نووسینی: بورھان شێخ رەئوف
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام کەزووتر ئەم بابەتە بنووسم پەیوەندیەکی تەلەفونی بوو لەنێوان من و کەسێکی زۆر نزیکمدا کەلە کەرکوک دەژی کە کەمێک ناساغەو پێویستی بە چارەسەری پزیشکیە لەوەڵامی پرسیارێکی مندا کە ووتم بۆناچی بۆلای دکتۆر چارەسەری پێویست وەربگری ووتی وەڵاھی بارودۆخی ناوشاری کەرکوک ھێندە سامناک ونا جێگیرە ناتوانم لەماڵەکەم بچمە دەرەوە , ئەمە نموونەیەکی زۆر بچکۆلەیە جگەلەکۆچی پێچەوانە لەکەرکوکەوە بۆ ھەرێم
کەرکوک نەکَ ھەر دڵ وقودسی کوردستانە بەڵکو ناسنامەی میللەتێکە کە لە دوای نسکۆی شۆرشی ئەیلول لەساڵی ١٩٧٥ چ کارەسات و مەرگەساتی وەکو ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجەو ھەموو گوندەکانی تری کوردستان و ھەزاران شەھیدی سەنگەر لەشەڕو داستانی قارەمانانەی پێشمەرگەی کوردستاندا لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین ھەموو لە پێناوی کوردستانی بوونی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی تردا بوون خۆ ئەگەر کەرکوک و خانەقین شوێنەکانی تر نەبووایە ئەوە لەبەیاننامەی ١١ ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ بەم سنوورەی ئێستەی ھەرێمی کوردستانەوە ڕژێمی پێشووی عێراق ئامادە بوو مافی ئۆتۆنۆمی بسەلمێنێت و ئەوھەموو مەرگەسات و ماڵوێرانییە بەسەر گەلی کوردا نەیەت بۆیە زۆر بە ڕاشکاوانە دەتوانم بڵێم لەدوای ھەڵگیرسانەوەی شەڕ لەساڵی ١٩٧٤ لە کوردستان و نسکۆی شۆرشی ئەیلول و ڕێکەوتنامەی شوومی جەزائیرو ھەڵگیرسانەوەی سەرلەنوێی شۆرش و ھەموو کارەساتەکانی ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە ئەنفال وکیمیابارانەوەو شەڕی عێراق – ئێران و دواتر داکیرکردنی کوێت و تاسەری دکتاتۆری خوارد ھەموو دەرئەنجامی کێشەی کەرکوک بوون , کە ئەمە باسوخواستێکی درێژە بەوھیوایەی لەداھاتوودا لێکۆڵینەوەی ووردو بابەتی لەسەربکرێت .
ئەوەی زیاتر دەمەوێت تیشکی بخەمە سەر بارودۆخی کەرکوکە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە لەساڵی ٢٠٠٣ ئەگەرچی کێشەی کەرکوک لە سەرەتاوە یاسای بەڕێوەبردی کاتی دوڵەتی عێراق و دواتر لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق کەریفراندۆمی لەسەرکرا لەمادەی ١٤٠ دا چارەسەری بۆ دانرابەڵام بەچەند میکانیزم و قۆناغێکی سەخت و دژوار وەکو ئەوەی گومان لە کوردستانی بوونی کەرکوک بکرێت وایە ,
گۆرینی دیمۆگرافیای کەرکوک و ھێنانی دەیان ھەزار عەرەبی ھاوردە لە ناوچەکانی ناوەڕاست وباشووری عێراقەوە ئەوڕاستیە مێژوویی و جوگرافیە ناگۆرن کە کەرکوک بەشێکی زیندوو لێکنەبچڕاوە لە خاکی مێژوویی کوردستان کە ساڵانێکە مشتومڕی زۆری لەسەرە تا کارگەیشتە ئەوەی مەرحومی مەلا مستەفای بەرزانی لە یەکێک لە دانیشتنەکانی گفتوگۆی نیوان شاندی حکومەتی ئەوسای عێراق و شاندی شۆرش نمونەیەکی زۆر سادە و بەجێ ی بۆ ھێنانەوە فەرمووی سینیەکم بۆ بھێنن سینیەکی گەورەیان بۆ ھێنا ووتی چیتان پێیە بیخەنەسەری ھەڵبەت بە شاندی حکومەت شتەکانیان خستە سەری دواتر ووتی کەرکوکیش وەکو سینیەکە ھی ئێمەیە ھی کوردە ئەوەشی لە سەریەتی ھی ئێوەیە ………..
ئەمانەوجگە لە مورافعەی مێژوویی بەڕێز مام جلالڕ لە ئەنجومەنی حوکم وخستنە ڕووی زۆر بەڵگەو نەخشەی مێژوویی سەردەمی عوسمانی ئیترھیچ گومانو دوودڵیەک لە کوردستانی بوونی کەرکوک نیە تەنانەت لەلایەن زۆر عەرەبی بە ویجدان و خاوەن ڕەوشتیشەوە کە دەزانن چ زوڵم ناھەقیەک بەرامبەربە کورد کراوە لەو شارەدا جگە لە چەند ئەندام پەرلەمانێکی شۆڤێنی و قەومەچی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زۆر بێشەرمانە و بێ ئابڕوانە دەیانەوێت درێژە بە سیاسەتەکانی تەعریب و تھجیر و پاکتاوی ڕەگەزی ڕژێمی پێشووبدەن ,ئەمە تا ئێستە پەیوەندی بەمادەی ١٤٠ ی دەستووری عێراق و کۆسپ وتەگەرەکانی بەردەمی بوون لە دوو خولی ئەنجومەنی نوێنەران ودوو کابینەی نوری مالیکی کارێکی ئەوتۆ نەکراوە کە لە چارەسەری کۆتایی نزیک بێتەوە .
کەرکوک شوێن و پێگەی تایبەتی ھەیە لای ھەموو تاکێکی کورد نەک ھەر لە کوردستانی باشووری خۆمان بەڵکو لای ھەموو ھێزوو تاکیکی کورد لەپارچەکانی تری کوردستانیش بەجۆریک زۆربە ی شاعیرەکان شیعریان بۆ ووتوە زۆربەی گۆرانیبێژو ھونەرمەندەکان گۆرانی و سروودیان بۆچڕیووە تابلۆیان بۆ کێشاوە , ئیستە کەرکوک رووبارێک خوێنی بۆدراوە , ئەمانە ھەمووی لەلایەک لەلایەکی ترەوە ئەوەی جێگای گلەیی و گازندەو ناڕەزایەتی خەڵکی کەرکوک وھەموو کوردستانیشە ئەوەیە خۆ لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە پارێزگاری کەرکوک کوردەوزۆر جارسەرۆکی ئەنجومەنیش کوردبووەو فەرماندەی پۆلیسیش کوردەو زۆر بەڕێوەبەرو کارمەندی تریش کوردن و دوو دەزگای ئاسایشی پارتی و یەکێتی لە کەرکوک خۆ لە کوردستانیش ئاژانسی پاراستنی ئاسایشمان ھەیە و زەبەلاحترین بوودجەو ئیمکانیاتی لە بەردەەستدایە لەلایەن کوڕی گەورەی جەنابی سەرۆکەوە بەڕێوە دەبرێت خۆ ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆ توانای مرۆیی ومادی باشیان لە بەردەستدایە ,بۆیە جێگەی سەرسوڕمان و نیگەرانیە بۆ ھەموو چاودێرێک و ھاوڵاتیەکی ئاسایی کە کورد نەتوانێت پارێزگاری لە ھاوڵاتیانی خۆی بکات چۆن سەعدیە و جەلەولا واخەریکە بەتەواوی لە کورد چۆڵدەکرێن و دوزخورماتوو کەرکوکیش لە چەند رۆژی ڕابردوودا بەر شاڵاوی دڕندانە کەوتوون بۆیە لە ئێستادا ھەموو دام و دەزگاکانی ھەرێمی کوردستان لەجەنابی سەرۆکەوە تا پەرلەمان و حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ومیدیاکان و ئۆپۆزەسیۆن ونوێنەرانی کورد لە بەغداد لەبەردەم گەورەترین بەرپرسیارێتی مێژووییدان لە کاتێکدا حکومەتەکەی مالکی دەستەڵاتەکەی لەناوچەی سەوز تێپەڕناکات وتوانای پاراستنی ئاسایش وئارامی بەغدادوشارەکانی تری نیە بەبوودجەیەکی زیاتر لە١٠٠ملیاردۆلاریەوە کە ھاوڵاتیانی عێراق لە سەرەتایترین خزمەتگوزاریەکانی ئاسایش وکارەباوئاو ودەرمان بێبەشن بە شێوەیەک عێراق لە ڕیزی یەکەمی ووڵاتانە بۆ گەندەڵی ,
لە کۆتاییدا خەمەکان زۆرن نامەوێت لەمە زیاتر بیانوروژێنم حەزدەکەم لەسەرکردایەتی سیاسی کوردو بەتایبەتی نوێنەرانی کورد لەبەغداد بپرسم :-
ئەرێ بەرپرس و فەرماندە ی دەزگا ئەمنیەکانی شاری کەرکوک کەلە چەند ساڵی ڕابردوودا شکستیان ھێناوە لەبەجێھێنانی ئەرکەکەنیاندا بەڕادەیەک زیندانیەکان لە زیندانەکانەوە ھەڵاتن کە چەندین تاوانباری دڕندەو خوێنڕێژیانتێدا بوو بێئەوەی لێپرسینەوەیان لێبکرێت لەچەند ساڵی ڕابردوودا چەند دەموچاوێکە بێئەوەی گۆڕانکاریان پێ بکرێت ؟؟
یان بۆ کاربەدەست و لێپرسراوانی حزبی و حکومی شارەکە ماڵ ومناڵەکانیان ناھێننەوە بۆ کەرکوک و وەکو خەڵکی ئاسایی شارەکە بژین…