توانا حەمە عەلی: ئەستەمە لە دەسپێکی بەھار و لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز دا بەبێ گۆرانی ( ئەمرۆژی ساڵی تازەیە نەورۆز ئەھاتەوە … …جەژنیکی کۆنی کوردە بە خۆشی بەھاتەوە ) بتوانین ئەم جەژنە پیرۆز کەین ,ئەستەمە ڕۆح و دەرونمان بکەویتە نەشئە و بزەو جوڵە و ڕووەو گەشت و گوزار و بەرەو رووی لالە و نزار مل بنێ , زۆر ئەستەمە دەستەکانمان بتوانێ گر لە مەشخەلی نەورۆز بەر بدات و بانگی ئازادی ھەڵ بدات ,
ئەستەمە بتوانین خورپەیەک بە ھەستە نەتەوایەتی یەکانمان بدەین و گیان و ژیان بکەینەوە بە بەری کورد بوون و کوردایەتی یەتیماندا , ئەستەمە بەبێ شاری سلیمانی کە زیندوکەرەوەی ئەم یادەیە لە سەر دەستی سێ ڕۆحی جاوید کە پیرەمیرد ی فەیلەسوف و شاعیری گەورەی کورد لە ڕیگای ھۆنراو ەو ووشە سازی پرئیستاتیکای نەتەوایەتیەکەی وڕۆحی حەمە سالح دیلان بە یەکەم چریکەی ئەم گۆرانیە گیانیان بەبەر ئەم جەژنە نەتەوەیاتیەی بکەن کە لە ژیر زوڵم و ستەمدا لەبیر کرا بوو .ئەمانە ئەو سمبولانەن کە زیند و کەرەوەی ئەم جەژنەن لە سەرتاسەری چوار پارچەی کوردستاندا ناکرێت ڕۆحیان لە بیرکەین ,دواجاریش ئەستەمە بەبێ چریکەی حەسەن زیرەک و ڤیولۆنەکە ی میرزادە ھەست بکەین ئەمرۆژی ساڵی تازەیە نەورۆز دێتەوە .ئەم گۆرانی یە ھیندە ھەست بزوینە وەک ئەوەی بۆماوەیی بێ ھەر بە زارۆکی لە گەڵماندا یە و ھەموو ووشەکانیمان ئەزبەرە. لە کۆتایی ساڵانی ١٩٥٠ وە لەسلیمانی یەوە ھەموو نەورۆزێ دێ بە دێ شار بەشار ئەگەرێ پارچە بە پارچە ی کوردستان و ھەر جێ یە کوردێکی لێبێت ئەگەرێ .ئەتوانم بڵیم کارگەری بۆ ھەستە ناسیونالیستی یەکان ی نەتەوەیی کورد , ھاو تای (ئەی ڕەقیبە) .بۆ یە لیرەدا ئەڵێم ڕۆحیان شاد و نەورۆزتان پیرۆز …بەڵام بۆ ئەم یادە دەمەوێت ھەڵەیەک لە میژووی ئەم شاکارە ڕاستکەمەوە کە ئازاری من و موزسیانێکی گەورە ئەدا کە پیویستە پرسیار بکەین لە ڕۆحی سێ یەم و بڵێین ئاوازی کێ یە؟ ھەر خۆشم وەڵامەکەشی ڕابگەینم کە خاوەنی ئاوازی پڕ جۆشی ئەم گۆرانی یە موزسیانی گەورە (قادردیلانە) نەک( حەمەسالح دیلان )ی برای چونکە بەڵگەی ئاشکرا و حاشا ھەڵنەگر ھەیە کە حەمەسالح دیلان زیاتر لە بواری دەنگ بیژی و مقامدا کارامە بووە نەک ئاواز دانان و قادر دیلان ھەم موزیسیان بووە ھەم ئاواز دانەری ناوازەو لە کۆتایشدا گۆرانی بێژیش بووە . یاخود زۆریک بە ئاوازی حەسەن زیرەک تێ دەگەن چونکە زۆر لیزانانە توانیویەتی بۆجاری دووەم کە ئەم گۆرانیەی لە دەنگی (دیلانەکان) وە وەری گرێ و بە ڕتم و جوڵەیەک کە تایبەتە (بە تەنھا بە حەسەن زیرەک) مۆرکیکی تری کوردانە بەبەری دا بکات ھیندەی تر ڕۆحی کورد بوونی تیادا تۆخ کاتەوە تایبەت نەبێت بە ناوچەیەک و ناوچەگەری تێدا کاڵ کردۆتەوە بەڵام بە بێ ئەوەی گۆرانکاری لە ڕەچەلەکی ئاواز و لە سکێچی ئاوازەکەدا بکات ئەگەر گوێ لەھەردوکیان بگریت ھەمان ئاوازن و ھەمان ستایلە بەلام تەکنیک لە سەردەمی دیلانەکاندا زۆر لاواز بوو ە لە رووی تۆمار کردن و تەنانەت ئامیرەکانی عود وکەمان تازە لە بروەو چەکەرەدا بوون .بەداخەوە بەھۆی ئەوەی پێشینەکانمان ئەو مامۆستا موزیکی یە گەورانەی کە ھاوڕێ یان بوون و لەسەردەمی ئەواندا ژیاون بە ھۆی ئەوەی کە کەمترینیان بایەخیان بە کۆکردنەوەی کەلەپوور و فەرھەنگی موزیکی کورد ی و خۆیان و پێشینەکانیان داوە تەنانەت زۆر جار چیرۆکی دانانی ئەم گۆرانیانەشیان بە ھەڵە گەیاندۆتە شاگردانی وەک ئێمە ,بۆیە من وەک شاگردیکی موزیکی و بە ئەمەک بۆ پێشنەکانی خۆم بە دەقی چاو پێکەوتنێک لە گەڵ خودی (قادردیلان )دا ئەم ھەڵە یە بەبەڵگە یەک ئەسەلمێنم و ڕاستی دەکەمەوە بە ھیوای ئەوەی ڕۆحی (قادردیلان) لە بیر نەکەین وون کردنی ئەو سمبولە زیان لە کلتوورمان دەدات و , رۆحی ئەوان ئازار ئەداا کە لەسەر گرفان و ماندو بوون و چنگەڕنێ کلتوور و فەرھەنگ موزیکیان پاراستووە.ئەمەش دەقی چاو پێکەوتنەکەیە لە گۆڤاری چل ئاوازکە تایبەتە بە موزیک و گۆرانی لە کانونی ٢٠٠٨ بڵاو کراوەتەوە, بەڵام گۆڤارەکە ژمارەی لەسەر نی یە لە لایەن کاکە سوور /ھۆڵەندا ئامادەکراوە.کە ئەمە بەشێکی تایبەتە بەم باسە دەقەکە لە زاری قادردیلان وە وەک خۆی نووسراوەتەوە
قادردیلان( ئەمرۆ ھیچ مناڵیکی کورد نیە سروودی نەورۆز ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆز ئەھاتەوە,نەزانێت کەمن نیو سەددە لەمەو بەر ئاوازم بۆ داناوە ,باباسێکی ئەماتان بۆ بکەم چەند ڕۆژێکی پێش نەورۆزی* ساڵی ١٩٤٨ لە بەردەرگای تیپی مەولەوی لەگەڵ ھونەرمەند (نەجاتی عەبدە)وەستا بووین.پیرەمێردی شاعیر(حاجی تۆفیق) ھاتە لامان و ووتی :ھۆنراوەیەکم بۆ یادی نەورۆز و ئەو چوار ئەفسەرە قارەمانەی کە نووری پاشا لە سیدارەی دان نووسیوە زۆر حەز ئەکەم ئاوازیکی بۆ دانێیت و کاکیشت واتە (حەمەسالح دیلان) بە دەنگە خۆشەکەی بیچڕێت ,پیرەمێردی شاعیر لەسەر پارچە کاغەزێک ھۆنراوەی نەورۆزی بۆ نووسیمەوە بە سێ چوار ڕۆژان ئاوازی سروودی نەورۆزم داڕشت و کاکە
(حەمە ساڵح)یش بۆیەکەمین جار لە ڕۆژی نەورۆزی ئەو ساڵدا ووتی ,جگە لەوەش تاکو ئەمرۆ دەیان ئاوازم ھەیە کەلەسەر زاری نەوەی ئەمرۆن و دەیچریکێنن).
بەڵام تێبینەکم ھەیە بۆ ساڵی ١٩٤٨ بە ساڵیکی دروستی نازانم بۆ میژووی ئەم گۆرانی یە چونکە لە ساڵی ١٩٤٨ موزسیانی گەورە ئەو لە سەرەتای فیر بوون دا بووە ,وە ھەروەھا لە ساڵی ١٩٥٥ تیپی مەولەوی دامەزراوە بۆیە لە ساڵی ١٩٤٨ دا ئەو تیپە بوونی نە بووە پێدەچێت یادەوەر یەکان خیانەتیان لێکردبێت یاخود کۆتای تەمەن تەنگی پێ ھەڵچنی بێت و غوربەت زۆریک لە یادەوەریەکانی دزیبێت بۆیە ساڵی تەواو بە برواو ریسێرچی من ساڵی ( ١٩٥٨)ە نەک ساڵی ١٩٤٨ بێت . لە کۆتایدا نەورۆزتان پیرۆز خەونی شاعیرانەی چەندین سەددە سەربە خۆی ببێت بەڕاستی لە نەورۆزێک لە نەورۆزەکاندای ساڵانی ئایندەدا..
توانا حەمە عەلی .. ١٩ ی٣ ی ٢٠١٢