بورھان شێخ ڕەئوف
کەرکوک پێویستی بەوە نیە من بە خوێنەرانی بناسێنم و پێشەکی بۆ ئەم وتارە بنووسم دواتر بچمە ناو بابەتەکەوە , بەڵکوکەرکوک لە چواردەیەی ڕابردوەوە ئامانج و کۆسپی بەردەم بزوتنەوەی کورد بووە لە باشووری کوردستان و ساڵانێکە خەبات و ململانێکانی کوردو دەوڵەتی عێراق بە ھەموو حکومەتە یەک بەدوای یەکەکاندا بە دەوریدا دەخولێتەوە.
ئەگەرچی تەعریبی پارێزگای کەرکوک لە ناوەڕاستی سیەکانی سەدەی ڕابردوەوە دەستی پێکردووە بەڵام لە سەردەمی حوکمڕانی بەعسیەکاندا (١٩٦٨-٢٠٠٣) گەیشتە لووتکە و سەرەڕای لە قاڵبدانی کەرکەوک و ھێنانی عەرەبی ھاوردەو وەدەرنانی کورد واتە ڕاگواستن بۆ شوێنەکانی تری عێراق نەیانتوانی سیماو ناسنامەی کوردستانی ئەو شارە بگۆڕن .
لەلایەکی ترەوە پێمباشە ڕاستیەکی مێژوویی وەبیربھێنمەوە بۆ ھەموو لایەنەکانی ئەم کێشەیە کە دەکرێت بۆ ئێستا کەڵکی لێوەربگیرێت و جارێکی تر ڕوداوەکانی ڕابردوو دووبارەنەکەنەوە وەکو ئەوەی ئێستا ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت دەستی داوەتێ ,کەرکوک بووە ھۆی شەڕی عێراق و ئێران دواتریش کەرکوک بووە ھۆی داگیرکردنی کوێت لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە چونکە گەر لەبەر کەرکوک نەبایە عێراق پەیماننامەی جەزائیری لە گەڵ ئێران واژۆ نەدەکردو دەستی لە نیوەی شەتولعەرەب ھەڵنەدەگرت بۆ ئێران و دواتر دوای ڕووخانی شای ئێران پەشیمان بێتەوە .
ئەگەر چاوێک بە زنجیرەی ئەو ڕوداوە یەک بە دوای یەکانەدا بخشێنین ھەموو ئەو ڕاستیە حاشا ھەڵنەگرانەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەو جەنگ و کاردانەوانەی نێوان عێراق ئێران و عێراق کوەیت و دواتر عێراق ئەمریکاو ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتی و گەمارۆی ئابوری سیازدە ساڵەی جیھانی لە سەرعێراق و ھەموو قوربانی و زیانەکانی عێراق ھەر بۆ مەسەلەی کوردو بە تایببەتی تر بۆ کەرکوک دەگەڕێتەوە .
ھەموو ئەوانە لە لایەک لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەشەوە ھەرچەندە کورد بە شێوەیەک لە شێوەکان حوکمڕانی ئەو شارەیە وەکو کێشەیەکی ناوەندی و گرنگ و جەنجاڵ ماوەتەوەو سەرەڕای ئەوەی لە یاسا بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بەندی ٥٨ و لە دەستووری عێراق بە بەندی ١٤٠ جێگیر کراوە و دەبوو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ ئەو بەندە جێبەجێ بکرێت بەڵام تائێستا بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە کەس خۆی ناکات بەخاوەنی ئەو بەندەی دەستوور و حکومەتەکان دەڵێن کوردەکان خۆیان کاریان بۆ نەکردووەو کوردیش حکومەت تۆمەتبار دەکات بە جێبەجێ نەکردنی.
لە شەڕی داعش و سەرھەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی داعشیشەوە سوپای عێراق ھەرەسی ھێناو ھێزەکانی پێشمەرگە پاراستیان لە شەڕی تیرۆری داعش بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە بە تایبەتی تورکمان و عەرەبیش ڕۆژێک نەمانبیست تورکمان بڵێت پێشمەرگەی کورد ئێمەیان پاراست تا پێیان کرا دژایەتی کورد و حوکمڕانی کوردیان کرد لەو شارەدا ئیتر نازانم ھۆکارەکەی چیە دەبێت کاربەدەستانی کورد لەو شارە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە.
تائێرە بە ھەرحاڵ ئەوەی گرنگە دوای ١٦ ئۆکتوبەر دوای لابردنی پارێزگاری پێشوو بە زۆر تۆمەت کە جێگەی داخە لەکەرکوکی دڵ و قودس و ھەناسە وھەمووشتێک کاربەدەستی کورد تێوە بگلێت بە گەندەڵی و کەرکوکێک کە ڕووبارێک خوێنی بۆ بەخت کراوە بکرێتە قوربانی بەرژەوەندی کەسی و حزبایەتی کەسیش نقەی لێوەنەیەت تا تەقینەوەی ھەموو کێشەکان .
کەرکوک ئێستا نوێنەرەکانی جێیان ھێشتووە خەڵکی کەرکوک بۆ یە دەنگی بەوانە داوە کەلە ژێر ھەموو فشار و بارودۆخێکدا بەرگری لەماف کانیان بکەن ئەوان لە جیاتی خەڵکی کوردی کەرکوک شەڕی مافەکانیان بکەن چۆن نوێنەرەکانی پێکھاتەکانی تر واتە عەرەب تورکمان لە ھەموو گۆڕانکاری و دۆخە جیاوازەکاندا سەرسەختانە بەرگریان لە پێکھاتەکانی خۆیان کردو قوربانیشیان دا لەو پێناوەدا .
ئێستا کەرکوک لە دوڕیانی ھات و نەھاتە نوێنەرانی کورد لە کەرکوک لایەنە سیاسیەکانی کورد لەوشارە ئۆباڵی مێژووییان لە ئەستۆدایە بەرژەوەندی حزبایەتی یان کەرکوک تەعریب و گەڕانەوەی ھاوردەکان بۆ کەرکوک و لە دەستدانی ھەموو دەستکەوەتەکان ئەوەی سەرەتاکەی لە سەرگەڕان و شوێنەکانی تر دەرکەوتووە سەرەتایەکی سامناکە و گەڕانەوەیە بۆ چوار گۆشەی یەکەم و کوشتن و سەربڕینی بەندی ١٤٠ و ھەموو بنەماکانی دەستووری عێراقەو لە ھەمان کاتدا ھەڵدانەوەی لاپەڕ ڕەش شوومەکانی ڕابردووی ململانێکانی کوردو عێراقە لە سەر کەرکوک و دڵنیام کەس کەڵک لەم پرۆسە شوومە نابینێت جگە لە دوژمنانی عێراق و بە فیڕۆدانی سامان وداھاتی وڵات .