی مندالەکەشیەوە دایکێکی کوشتوە. ئەو خەسڵەتە شەرانگێزیء مەرگدۆستیەی ھۆمەر لە سەردەمێکدا کە ئەو لە ترۆپکی ژیانء تەمەندا بووە, بە شانازیەوە بۆ شادی باس دەکات. ئەو ئەگەر چی بە نیازێکی پاکءلە پێناو ئامانجێکدا روودەکاتە شاخ, کەچی لەوێوەش چی نادادپەروەریء رقء تۆلەو شەرو کوشتنی نێوان براکان ھەیە, بە چاوی خۆی دەیبینێتءبگرە بە شداریشی تێدا دەکات.لەو پێناوەشدا بە پلانێک لەگەڵ ھاورێکانی ژەھر خوارد دەکرێت. ئیدی ئەو رووداوانە ئەو ھەستە لای ھۆمەر دروست دەکەن کە پە شیمان بێتەوە, لە ھەموو ئەو کارانەی ئەو لە رابردوو ئەنجامیداون. تەنانەت بە شداریکردن لە شۆرشء خەباتء تێکۆشانیش. ھۆمەر کاتێ وەک کە سێکی نەخۆشء زەلیل بەھۆی کاریگەریەتی ژە ھرخواردکردنی لە نێو جێگەدا دەکەوێتء جگە لە ئامێزی گەرمی شادی, کە سێکی تر نییە بیلاوێنێتەوە. ئیدی دەکەوێتە بیرکردنەوەی لە ژیانی رابردووی خۆی.ئەو ھۆمەرەی جامی سەری سەدان سەربازی ھەڵگرتوەودەیان شەڕو نەبەردی ئەنجامداوەو ڕاوچیەکی لێھاتوو نیشانە شکێنێکی کارامە بوە, ئەمرۆ نەک ھەر زەلیلء بێدەسەلاتءداروخاوە, بگرە وەک منداڵێکی نەخۆش پێویستی بە چاودێریء لاوانەوەی شادی ھەیە.ئێمە کاتێ ژیانی ھۆمەر لەسەردەمێکدا کە پێشمەرگە بوە بەراورد دەکەین, لەگەڵ واقیعی ئێستای ژیانی کە مرۆڤێکی نەخۆشە, ئەو سا دەزانین کە پیاو وەک بوونەوەرێک چەند بە ھێزءدەسەلاتء شکۆی پیاوانەی خۆی دەنازێت, کاتێ خاوەن دەسەڵاتە. وەلێ ھەمان ئەو پیاوە چەنێ زەلیلءبێ دەسەڵات دەبێت کاتێ نە خۆش دەبێت, یا ناتوانێت رۆَلی پیاوانەی خۆی ببینێت. بۆیە گەر سەرنج لە کارەکتەری ھۆمەر بدەین دەبینین, ئەو کارەکتەرێک بوە لە رابردوودا, خۆی وتەنی جامی سەری سەدان سەربازی ھەڵگرتوە. بە شانازیەوە باس لەوە دەکات,کەچەنێ باڵندەو مەلی کوشتوەو راوکردوە.تەنانەت بە ناوی لە شفرۆشیەوە, ژنێکی بێ تاوان دەکوژێت. کە دواجار دەزانێت,بێ تاوان بوە. لێرەوەش ئێمە لە رێی ئەو کردارانەوە,کە رۆماننوس داویەتە پاڵ ھۆمەر, رۆحی شەرانگێزانەی ھۆمەرمان وەک پیاوێک بۆ دەردەکەوێت.کەنەک ھەر ژن دەچەوسێنێتەوە, بگرە باڵندەو مەلیش ڕاودەکات! ھۆمەر کاتێ سەربوردەی ژیانی خۆی بۆ شادی دەگێرێتەوە, کە لەرابردوودا چی کردوە, مەبە ستیەتی ئەو پەیامە بگەیەنێتە, شادی وەک ژنێک, کەئەو خاوەن چ ھێزو دەسەلاتءشکۆیەک بوە. ئێستاش کاتێ بە ھۆی ژەھر خواردنیەوە, نەخۆش کەوتوە, ئەوە نەخۆشییە زەفەری بەو پیاوە بردوە, بەو مانایەی شادی بزانێت, کە ئەگەر ئەو نەخۆشییە نەبوایە , ئەوا ھۆمەر نەدەکەوتە ژێر دەستی ژنێک. سەیرە پیاو تا خاوەن ھێزء دەسەڵاتءبریارە, ھەمیشە شانازی بەو سیفەتانەی خۆی دەکاتء ھەموو ماھیەتی پیاو بوون, لەو روحیەتە جوامێریء مەرگدۆستیە دەبینێتەوە, کە ھەیەتی, وەلێ کاتێ ھەمان ئەو پیاوە ھێزو دەسەڵاتی نامێنێت, ئیدی چاوەرێیە ژنێک سۆزو میھرەبانی خۆی بە سەر داببارێنێت.شانازی پیاو بە ھێزو دەسەلاتء چەکەوە, بە رادەیەکە, کە زۆرجار پیاوەکان, بە شوناسی چەکەکان دەناسرێنەوە, کە ھێمایە بۆ شەرانگێزی. ھەروەک لە رۆمانەکەدا, رۆماننوس لە دەمی کارەکتەرەکانەوە, ناوی چەند پیاوێکمان بۆ دەڵێت, کە ھەموویان نازناوی چەکیان بە خۆیاندا لکاندوە.وەک:_(قاڵە مزەلێ,عەزەی کلاشینکۆف,عەبە ئاربی جی,جەلۆ بیکەیسی…تد). ھەموو ئەو کارە کتەرانە, کە پیاون, بە چەکەکانیانەوە دەناسرێنەوە. واتە چەک لێرەدا شوناسە بۆ پیاوبوون. ئەمەش گوزارشتێکە بۆ ئەو روحیەتە شەرانگێزەی کە پیاو ھەیەتی.روحیەتێک کە لە پێناو مانەوەی شکۆمەندی دەسەڵاتء تێرکردنی غەریزەکانی خۆی ئامادەیە ھەموو شتێک بکات.بۆ نموونە: وەک ئەوەی ھاورێکانی ھۆمەر, چاوەروانن کەی ھۆمەر دەمرێت, تاکو تەماحی بکەنە شادی. بێگومان ئێمە کاتێ ئەو خەسڵەتە کۆمەلایەتیء سایکۆلۆژیانەی پیاو لە رۆمانەکەدا بەراورد دەکەین, لەگەڵ خەسلەتی سایکۆلۆژی شادی وەک ژنێک, ئیدی تێدەگەین کە پیاو چ بوونەوەرێکی شەرانگێزەو, ژنیش چ بوونەوەرێکی بە سۆزو میھرەبان. ئاخر دەبینین, شادی کاتێ لەلایەن بە ھرامەوە دەکرێتە ژنء خوێنی دەرژێت, ھەر تەنیا خەم بۆخۆی ناخوات, بگرە خەم بۆ خوێنی ئەو مەلەش دەخوات, کەلەو کاتدا, بەھرام دەیکوژێت.بەلای شادیەوە خوێن ھەر خوێنە, ئیدی ئەگەر لەلاشەی مرۆڤێکەوە بێت, یاخود باڵندەیەک. ھاوکات پیاویش راودەکات, ئیدی چ راوی ژن بێت, یان باڵندە!.بۆیە کاتێ سەرنج لە ناوەرۆکی رۆمانەکە دەدەین, دەبینین رووبەرێکی بەرفراوان لە رۆمانەکە, باس لە تایبەتمەندیەکانی پیاو, شکۆمەندی دەسەڵاتی نێر سالاریانە دەگات, لە کۆمەلگادڕ. عشقی گەوەرەی پیاوەکان بێ جیاوازی, بۆ راوکردن گوزارشتێکە بۆ گیانی کوشتنء خوێنء مەرگدۆستیەت. راوکردنی باڵندەو رژانی خوێنی شادی, دواجار ھەموو یان ئەو تاوانانەن کە بە دەستی پیاوەو ئەنجام دەدرێن. واتە پیاو بکەری سەرەکی تاوانەکانە. ئیدی جیاوازی نییە چ کوشتنی مرۆڤێک بێت, یاخود مەلێک. لە راستیدا کارەسات ھەر ئەوە نییە, کە شادی وەک ژنێک دەکەوێتەبەر نەفرەتی کۆمەلگەو پیاوەکانء ھەریەکەیان, سەدان ناووناتۆرەی بۆ ھەڵدەبەستن. بەوەی چۆن دەبێت, بێوەژنێکی تەنیا, لە ماڵێکداء بە تەنیا بە دیار منارەیەکەوە ژیان بگوزەرێنێت.ژن چونکە ھەمیشە, لە ژێر سایەو سێبەری پیاو دایەو, شوناسء ئازادیەکانی لە دەست پیاو دایە, ئیدی بەلایەنەوە بێ رەوشتییە ژنێک بە تەنیا بژیت, وەک ھەر مرۆڤێکی دیکە, کە دەشێ حەز لە تەنیایی بکات. بۆیە دەبینین, ئەو بارودۆخەی ژیانی شادی لەلایەن, مرۆڤەکانەوە سەدان خوێنەوەولێکدانەوەی چەوتء ھەڵەی بۆ دەکرێت. تەنانەت ھاوشوناسەکانی دیکەشی, کەوەک یەک خەمء ناسۆریان ھەیە, واتە ژنەکانی تر ئەوانیش شادی بە ژنێکی لادەر لەرەوشتی کۆمەلایەتیانەی کۆمەلگە دەزانن. واتە شادی وەک ژنێک ھەر تەنیا لە لایەن, ھۆمەرو بەھرامەوە, بە چاوی ژنێتییەوە سەیر ناکرێت, بگرە ژنەکانی دیکەش بە چاوێکی کەم تەماشای دەکەن.ئەوەتانێ ژنەکانی تر لە بڕی ئەوەی لە خەمی شادی دابن, بە پیچەوانەوە پێی دەڵێن:_(کچێ چاوی دەربێ! پیاو راودەکا,سەگ بە خۆی فێر دەکا,کەیفی خۆیەتی.ھەر مێردەکانی ئێمە لە خشتە نەبات! خوای دەکرد ئۆردویەک عەسکەر دەخاتە سەر خۆی!)رۆماننووس مەبەستیەتی, لە پەراوێزی ئەو دەربرینەوە ئەو پەیامە بگەیەنێت, کە لە نێو کۆمەلگەی ئێمەدا, ژن ھەر تەنیا لەلایەن پیاوەکانەوە ناچەوسێنرێنەوە, بەلکو ژنان خۆشیان یە کتری دەچەوسێنەوەو, ئامادەنین شەری ئازادبوونی ھاوشوناسەکانیان بکەن. واتە بێدەنگی ژنء بە کۆیلە بوونی لە لایەن پیاوەوە, دواجار ئەو دنیابینیەی لادروست کردوون, کە ژن بە بێ پیاو, بوونەوەرێکی لاوازو بێ ئیرادەو بێ ناسنامەیە. بۆیە ھەر کاتێ لە ژێر ھەژموونی پیاو دەرچوو, ئیدە ناسنامەو شوناسی ئەو وەک مرۆڤێک بوونی نامێنێت. لەو روانگەیەشەوە ژنەکانی تر مانەوەی شادی بە تەنیا, دوای نەھامەتیەکی زۆر لە ژیانیدا, بە بێ ئاکاری دەزانن. بەو مانایەی شادی بۆیە تەنیا دەژیت, چونکە مەبە ستێکی تری ھەیە. لەکاتێکدا وەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا, بۆ شادی منارەکە, ھەزاران جار جوانترو پیرۆزترە, لە مرۆڤەکان.لەو مرۆڤانەی وەک گورگ دەروانە شادی. ئەو مرۆڤانەی ھەموو شکۆمەندیء بە ھاکان دەبەستنەوە بە شەرەفی ئافرەتء شەرەفی ئافرەتیش لە ناو گەڵی دەبینەوە. بۆیە شادی دەیەوێت پیاوەکان تێبگەیەنێت کە شەرەف ئەوە نییە وەک ئەوەی پیاوەکان بە گشتی تێی گەیشتوون. بەو مانایەی پەیوەست بە جەستەی ئافرەت. بە لکو شەرەف پەیوەستە بە خاکء نیشتمانء ناپاکی نەکردن لە ژیاندا. بۆیە شادی دە ڵێت:_( پێم ناڵێی شەرەفی ئەوانە لە کوێدایە کە خاکء نیشتمانیان فرۆشت!!) بەو مانایەی ھەموو ئەوانەشی دواجار ناپاکیان لە گەلء نیشتمانەکەیان کرد, لایان داوە لە ئاکاری مرۆڤانەی خۆیان. لێرەوەش شادی مەبە ستیەتی ئەو پە یامە بگە یەنێت کە چەمکی شەرەف ھەر تەنھا پەیوەست نییە بە ژن, ھەروەرھا بە تەنیا ژن نییە کە شەرەفی بنەماڵەو خێلء عە شیرەت دە پارێزێت وەک ئەوەی پیاوەکان تێی گە یشتوون. بە پێچەوانەوە بەلکو دەشێ ھەموو ئەو پیاوانەش لە ئاکارءمۆراڵی کۆمەڵایەتی لایاندابێت, کە ناپاکی بەرامبەر بە خاکء نیشتمانء بگرە مرۆڤەکانیش دەکەن. شادی وەک پاڵەوانێکی ژن لە رۆمانەکەدا, شەری گۆرینی ئەو تێرمە دەکات, کە شەرەفی بنەماڵەو خێلء عە شیرە ت دە بە ستێتەوە بە ناو گەڵی ئافرەت.بۆیە مەبە ستیەتی ئەو پەیامە بگەیەنێت, کە شەرەف لەوە گەورەترە وەک ئەوەی بە شێکی زۆری پیاوەکان تێی گەیشتوون.ھەروەھا پەردە لە سەر ئەو ماسکانەش لابدات, کە ھەمیشە وێنەی راستە قینەی پیاو لە ھەمبەر ژندا,پیشان دەدات…..
تێبینی/ژنێک بە سەر منارە/بابەت رۆمان/ نووسینی( شیرزاد حسن)…………