بەیەکەوە پیاسەمان دەکرد، ئەو جگەرەیەکی داگیرساند و بەحەسرەتەوە مژی یەکەمی لێدا و دوکەڵەکەی کرد بە هەوادا، لە رێکردن بەردەوام بووین و ئەوەی بهاتایەتە سەر زمان و بەرچاومان باسمان دەکرد، ئاگام لێبوو تاو نا تاوێک بە هەمان حەسرەتی یەکەم جارەوە مژی لە جگەرەکەی دەدا کە نزیکی تەواو بوون بوو، هەر کە دوا مژی لە جگەرەکەی دا و تەواو بوو، سەرنجم دا چەند جارێک روانییە ئەملا و لای خۆی و بە هێمنی و سەرسوڕمانەوە گوتی ئەمەش نەگبەتییەکی ترە!، دەمێکە چاو دەگێڕم بەدوای تەنەکەیەکی خۆڵدا، نایدۆزمەوە!، سەیرێکی کردم و دیسان گوتی ئێستا چی لەم جگەرە نەگبەتییەم بکەم و فڕێی بدەمە کوێوە؟! ئەگەر هەر لەسەر شەقامەکە فڕێی بدەم، خەڵکی چیمان پێ دەڵێن و چ تانە و تەشەرێکمان لێدەدەن؟!
گوتم روونە، ئەوەی کە بمانناسێت، دەڵێت سەیرکەن ئەم دوانە خۆیان بە رۆژنامەنووس و موسەقەف و هەڵا هەڵا دەزانن و لە رۆژنامەکانیش هەر هاوار هاواری هەستی نەتەوایەتی و پاراستن و پاک و خاوێن راگرتنی جادە و شەقامەکانی وڵاتیانە، کەچی خۆشیان ئەمە مامەڵە و وەزعیانە!، پرسی باشە ئێستا چی لەم جگەرەیەم بکەم؟! گوتم فڕێیدە سەر شەقامەکە. هەر کە ئەو قسەیەم کرد، بە نێوچەوانێکی گرژەوە سەیرێکی کردم و مۆڕەیەکی تێسرەواندم، منیش هەستم کرد کە شتێکی هەڵەم گوتووە، گوتم داوای لێبووردن دەکەم، بەڵام باشە ئەی چی لێدەکەی؟ خۆ ئەمە پارچە کاغەزێک نییە کە بیخەیتە گیرفانتەوە و کە تەنەکەیەکی خۆڵت بینی بخەیتە ناوی؟. بەهەرحاڵ خوا کردی خۆڵ و پیسییەکی زۆرمان بینی کە لەسەریەک کەڵەکە کرابوو و گوتم هەتا نەبووە بە شەڕمان جگەرەکەت فڕێدە ناو ئەو خۆڵ و خاشاکە و با نەجاتمان بێت!.
گەیشتینە لای کابینەی رۆژنامەفرۆشە دۆستەکەمان و بۆ وەرگرتنی چەند رۆژنامەیەک چووینە لای، بەڵام پێش ئەوەی بگەینە لای، هەستایە سەر پێ و بەرەو روومان هات و گوتی توخوا بەمەش دەڵێن کار و کاسبی؟! پرسیم چی بووە؟ لە وەڵامدا گوتی لە بەیانییەوە لە وەزارەتی شارەوانیم و کەمێکە گەڕاومەتەوە. پرسیم بۆ؟ گوتی ئەم بەیانییە ئۆتۆمبێلێکی شارەوانی هات و ویستی کتێبەکانم ببات!، بۆیە چوومە لایان و رازیم کردن کە دەست لەمە هەڵگرن!، ئینجا بیانویەکی تریان هێنایەوە و گوتیان دەبێت رۆژنامە و گۆڤارەکانت بخەیتەوە ناو کابینەکە و لە دەرەوە دایان نەنێیت، لە وەڵامیشدا گوتم چۆن بتوانم ئەو سەدان رۆژنامە و گۆڤارەی کە لەم وڵاتە دەردەچێت لەم کابینە بچووکەدا جێ بکەمەوە؟!.
سەیرتر لەمە ئەوەیە بەو رۆژنامەفرۆشە داماوەیان گوتبوو پێویستە ئێوە خەڵکی فێری وەعی بکەن!، ئەویش پێی گوتبوون حکومەتێکی وا گەورە نەتوانێت ئەم خەڵکە فێری وەعی بکات، چۆن من بە تەنیا ئەمەم پێ دەکرێت؟!.
بۆیە من دەپرسم وەزارەتێکی زەبەلاح نەتوانێت بیست تەنەکەی خۆڵ لەناو بازاڕ دابنێت تا خەڵکی پاشماوە و خۆڵ و خاشاکی تێ بکات ئەی دەبێت ئیش و کاری چی بێت؟! ئەمە لەکاتێکدا کە بەهۆی ئەوەی هەموو رۆژێک بە بەردەمی ئەو وەزارەتەدا هاتووچۆ دەکەم، لەکاتی تەواو بوونی دەوامدا لەشکرێک کچ و ژنی جوان و ناسکۆڵە لەم وەزارەتە دێنە دەرەوە کە ئەم خەڵکەی لەوێوە گوزەر دەکات، لەبەر شۆخی و ناسکی ئەوان چاویان ئەبلەق دەبێت و نازانن سەیری کامیان بکەن!.
بۆ مەسەلەی (وەعی)ەکەش منیش هەمان ئەو قسەیەی ئەو رۆژنامەفرۆشە دەکەمەوە و دەڵێم حکومەتێکی وا گەورە نەتوانێت ئەم خەڵکە فێری وەعی بکات، چۆن رۆژنامەفرۆشێکی داماو بە تەنیا ئەم هەموو خەڵکەی پێ رۆشنبیر دەکرێت و دەتوانێت فێری وەعییان بکات؟!. نازانم دەبێ حکومەت خەڵکی فێری وەعی بکات و هۆشیاریان بداتێ و باش و خراپیان نیشان بدات، یان خەڵکەکە حکومەت فێر بکات؟!.