مەسعودی مەلا ھەمزە :فیلمی سینەمایی “کیسەڵەکانیش دەفڕن” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی وەکوو ١٠ فیلمی بەرچاوی دنیا دەستنیشان کراوە کە ناوەرۆکەکەی سەبارەت بە منداڵانی ھەتیو، بێ سەرپەرەست و بێ ماڵ و حاڵە.
فیلمی سینەمایی “کیسەڵەکانیش دەفڕن” لە دەرھێنانی سینەماکاری بەتوانای کورد بەھمەن قوبادی کە تا ئێستا زیاتر لە ٨٠ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەشدارییەکی بەرچاوی کردووە و بە وەرگرتنی ٤٣ خەڵاتی نێونەتەوەیی لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی دنیا یەکێکە لە پڕ شانازیترین فیلمە سینەماییەکانی مێژووی سینەمای وڵاتی ئێران و کوردستان، بەم دواییانە وەکو یەکێک لە ١٠ فیلمی بەرچاوی دنیا ھەڵبژێردراوە کە ناوەرۆکەکەی سەبارەت بە منداڵانی ھەتیو، بێ سەرپەرەست و بێ ماڵ و حاڵە.
لەم لیستەدا ناوی فیلم گەلێک وەکوو: فیلمی سینەمایی “منداڵی وەحشی” لە دەرھێنانی “نایک مۆر”، فیلمی سینەمایی “پاڵەوانی زلھێز” لە دەرھێنانی “کریگ مازین”، فیلمی سینەمایی “ئالێن” و ھەروەھا چەندین فیلمی دیکە بەرچاو دەکەوێت.
ئەم فیلمە لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا، لە لایەن رێکخراوەی “ھارڤارد فیلم ئەرشیڤ” سەر بە زانکۆی ھارڤارد، لە بەرنامەیکدا بە ناونیشانی “رێزلێنانی لە بەھمەن قوبادی” مانگی ئەپریلی ئەمساڵ لە شاری بۆستۆنی پێتەختی ویلایەتی ماساچۆسێتی وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی “کیسەڵەکانیش دەفڕن” لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٠ لە تەنیشت فیلم گەلێک وەکوو “بابێل” لە دەرھێنانی “ئێلخاندرۆ گۆنزالێس ئیناریتۆ” چووە ناو لیستی باشترین فیلمەکانی ١٠ ساڵی رابردووی دنیا بە ناوەرۆکی شەڕ و ئاشتییەوە و زۆربەی ماڵپەڕە سینەماییەکانی دنیا ئەم فیلمەیان وەکوو ١٠٠ فیلم و یا ٢٠٠ فیلمی بەرچاو و سەرکەوتووی ١٠ ساڵی رابردووی دنیا دەستنیشان کردووە.