ئەگەر هێزە کوردییەکان پاشی ڕاپەڕینی 1991، ئاخاوتەیەکی سیاسیی نەتەوەییی یەکگرتوویان هەبایە، دەشیا شوین و پێگە و چارەنووسی ئیتنیکیی کەرکووک وەک ئێستا نەبایە و ئەگەر ئەم کێشە نەتەوەیی_جوگرافییە یەکلایش نەکراباوە، دڵنیام نێزیکی چارەسەر و بەلاداخستن دەبوو.
لە مێژووی بزووتنەوەی هاوچەرخی کورددا، هەمیشە ئاخاوەتەی حیزب و بەرژەوەندییەکانی دەستەڵاتی حیزب، بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی لە بنهەنگڵ ناوە و حیزبی کوردی هەرگیز بیری لە دەستەڵات وەک دەستەڵاتی نەتەوە نەکردووەتەوە بگرە کاری بۆ دەسەڵاتێک کردووە ئەگەر هەموویشی نەبێت پشکی گەورەی بەر خۆی بکەوێت.
پشکەکانی دەستەڵاتی بەڕێوەبردن لە کەرکووکدا (ئەگەر نەتەوەکانی ناکوردی لێ وەدەرنێی و تا ئەو جێگایەی پێوەندی بە کوردوە هەبێت) نموونەیەکی گچکەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی بیست ساڵانی هەرێمی کوردستانە و وێڕای دابەشکردنی لەنێوان و پارتی و یەکێتیدا، مەکۆیەکی فراوانی ململانێی سیاسەت و دەستەڵاتی ئەم دوو حیزبەیە و ئەمەش جگە لە کاردانەوە سیاسییە نەرێنییەکانی لە چوارچێوە و نێوەندی سیاسیی دەوڵەتی ئێراقدا، کارکردێکی نەرێنیی بەرچاوی لە کایەکانی بەڕێوەبردن، ئاوادەنکردنەوە و خزمەتگوزاریدا بۆ خەڵکی کەرکووک لێ کەوتووەتەوە
و مەودایەکی فراوانی بێمتمانەییشی لەنێوانی نەتەوە و کەمینەنەتەوەییەکان و دەستەڵاتی هەرێمی کوردستاندا خولقاندووە.
لە پاشی ڕووخاندنی سەدامەوە و ئێستاشی لەگەڵ بێ، هێزە سیاسییەکانی کورد، بە دەستەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنەوە، چ لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی کەرکووکدا و چ لە پرۆسەی هەڵبژاردنە لۆکاڵی و سەرتاسەرییەکاندا، یەک ئاخاوتە و یەکگرتوو نەبوون و نەیانتوانیوە هێندەی سەنگی خۆیان و ڕێژەی کورد لەو ناوچەیەدا، دەنگ وەدەست بهێنن و پێگەی کورد پتەو بکەن.
چارەنووسی کەرکووک لە هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆز و تێکچرژاوەکانی هەرێم، ئێراق و ناوچەکەدا لە گێژاودایە و لێڵ و ناڕوونە.
دەرچوون لەم گێژاوە و گەیاندنی کەرکووک بە کەنارێکی ئارام و کوردخواز، هەژان و وەرچەرخانیکی لە تێڕوانین و ئەقڵی سیاسیی کوردیدا گەرەکە. پرۆسەی خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی ئێراق لە کەرکووکدا، پێی وتین کە تاپۆی ئەم گۆڕان و وەرچەرخانە لە بینین و بیرکردنەوەی حزبە کوردییەکاندا جارێ نائامادەیە. یەکلیستی لە هەڵبژاردندا، ئەگەر خەسڵەتێکی خراپی پرۆسەی دیموکراتی بووبێت لە هەرێمی کوردستاندا، ئەوا بۆ کەرکووک دەشێ مەسەلەیەکی گرنگ و چارەنووسساز بێت. حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، بە هەر بیانوو و پاساوێک بێت، نەیانتوانی لە کەرکووکدا، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، یەکلیست و یەکگرتوو بن و ئەمەیش لە داهاتوودا ئەنجامێکی وەها نەخوازراومان دەداتێ کە پێگەی کورد تووشی لەرزین دەکات و حیزبە کوردییەکانیش لەئاست ئەم چارەنووسەدا و لەبەردەم مێژووی سیاسی و نەتەوەییی ئێمەدا بەرپرسیارن.
پشکۆنەجمەدین
24ی دێسامبەری 2013
گۆڤاری شار، ژمارە 17، 1ی یەنیوەریی 2014