سەدیق سەعید ڕواندزی
کارەکتەر،بەیەکێک لەڕەگەزە سەرەکییەکانی بینای ھونەری دەقی ڕۆمان دادەنرێت. کەڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێت لەوازیکردنی ڕووداوەکاندا.کارەکتەر چ وەک گێڕەڕەوی ڕووداوەکان، واتە لەیەک کاتدا ھەم پاڵەوانی ڕووداوەکان و ھەمیش گێڕەڕەوەی ڕووداوەکان وەک کەسی یەکەمی تاک، یاخود تەنھا بەڕۆڵبینینی بێت لە ڕووداوەکان و ڕۆماننووس بگێڕەوە بێت، لەھەردووکاتدا بایەخی خۆی ھەیە. ھیچ دەقێکی چیڕۆک و ڕۆمان نییە، کەسایەتی وەک ڕەگەزێکی دەق، یەکێک لەپێکھێنەرە سەرەکییەکانی نەبێت. گرنگ نییە لێرەدا کەسایەتییەکە، واقیعیە یا ئەفسانەیی، مرۆڤە یا گیانەوەر،. لەنێوکەسایەتییە جۆراو جۆرەکانی ڕۆماندا، شێوەیەک لەکەسایەتی بوونی ھەیە کە پێی دەوترێت پاڵەوان.بێگومان چەمکی پاڵەوان کەپتر ڕەھەندێکی ھونەری ھەیە، چەند خەسڵەتێک جیای دەکەنەوە لەکەسایەتی. پاڵەوان تا دوایین ساتی ڕووداوەکان، بوونی ھەیەو لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکان دەڕوات. یەکێکە لە پێکھێنەرە بنەڕەتییەکان کە ڕەنگە بەتەواوبوونی ڕۆڵەکەی، کۆتایی بەبەشێکی زۆری ڕووداوەکانیش بێت. وێرای ئەمەش ھەمیشە پاڵەوان دەلالەتێکی بەھێزی ھەیە کەدەتوانێت ڕووبەڕووی گرفتەکان ببێتەوە.وەک ئەوەی لە فلمێکدا دەیبینین. بەڵام لەگەڵ بەرەو پێشەوەچوونی ژانری ڕۆمان، ئیدی پاڵەوانیش چیتر ئەوفۆڕمە جێگیرەی نەماوە وەک ئەوەی پێشتر ھەیبوو. بەپێچەوانەوە، دەشێ پاڵەوان کەسێکی دۆڕاوو بەزیو بێت. کەسێک بێت بەرگەی ڕووداوەکان نەگرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵەکەی ھەربنەڕەتییە لەڕەوتی ڕووداوەکاندا.ڕۆمانی (دێو بەھمەن) یەکێکە لەو ڕۆمانانەی کەگرنگییەکی لەڕادەبەدەری بە چەمکی پاڵەوان لەڕۆمانەکەداوە. تەنانەت ناونیشانی ڕۆمانەکەش،ھەربەناوی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە کە دێوبەھمەنە. بەبڕوای من وەک خوێنەرێک، ڕۆماننووس لەناونانی ڕۆمانەکەی تا ئەندازەیەکی زۆرسەرکەوتووبووە. چونکە جگە لەوەی ناونیشان ئەلقەی بەیەکەوە گرێدانی خوێنەرو دەقە، ھاوکات خودی دێو بەھمەن وەک ناونیشان چەندین دەلالەت دەگەیەنێت. ئەم ناونیشانە لەلایەکەوە دەلالەتێکی ئەفسانەیی ھەیە، چونکە ئێمە ھەمیشە لە ڕێگەی حیکایەت و گێڕانەوە میللییەکانەوە گوێبیستی دێو وەک گیانەورێکی ئەفسانەیی بووینە کەلەواقیعدا بوونی نییە. ھاوکات دەلالەتێکی پڕلەترس و ڕامانیشی ھەیە، بەوەی دێو و مرۆڤ لەیەکدەدا، وێرای ئەمەش دەلەلاتێکی پرسیار ئامێزیشی ھەیە، کەمرۆڤ تووشی دوودڵی و پرسیار دەکات بەوەی کەمرۆڤ چۆن دەبێتە دێو؟ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە، خودی ناونیشانی ڕۆمانەکە، ناونیشانێکی نامۆو سەرنج ڕاکێشە، کە ئەوھەستەلای خوێنەر دروست دەکات لەو دەروازەوە بچێتە نێو ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە. نایشارمەوە من وەک خوێنەرێک کاتێ ھاوڕێیەکم ڕاسپارد لەسلێمانییەوە ئەو ڕۆمانەم بۆ بێنێت لەسۆنگەی ناونیشانەکەی بوو. چونکە دێو بەھمەن بووە پرسیارو ڕامان لەلام، کە دەبێ ئەو ڕۆمانە باسی چی بکات.لێرەوەش کاتێ ڕۆمانەکەم خوێندەوە، ھەستم بەوە کرد کە پاڵەوان وەک ڕەگەزێکی سەرەکی دەقی ڕۆمان، بایەخێکی زۆری پێدراوە. ئەم ڕۆمانە، باس لەواقیعی سەخت و ناشرینی شەڕی ناوخۆ دەکات، کاتێ براکان سەنگەریان لەیەکتری دەگرت. ڕۆماننووس کە ناوی دووحزبی بە حزبی ئەی و بی ھێناوە، ئیدی باس لەشەڕو خوێنڕشتنەکانی ئەو دووحزبە دەکات لەسەردەمی یەکێ لەبەشداربووەکانی ئەو شەڕانە کەئەویش دێو بەھمەنە.ئەوەندەی وەک خوێنەرێک تێبینیم کردبێت، بڕوام وایە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆمانە دەرەنجامی ئەو واقیعە سیاسییەیە کە سی و یەکی ئاب دروستی کرد.کاتێ دوو ھێز شەڕی یەکتری دەکەن و ئیدی چیڕۆکەکانی خوێن و دیل کوشتن و فەرماندەی ترسنۆک و پێشمەرگەی ئازاو پاک و بەراوردی پێشمەرگایەتی لەسەردەمی شاخ وناو شاردەستپێدەکات. ھەموو ئەم ڕووداوانەش خودی دێوبەھمەن دەیانگێڕێتەوە.دەسپێکی ڕۆمانەکەش بەگێڕانەوەکانی دێو بەھمەن دەستپێدەکات، کاتێ لە زینداندایە، سمکۆڕێوی و پاسەوانەکانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەن. لێرەدا ڕۆماننووس ڕووێکی ھەرە ناشرین و بێمانای شەڕمان نیشاندەدات. کەئەویش دەشێ لە شەڕدا پاڵەوانەکان ببنە دیل و بەدەست ترسنۆک و بودەڵەکانەوە گاڵتەیان پێبکرێت. کەمێژووی شەڕی براکان لەکوردستان تەژییە لەو جۆرە وێنانە. دێوکەھێمایە بۆ ئازایەتی و دروستکردنی ترس لە دڵی بەرامبەر، بەدەست ڕێویێکەوە کەھێمایە بۆ فێڵ و ترسنۆکی،گیرۆدەیە. وەک چۆن دەیان پیاوی قارەمان لەمێژوودا بەدەست ترسنۆکەکانەوە شەھید کراون.بێگومان مەبەستی ئێمە باسکردن نییە لە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە، بەڵکو دەمانەوێت لە گۆشەنیگای پاڵەوانەوە بچینە نێو ڕۆمانەکە. بەدەربڕینێکی تر، دەمانەوێت کەسیەتی دێوبەھمەن شڕۆڤە بکەین. کە چ جۆرە مرۆڤێکە، لە ئاستی کۆمەڵایەتی وسیاسی و زۆر ڕووی تریشەوە. چونکە کاتێ بەوردی لە سەر دێوبەھمەن لە ڕۆمانەکە دەوەستین، ئەوا ئێمە وێنەی مرۆڤێک دەبینین کە چەندین خەسڵەتی جۆراوجۆری ھەیە. بەڵام ھەموو ئەوجۆراو جۆریە، دواجار مانایەک دەگەیەنن کە ئەویش دێو بەھمەن زادەو بەرھەمی کۆمەلگەو کلتووری کوردییە.شوناسی ھەمان شوناسی ئەو ھەزاران پێشمەرگە پاک و قارەمانانەیە، کەبەخوێن و ئومێدێکی زۆرەوە چەکی کوردایەتییان لە شانکرد، بەڵام شەڕی شاخ و شەڕی شارەکان و ململانێی ھێزەکان و کوشتنی دیل و نادادوەری نێوان فەرماندە و پێشمەرگەکان، نائومێدی کردن. ئەوان خەونێکییان ھەبوو، بەڵام واقیع بە خەونێکی دیکەی دوورلە خواستی خۆیان ئاشنای کردن.بۆیە دێو بەھمەن نموونەیەکی بچووکراوەیە لەواقیعێکی سیاسی ناشرین و گەورە کە بەدڵنییایەوە دێو بەھمەنەکان و ڕۆماننووس و منیش وەک خوێنەرێکی شەیدای ئەدەبیات،ئازار دەدات.بۆیە ڕۆمانی دێو بەھمەن واقیعێکی ناشرین نیشان نادات کەڕەنگە خوێنەرانێکی سادە ھەبن بەو شێوەیە لەو ڕۆمانە گەیشتبن، بەڵکو باسی واقیعێک دەکات کەبوونی ھەبووە. بەدەربڕینێکی تر، دێوبەھمەن دنیای جوانی ئێمە ناشرین ناکات، بە پێچەوانەوە خودی دنیای سیاسی ئێمە ناشرین بوو، ئەو تەنھا ئاماژەی پێ دەکات.بێگومان وەک باسمان کرد ئەم ڕۆمانە، بایەخێکی زۆری بە پاڵەوان داوە،کەسیەتی دێو بەھمەن وەک پاڵەوانی ڕۆمانەکە، دەشێ لە سەرچەندین ئاستدا ببینرێت. بۆیە ئێمە لێرەدا کەسیەتی دێو بەھھمەن لەگەلێک ڕووەوە شڕۆڤە دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین دێو بەھمەن کێیە؟
یەکەم:_ دێو بەھمەن لەڕووی کۆمەڵایەتی و پیشەییەوە:_
دێوبەھمەن، کەسایەتییەکی خاکی،بەرپرسیار ھەست بە لێپسراوەتی،لەناخ و دڵ و دەروونیدایە. ئەو پێشمەرگەی کۆنی سەردەمی شاخەو بەو پەڕی ھیواو بڕوابوون بەبنەما شۆڕشگێرییەکان بەشداری شۆڕش و خەباتی شاخی کردووە. لەنزیکەوە نەھامەتییەکانی بینیوە. شەڕی براکان و ململانێی ناڕەوای ھێزە سیاسییەکان و چەندین دیمەنی دیکەی ناشرینیش کە ئەو وەک پێشمەرگەیەک خۆزگەی دەخواست بوونیان نەبایە. پێشتریش لەزیندانی بەعس زیندانی بووە. سەختییەکانی ژێردەستی بە عسییەکانیشی بینیوە. لە ڕۆمانەکەشدا زیندانییە، بەڵام ئەمجارەیان زیندانی براکان. بۆیە ھەموو ڕۆژێک سمکۆ ڕێوی دیمەنە قێزەوەنەکانی زیندانی سەردەمی بەعسی بە بیردێنێتەوە. دێو بەھەمەن گەرچی وەک پێشمەرگەیەک بەشداری شەڕی ناوخۆو شکانی ھێزەکەیی و پاشەکشەی سەر سنوور دەکات، بەڵام ئەم واقیعە بژاردەیەکە دوور لەتێڕوانین و ڕەھەندی مرۆییانەی دێو بەھمەن. ھەربۆیە لە چەندین شوێنی ڕۆمانەکە پەشیمانی خۆی دەردەبڕێت و ڕەخنە لە بەرھەمی ئێستای شۆڕش و خەباتی شاخ دەگرێت. بۆنموونە:_(من ھەر پێشمەرگەکەی جارانم ڵا٣٦) واتە ئەو نەکەوتۆتە ژێر کاریگەریەتی ئەو واقیعە قێزەوەنەی کەدەشێ شۆڕشەکان لەدوای خۆیان دروستی بکەن.(ئەوان ئێستاش شاھانە دەژین ڵا٣٩) دیارە مەبەستی فەرماندەو سەرکردەکانی شۆڕشە. لێرەدا ئەو دەربڕینەم بیر ھاتەوە کەدەڵێ:_( شۆڕش زانا پلانی بۆ دائەنێت، ئازا جێبەجێی دەکات، ترسنۆک بەرەکەی دەخوات).یاخود لەشوێنێکی دیکەی ڕۆمانەکەدا دەڵێت_(بەھیچ شێوەیەک ئەمەی ئێستا لەپێشمەرگایەتی جاران ناچێت.جاران لەسەر یەک خوان نانمان دەخواردوو پێڵاوی یەکتریمان لەبەردەکردڵا٤٠). لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەدێو بەھمەن چەند پەشیمان و بێبەرییە لەوەی ئێستا بەناوی پێشمەرگایەتی و کوردایەتی دەکرێت.بەڵام پەشیمان نییە لەوەی وەک گەنجێک و کوردێک لاویەتی خۆی بە شۆڕش و کوردایەتی بەخشی. چونکە ئەو خەونی دیکەی ھەبوو، ھاوشێوەی خەونی ھەزاران گەنجی ئەم وڵاتە.
دووەم:_دێو بەھمەن لەڕووی ناسنامەی شارەوە:_
گەرچی بەدرێژایی ڕۆمانەکە، ڕۆماننووس ناوی چەندین شارو شەقام و ناونیشان دێنێت، بەڵام لە ھیچیاندا ناوی ڕاستەقینەی شوێنەکان نابات.چونکە ئەو دەزانێت ئەوەی ئەو نووسیویەتی ڕۆمانە نەک گێڕانەوەی مێژوو. چونکە ئەگەر لە ڕووداودا کات و شوێن و کارەکتەرەکان بەھەمان شێوەی واقیع گوزارشتییان لێکرا، ئەوا مێژوو دەگێڕدرێتەوە، کەگەلێک جاربەناو بەشێک لەڕۆماننووسە بێ ئەزموونەکانی ئێمە دەکەونە ئەو ھەڵەوە. بۆیە خوێنەرنازانێت دێو بەھمەن خەڵکی کام شوێنە. بەڵام لەپەراوێزی خوێنەوەی ڕۆمانەکە وسەرنجدان لەو وەسفەی ڕۆماننووس بۆ ژینگەو شوێنەکان کردوویەتی، ئیدی ناسنامەی دێوبەھمەنمان لە ڕووی شارەوە بۆ دەردەکەوێت. بۆنموونە:_(لەشارە حەیاتەکەی خۆم). یاخود دەڵێت:_(جگە لە ساڵانی پێشمەرگایەتی ھەمووتەمەنی خۆم لەم شارەدابەسەربردووە.لەوەتەی ھەیە ئازاو ئازاد خولقاوە،لەماوەی دووسەد ساڵی تەمەنیدا،ھیچ ھێزێک چەند خاوەن چەک و جبە خانەش بێت نەیتوانیوە جڵەوی بکات). کاتێ وەسفی ئەو شارە دەبینین، ھیچ گومانێکمان نامێنێت کە ئەو شارە سلێمانی ھەڵمەت و قوربانی و پایتەختی ڕۆشنبیرییە. بەدرێژایی مێژووی دووسەدو سی و پێنچ ساڵەی دامەزراندنی ئەو شارە، تائێستا ھیچ ھێزێک نەیتوانیوە بۆ ھەمیشە سلێمانی ڕام بکات. ئەم شارە کەیەکێکە لە شارە زیندووەکانی کوردستان، ھەمیشەلەڕەتکردنەوەو گۆڕینی واقیعێک بەواقیعێکی دیکە بووە.کلتوورو زمان و پاشخانێکی ڕۆشنبیری تایبەتی خۆی ھەیە کە جیای دەکاتەوە لە شارەکانی تر. زیندووەتی سلێمانی بەبڕوای من لەو نوێبوونەوەیەو ڕامنەکردنەدایە. چونکە بێگومان شتیێک چەند زیندووش بێت کەوەستا بۆگەن دەبێت!!.
سێیەم- پاشخانی ڕۆشنبیری دێوبەھمەن:_
بەدرێژایی ڕۆمانەکە، ڕۆماننووس ھیچ ئاماژەیەکی بەئاستی زانستی و خوێندەواری دێوبەھمەن و پاشخانی ڕۆشنبیری نەکردووە. واتە خوێنەرنازانێت دێو بەھمەن ھەرتەنھا پێشمەرگەیەکی سادەو میللی نەخوێندەواری نێو کۆمەڵگەی کوردییە، یاخود کادیرێکی سیاسی ھوشیارکەدرک بەکێشە فیکری و سیاسییەکان دەکات. بەڵام کاتێ خەسڵەتە ھزری و کەسیەتییەکانی دێوبەھمەن لە ڕۆمانەکەدا دەخوێنینەوە، ئیدی دەگەینە ئەوڕاستییەی کەدێوبەھمەن نەک تەنھا کەسێکی خوێنەوارە،بگرە کەسێکی ھوشیارو تێگەیشتووشە.ئاگاداری مێژوو، واقیعی فەرھەنگی و سیاسی کۆمەڵگەکەیەتی.بۆنموونە:-(منیش ڕۆژگارێک مارکسی بووم ڵا١٠٢).ھاوکات ئاماژە بەشیعرێکی مام ھێمن دەکات(ئەوبستۆکەی دوژمن ناوی ناوە سنوور ڵا٥٢)(وەک چارلی چاپڵن لا٦٩)یاخود(کەسەیری حەبەکان دەکەم فلۆئاوتن ڵا١٠٠)لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کەدێو بەھمەن کەسایەتییەکە خوێندەواری ھەیەو بگرە پاشخانی ڕۆشنبیریی و ھوشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەئاستێکی بەرزیشدایە. ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە، خودی دێو بەھمەن درک بە چەندین پرسیاری فەلسەفی دەکات و مەبەستیەتی بە وەڵامەکانیان بگات.بۆنموونە:_(دەبێ مرۆڤی سەرەتایی چۆن ژیابێت بەبێ پێخەف؟ چۆن خۆی گەرمکربێتەوە؟) یاخود لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت:-(ئەگەر لەبری زمانی چەک زمانی ئەقڵ بخەینە گەڕدەتوانین شەڕ نەکەین ڵا٥٠) بێگومان لێرەدا دێو بەھمەن دیدێکی ئەقڵگەرایی ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. واتە لەبری زمانی چەک،گەر زمانی گفتوگۆ پەیڕەوبکەین بەتایبەتی سەرکردەکان، ئەوا ئەو ھەموو خوێن و ئاشووبە دروست نابێت.کەواتە دێو بەھمەن کەسێکی خوێندەوارو ھوشیارە.تەنانەت ئەگەر ھوشیارییەکەی لەپلەیەکی بەرزی ھزریش نەبێت.
چوارەم:_ دێوبەھمەن لەڕووی بیروباوەڕی سیاسییەوە:_
دێوبەھمەن لە ڕووی بیروباوەڕی سیاسییەوە، پێشمەرگەی شاخ و کۆنە مارکسی واتە چەپ و ھاوکات ئەندامی حزبێکە. کەڕۆماننووس لە ڕۆمانەکەیدا ناوی دوو حزب دەھێنێت کە بڕوام وایە پارتی و یەکێتین. دێو بەھمەن پێشمەرگەیەکی خاوەن بیروڕای خۆی و ھاوکات ئەندامێکی دیسپلینکراوی حزبیشە، ساڵانێکی زۆریش لەشاخ و شار،داکۆکی لەپرنسیپە سیاسی و فیکرییەکانی خۆی کردووە.لە جێبەجێکردنی بەشێکی زۆری بڕیارو فەرمانی حزبەکەی بەشداربووە، ئەگەرچی ھەڵەش بووبێت. بەڵام لەھەندێ کردەوەو ڕەفتاری سیاسییانەی ناشریندا، دێو بەھمەن نەک ھەر بڕوای پێیان نییە، بەڵکو پەشیمان و لە دژیشیانە.دێوبەھمەن کەسێکە مەبەستیەتی ھەمان جوانی و پیرۆزییەکانی سەردەمی شاخی ژیانی پێشمەرگایەتی، لەژیانی ئێستاشیدا ڕەنگبداتەوە.بۆیە بڕوای بە بەشێکی زۆری ئەو کارانەو لەنێویشیان شەڕی ناوخۆ نییە، بەڵام پتر وەک پەیوەستبوونێکی حزبی و چەکداری ناچارە بیکات. کاتێ بەھۆی ھەر بارودۆخیکیشەوە بێت، ئەو ھەڵوێستانە نانوێنێت، ئیدی لەڕووی دەروونی و ویژدانییەوە ھەست بە ئارامی دەکات.بۆنموونە لەبەرامبەر شوان دەڵەکدا چ ھەڵوێستێکی ھەیە:_(خۆت بگرە شوان دەڵەک من ھەر پێشمەرگەکەی جارانم،بەڵام کە دەبینێ شوان دەڵەک لەوێ نییە خۆشحاڵ دەبێت کە خوێنی کەس ناڕێژێت وچەند خوشک و دایکێکی دیکە ڕەشپۆش ناکات ڵا٣٦). لێرەدا دەبینین کە دێو بەھمەن ھەڕەشە لە شوان دەڵەک بەھۆی ھەڵوێستێکی پێشوویەوە دەکات، سازو ئامادە دەبێت بۆ ھەر ئەگەرێک،بەڵام کاتێ دەبینی شوان دەڵەک لەوێ نییە، خۆشحاڵ دەبێت.ھەست بەئاسوودەیی دەکات لەڕووی دەروونییەوە کەخوێنی کەس ناڕێژێت. کەواتە دێوبەھمەن بڕوای بەخوێن و زمانی خوێنڕشتن نییە.ئەگەر لەڕابردووشدا کارێکی لەو شێوەیەی کردبێت، ئەوا ھەست بە پەشیمانی دەکات. بۆنموونە:_(دەبێ ئاوی چەند چۆمی ئاوا بتوانن تاوانەکانی شەڕی ناوخۆ بشواتەوە ڵا٤٠). بەئاشکرا بەھەڵوێستی دێوبەھمەنەوە دیارە، کە چەند دژی ھەڵەکانی ڕابردوو بووە. لەلایەکی دیکەوە دێو بەھمەن بەڕاشکاوی ڕەخنە لەودۆخە دەگرێت کەلەدوای ڕاپەڕینەوە ھاتە ئاراوە. بارودۆخێک کەلەڕووی ژیان و خەباتی پێشمەرگایەتییەوە، تەواو جیاوازبوو لەسەردەمی شاخ.(بەھیچ شێوەیەک ئەمەی ئێستا لە پێشمەرگایەتی جاران ناچێت،جاران لەسەر یەک خوان نانمان دەخواردوو پێڵاوی یەکتریمان لەبەردەکرد. ئێمە بۆچی شەڕدەکەین و لەسەرچی شەڕدەکەین ڵا٤٠). دێوبەھمەن لە خەیاڵی خۆیەوە بەراوردی ھەردوو سەردەمەکە دەکات، چونکە خودی خۆی، بەشداریکردووە و ھەردووسەردەمەکەی بینیوە و ئەزموونکردووە.
پێنجەم:_دێوبەھمەن و ھەندێک خەسڵەتی سایکۆلۆژی:_
بێگومان سروشتی ھیچ مرۆڤێک لەڕووی سایکۆلۆژییەوە لەکەسی تر ناچێت. مرۆڤەکان چەندە لەڕووی بایۆلۆژی و جەستەیی و جیناتی لەیەکەوە نزیک بن، ھێشتا خاڵێکی جیاکەرەوەو جیاواز لەنێوانیاندا ھەیە. ئەگەرچی مرۆڤ بەپێی ئەو ژینگەو دەوروبەرەی تیایدا دەژیت، لەکارلێکردن و کەوتنەژێرکاریگەریەتی واقیع دایە، بەڵام خودێتی مرۆڤ، دواجار ڕەھەندی دەروونی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ئەو دیاری دەکات. کەدەشێ ھەندێک خەسڵەتی سایکۆلۆژی ھەبێتن، تەنھا لەکەسیەتی ئەودابن. یاخودھەندێک خوی کۆمەڵایەتی ھەبێت، لای وەک ڕێسایەکی کۆەمەڵایەتی بن و نەتوانێت دەستبەرداریان بێت. کاتێ سەرنج لەکەسیەتی دێوبەھمەن دەدەین لەڕۆمانەکەدا، درک بەوە دەکەین کە دێوبەھمەن چەند خەسڵەتێکی سایکۆلۆژی ھەیەو باسیان دەکات. بۆنموونە:_(دێو بەھمەن دەڵێت: من لەوەتەی ھەم سەرم داپۆشم وبەتانیەکەم نەفس بڕبێت خەوم لێناکەوێت ڵا١٤٤) لێرەوە ئێمە دەزانین شێوەی خەوتن و باری جەستەیی دێوبەھمەن لەکاتی خەوتندا چۆنە.لەکاتێکدا ملیۆنان مرۆڤ ھەن،کەڕەنگە بەشێوەیەکی جیاواز لەوخەویان لێبکەوێت. بەڵام دواجارخوێنەردەزانێت دێو بەھمەن کاتێ دەخەوێت، بە چ شێوەیەک دەخەوێت.لەشوێنێکی دیکەدادەڵێت:_(لەوەتەی بەبیرم دێت ئەوەم لێ بووە بەخوکەھەموو نیوەڕۆیەک دوای نان خواردن دەبێ سەرەخەوێک بشکێنم ڵا١٤٨).دێو بەھمەن وەک فەرمانێکی داخوازی جەخت لەوە دەکاتەوە کەدەبێ دوای نیوەڕۆیان بخەوێت. واتە ھیچ دەرفەتێکی تێدانیە. ئەگەرنەشخەوێت، ڕەنگە کاریگەریەتی بکاتە سەرلایەنی دەروونی و جەستەیی. چونکە خەویەکێکە لە پێداویستییە فسیۆلۆژییەکانی مرۆڤ و نیشانەی حەسانەوە و ئارامییە. جائەگەرئەوەخەوە لەھاوینان و دوای گەرمای تاقەت پڕوکێنی دوای نیوەڕۆیانیش بێت، بێگومان ھەرزۆرپێویستە بۆمرۆڤ. دێوبەھمەن خەسڵەتی دیکەشی ھەیە. بۆنموونە:_( لەکاتێ لێکۆڵینەوەدا کاتێ داوای ئەوەی لێدەکەن ئیعتراف بکات و پەڕاوی ڵێکۆڵینەوە واژۆ بکات، دێوبەھمەن دەڵێت: وەڵاھی پەنجەم ببڕنەوە ئیمزا لەسەر ئەوە ناکەم. دەتانەوێت بمکوژن، بمکوژن ڵا٧٦). ئێمە لێرەدا لەبەردەم نموونەی کەسێک داین کەناتوانێ خۆی فریو بدات و بەساختە واژۆ لەسەرقسەیەک بکات کەھی خۆی نیین. نەک ھەر ئەمە، تەنانەت بێباکیشە لەمردن و بێمنەتانە سەرپشکییان دەکات لەوەی ئەگەر دەیکوژن بابیکوژن.لەشوێنێکی دیکەدا دێو بەھمەن دەڵێت:_(گەلێ خەیاڵی ترسناک بەمێشکمدا گوزەردەکات، بەڵام ھێز نییە پەشیمانم بکاتەوە ڵا٧٦). لەبەرامبەر ئەنجامدانی کردەوەیەکدا، دێو بەھمەن جۆرێک لەترس و دوودڵی ھەیە، بەڵام دواجار سووردەبێت لەسەر ئەنجامدانی کارەکە.ھێزیش نییە پەشیمانی بکاتەوە.کەواتە دەتوانین بڵێن کەدێوبەھمەن کەسێکی کەللە ڕەق و خاوەن بڕیاری خۆیەتی و سازش لەسەربۆچوونەکانی ناکات.
شەشەم:_ ھەڵوێستی دێوبەھمەن لەشەڕی ناوخۆدا:_
دێوبەھمەن پێشمەرگەی سەردەمی شاخە. چ لەشاخ و چ لە شار، بەشداری شەڕی حزبەکەی کردووە لە دژی نەیارانی. بەڵام ئەو بەشداریە پتر وەک پەیوەستبوونێکی حزبییە نەک لەقەناعەتەوە. چونکە کاتێ سەرنج لەھەڵوێستی دێوبەھمەن دەدەین لەھەمبەر شەڕی ناوخۆدا، تێدەگەین کەئەوچەند بێزارو پەشیمانە لەوھەڵانە. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە ھەموومان دەزانین کە شەڕ بەمانای کوشتن و خوێنرشتن وئەتککردن و چەندان دیاردەی ناشڕینی تریش. لە شەڕدا پنتێک بۆ جوانی نامێنێتەوە،بەشێکی زۆرلە مرۆڤەکان بەئەندازەیەک شەڕانی و دڕندە ئەبن، کەتەنھا خوێن دەبینن و خوێن بەری چاویان دەگرێت. وەلێ ھێشتا لەنێوئەوھەموو شەڕانگێزییەدا، دەشێ مرۆڤانێک ھەبن ژیانیان خۆشبووێت و دژی شەڕبن.دێوبەھمەن ئەگەرچی لە شەڕو زیندانیشدا، دیمەنی دڵتەزێن ئازاری گەورەی ڕوحی بینیوە، بەڵام بیرلەتۆڵە ناکاتەوەو بڕوای وایە لەبەرامبەر خوێن خوێن نییە. بۆنموونە:_(کاتێ چیا چاومار سەردەمی شەڕی شاخ و دیل کوشتنی بیردێنێتەوە، دێو بەھمەن دەڵێت:تێدەگات حەزم بە درێژەپێدانی ئەو بابەتە نییە ڵا٢٣١). واتە دێو بەھمەن حەزناکات ڕۆژانی شەڕی بیربێننەوە.لەشوێنێکی دیکەدا دەڵێت:_( کاتێ ئەو دێرانە دەخوێنمەوە بێزم لەکوردایەتی دێت ڵا٢٤٣). لەشوێنێکی دیکەدا دەڵێت:_(کاتێ بیرلەوەدەکەمەوە خیانەت لەھاوڕێکەم بکەم ئەوەندە بێزم لەخۆم دێتەوە خۆم وەک قالۆچەیەک دێتە بەرچاو ڵا٢٥٥). یاخودکاتێ سابات نەبەز دەکوژێت، دەڵێت:_( پێم عەیب نەبێت تێر دەگریم).بەھەمان شێوە، کاتێ دێو بەھمەن دیلکراوە، ئەوا یەکێک لە پاسەوانەکانی زیندان کە قژ زەردوچاوشینێکە، بێڕێزییەکی زۆر بە دێوبەھمەن دەکات و ھەوڵدەدات کەسیەتی بروشێنێ کاتێ دەست بۆ پاشەڵی دەبات. بەڵام لە شەڕێکدا، ھەمان ئەو قژ زەردە لەگەڵ چەندین پێشمەرگەی تر بەدیلی دەکەونە دەست حزبەکەی دێو بەھمەن و دەھێنرێنە ھەمان ئەو بارەگایەی دێو بەھمەنی لێیە. بەڵام ئەو قژزەردەکە ناکوژێت، بەڵکو بەدەستی یەکێکی ترلەگەڵ چەندین دیلی تردەکوژرێت. ئەمانەو زۆر نموونەی دیکەش کە لە ڕۆمانەکەدا ھەن، دەریدەخەن کە دێو بەھمەن وەک پێشمەرگەیەک چەند ڕقی لەو ڕووداوە سیاسییانە بووەوە بەھیچ شێوەیەک حەزی نەکردووە ئەنجامیان بدات. بەڵام بەھۆکاری ئەوەی پێشمەرگەو ئەندامی حزبێکەوحزبەکەشی لە گەڵ حزبی بەرامبەرلە شەڕدایە ئیدی دەبێ ئەویش بەشداربێت.
ھەفتەم:_دێوبەھمەن و شەھید ئارام:_
مەرج نییە ئەوڕووداوو گێڕانەوانەی ڕۆماننووس لەڕۆمانێکیدا باسیان دەکات، لەواقیعدا ڕوویدابن یاخود کەسایەتییەکان ھەمان ئەوکەسە مێژوویانەبن کەلەواقیعدا ڕۆڵێکییان بینیوە. وەلێ لەگەڵ ئەمەشدا،خوێنەر ئازادە لەوەی چۆن و لەکام کڵاوەڕۆژنەوە ئەودەقە دەخوێنێتەوەوڕووداوەکانی دەبینێت.لەڕاستیدا، ئەمەشە پەیوەندی خوێنەربەدەقەوە.کەڕەھەندێکی دیکەی واتایی لەدەرەوەی ڕەھەندە واتاییەکانی نووسەر بەدەقەکە بدات. ڕۆماننووس لەڕۆمانی دێو بەھمەن لەڵاپەڕە١١٦دا دەڵێت:_(بکوژەکانی شەھیدبەو ھەموو دڕندایەتییەوەکاتێ لەگوندێکدا شەھیدی دەکەن،دەست لەتەرمەکەی نادەن، چاویلکەکەی ناشکێنن،بەدوای سەیارە ڕایناکێشن،لێدەگەڕێن خەڵکی گوندەکە کە وەک گلێنەی چاویان خۆشیاندەوێ، وەکو ئازیزێکی خۆیان بەوپەڕی ڕێزەوە لەگۆڕستانەکی خۆیاندا بەخاکی بسپێرن. ژنانی گوند وەک خوشک و دایکی خۆی شیوەنی بۆدەکەن و بەکوڵ دەگرین).بڕوام وایە ڕۆماننووس لێرەدا لە سەر زاری دێو بەھمەن، باسی شەھید ئارامی سکرتێری کۆمەڵە دەکات. کاتێ خۆفرۆشەکان و ناپاکەکان لەڕۆژی ٣١_١_١٩٧٨لەگوندی تەنگیسەری ناوچەی قەرەداغ شەھیدیان کرد. خەڵکی گوند، ناھێڵن تەرمی شەھید ئارام ببردرێتەوە زێدی خۆی، بەڵکو ھەرلەوگوندەدا دەینێژن و ئێستاش ئارامگەی شەھید ئارام لەو گوندەیە. شەھید ئارام نموونەی سەرکردەیەکی پاک و شۆڕشگێڕو خەباتگێڕبوو.ھاوکات، کۆمەڵەیەکی زۆر پاک و بەبیروباوەڕبوو. تەنانەت جارێکییان لەکتێبێکدا ئەوەم خوێندەوە، کە ئەوساڵەی ئارام شەھید بوو، زۆربەی ھەرەزۆری گوندەکانی قەرەداغ ناوی ئەو منداڵانەیان نا ئارام کەدوای شەھید بوونی ئەولەدایک ببوون. دێوبەھمەنیش پێشمەرگەیەکە سەرسامە بەشەھید ئارام. بەتایبەتیش کەخۆی لەچەندین شوێنی ڕۆمانەکەدا، جەخت لەکۆمەڵەیبوونی خۆی دەکاتەوە.
دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کەڕۆمانی دێو بەھمەن، وێنەیەکی بچووکراوەی تراژیدی شەڕی ناوخۆمان پیشان دەدەات. بەڵام وێنا کردنێک لەچوارچێوەی ژانرێکی ئەدەبی بەرزدا کەئەویش ڕۆمانە. خوێنەوەی ئەو ڕۆمانە مایەی ئازارێکی قووڵە بۆمرۆڤ. بەڵام ئەو ئازارە، ئازارێک نییە بۆ ئەوەی دەروون و ڕوحی خوێنەر ئازار بدات، بەڵکو ئازارێکە لە شێوەی پەیامێک دەدرێتە گوێی سیاسییەکان کە ئیدی تاھەتایە بیرلەڕشتنی خوێنی براکان نەکەنەوە. بەڵکو دەبێ پەند لەمێژوو وەربگرن. سیحری ڕۆمان لەوەدایە خوێنەر کەمەند کێش بکات.لەو ماوانەی ڕابردوودا دەیان بەناو ڕۆمانم خوێندوونەتەوە، تەنانەت دوولەوبەناوڕۆمانانە، ھاوشێوەی دێو بەھمەن بەڵام بەجۆرێکی تر،باسی شەڕی ناوخۆ دەکەن. بەڵام جیاوازی دێوبەھمەن لەگەڵ ئەوبەناوڕۆمانانە لەوەدایە، کەدێو بەھمەن ڕۆمانە، بەڵام ئەوانی ترگێڕانەوەی مێژوون لەچوارچێوەی زمانێکی سیاسییانەی ھەژار لە ڕووی ئەدەبی.خۆزگە ئەوانەی دەستیان بەخوێنی براکان سوورە، دێو بەھمەنیان دەخوێندەوە. ھیچ نەبێ بۆ ئەوەی ئەگەر پەندیشی لێوەرنەگرن، ئەوا کەمێک تەریق ببنەوە!!!…
پەراوێز: دێو بەھمەن/ ڕۆمان/ نووسینی( محمد کەریم)/بڵاوکراوەی ناوەندی توێژینەوەی عەبدولرەحمان زەبیحی_سلێمانی/ساڵی چاپ ٢٠١٨…………..
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ بە دوو بەش لە ژمارەکانی(١٠٨٩-١٠٩٠)لە ڕۆژانی ٢٣و٣٠/٥/٢٠١٩بڵاوبۆتەوە…