دیــدار نانەکەلی
بە تێپەڕبوونی زەمەن، نەریتە کۆمەڵایەتیەکان کاڵبونەتەوە، بەئەندازەی تامەزرۆبون و ھیواخواستنی ھەمووان بۆ گەڕانەوەی بەرائەت و جوانی جاران.
دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی ئەمڕۆش گوزارشتن لە دڵڕەقی و داچۆڕان لە ھزر و رۆشنبیری تاک.
زۆر جار (ئینسانیەت ) ئەوەی پەیوەندی بەناخەوە ھەیە ،دەتوانێت تەواوی کەم و کوریەکانی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی بشارێتەوە
بەڵام قەرەبوی نارۆشنبیربوون ناکاتەوە.
دواکەوتوویی ئاستی رۆشنبیری تاک مەترسیەکی گەورەی کۆمەڵایەتیە لەسەر ئاستی گەشەسەندنی تەواوی بوارەکانی ژیان دەشکێتەوە. ھزروتێڕوانینی تاک لەتوانای دایە کاریگەری گەورە لە گۆڕانکاریەکان دروست بکات،ھەنگاو بەھەنگاوی ئاراستەکانی ووڵات دیاری بکات.
بەبێ رۆشنبیری تاک ھیچ ھەنگاوێک بۆ پێشکەوتن بەدی ناکرێت.دواکەوتویی گەورەترین کارەساتە کە روبەرووی کۆمەلگا بێتەوە، بۆ دەربازبوون شۆڕش و راپەڕینی مەزنی ھزری گەرەکە. ھەڵسانەوەی کۆڵەکە شکاوەکان،بە پێویست زانینی رۆشنبیریە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.
نکۆڵی لەوە ناکرێت کە دەسەڵاتی ئیدارەدان و ساسەت بەرپرسی یەکەمە لە ئاستی رۆشنبیری تاک بەتاکی کۆمەڵگا، چونکە کەرەستەکانی پێشخستنی ئەو بوارەی لە ئەستۆدایە، لە سیستەمی پەروەردە و زانکۆ، سەرپەرشتی کردنی ئاراستەی راگەیاندن و دەزگاکانی وەشان، دواتر لە رێگەی دامەزراوەی رۆشنبیری ھەوشێوەی وەزارەتی رۆشنبیری لیپرسراوەتی بەگەرخستنی داینەمۆی ھزرە، بەھۆی چاڵاکیە بەرفراوانەکانی بواری ئەدەب و نوسین، تا رێکخستنی دامەزراوە ئاینیەکان بۆ خزمەتی تێڕوانینی دروستی کۆمەڵگا بۆ ژیان و چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ کردنی.
خۆ ئەگەر دەسەڵات لەھەرووڵاتێک ویستی دواخستنی پرۆسەی رۆشنبیری تاکەکانی ھەبێت،تەنانەت ھەوڵی مەنگ بوون و پەنگ خواردنەوەی تێڕونینەکانی کۆمەڵگای ھەبوو، گومانی تێدا نیە ھەنگاو بەرەوە دیکتاتۆریەت و حوکمی ناتەندروست و ویرانکەر دەنێت و چارەنوسی ھاوڵاتیان ڕەش دەبێت و زەمەنێکی یەکجار زۆری پێویستە بۆ گەڕانەوەی ھەقیقەتی ژیان.