ئێوارەی دوێنێ 12.ئایار لە هۆڵی (Villa Leon) لە شاری نۆرنبێرگ لە وڵاتی ئەڵمانیا. بەدەنگی دەهۆڵ و زورنا و شایی کوردی.رۆژانی کەلتووری کوردی کە لە لایەن ماڵی گەلی میدیا لە نۆرنبێرگ ئامادەکراوە دەستی بە چالاکییەکان کرد. دەستێپکی چالاکییەکە بە پارچە شاییەکی کوردی لە لایەن گروپی مناڵانی (Diaspora Crew) ی سەر بە ماڵی گەلی میدیا رازایەوە.
دوای ئەوەی بەرنامە و ئامانجی ئەم چالاکییە لە لایەن ماڵی گەلی میدیا خوێندرایەوە، هەریەک لە نوێنەری پارێزگاری نۆرنبێرگ و حەمید گەیلان ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی (BDP) کورد وتەیان پێشکەش کرد.
دواتر هونەرمەندی دەنگ خۆش و پەنجە زێرین (تارا جاف) هاتە سەر شانۆ وبەگۆرانییە پر لە ئەوینەکانی و بە نەغمەی چەنگە ناسکەکەی تەواوی هۆڵەکەی عەشق باران کرد. تارا جاف جیا لە هونەرمەندانی تر، قسە خۆشەکان و خەندە پر سۆزەکانی تێکەڵ بە موزیکەکەی دەکات و ئەوەندەی تر ئامادەبووانی هێنایە جۆش و خرۆش. بە چەندین گۆرانی بە زاراوەکانی هەورامی و سۆرانی و کرمانجی تا درەنگانی شەو کۆنسێرتەکە بەردەوام بوو.
هەروەها لەم کۆنسێرتە هونەرمەندی دەف ژەن(نوروڵا زازاکی) هاوکاری تارا جافی کرد.