زانا دزەیی : کۆنسێرتەکەی “رۆژێک بۆ ڤالانتاین” کە بڕیاربوو ١٠ی مانگ بە بەشداری “سالار مەحموود و نازێ عەزیزی و دڵنیا قەرەداخی و ماجد” لەھۆڵی تەلای ھونەر لەسلێمانی ئەنجام بدرێت، دواخرا بۆ مانگی نەورۆز.
سیروان، بەڕێوەبەری گشتی تەلاری ھونەر لەبارەی ھۆکاری دواخستنی کۆنسێرتەکە رایگەیاند “لەبەرئەوەی دوو ھونەرمەند لەو ھونەرمەندانەی کە بڕیاربوو بەشداربن لە کۆنسێرتەکە بەھۆی کاری تایبەتی خۆیانەوە ناتوانن لە ١٠ی مانگ ئامادە بن، بۆیە بە باشمانزانی دوایخەین بۆ مانگی نەورۆز”.
بەڕێوەبەری گشتی تەلاری ھونەر وێڕای داوای لێبوردن لەو کەسانەی کە پلیتی کۆنسێرتەکەیان بڕیووە، ئاماژەی بەوەشدا ئەو ھەزار کەسەی کە پلیتەکەیان بڕیووە دەتوانن سەردانی تەلاری ھونەر بکەن بۆ وەرگرتنەوەی پارەکەیان.
لەلایەن خۆشیەوە ھونەرمەند دڵنیا قەرەداخی گوتی “زۆر داوای لێبوردن دەکەم کە نەمتوانی ئامادە بم، بێگومان لەمانگی نەورۆز کۆنسێرتەکە ئەنجام دەدەین و لەنزیکەوە چاوم بە جەماوەرەکەم دەکەوێت، رێز و خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ خەڵکی سلێمانی ھەیە”.