مەسعودی مەلا ھەمزە : ھەروەک پێشتر بەڵێنیاندابوو، ئەنجومەنی سەندیکای ھونەرمەندان لە ھەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دەستەبەرکردنی تەواوی مافەکانی ھونەرمەندان، نوێترین کاری ئەو سەندیکایە وەرگرتنی بەڵێنی گەڕاندنەوەی کۆشکی ھونەرە بۆ باوەشی ھونەرمەندان.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان لەبەرئەوەی ئێستا بەشێکی زۆری باڵەخانەی کۆشکی ھونەر کەلوپەلەکانی تەلەفزیۆنی پەرلەمانی تێدایە، کە پێشتر سەتەلایتی نەورۆز بوو، بۆیە سەندیکا نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەی تەواوی باڵەخانەی کۆشکی ھونەر بگەڕێندرێتەوە بۆ ھونەرمەندان و کاری خۆیانی تێدا بکەن و سەرۆکی پەرلەمانیش وەڵامی داونەتەوە.
ھەر لەو راگەیەنراوەدا ھاتووە کە لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرلەیانی رۆژی شەممە ٢٣/٤/٢٠١١ شاندێکی ئەنجومەنی سەندیکای ھونەرمەندان و لقی ھەولێری سەندیکاکە سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کردووەو لەوێ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان دانیشتوون و باس لە گەڕاندنەوەی ئەو کۆشکە بۆ ھونەرمەندان و پرۆژەیاسای خانەنشینی ھونەرمەندان کراوەو سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەوە کردۆتەوە کە دوای دوو مانگی دیکە ئەو کۆشکە بە تەواوەتی دەدرێتەوە ھونەرمەندان و بۆ پرۆژەیاساکانیش ھەوڵی جدی دەدەن.
لە کۆتایی ئەو راگەیەنراوەدا ئەنجومەنی سەندیکا رایانگەیاندووە کە ئەوان لە ھەوڵی بەردەوام دەبن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ھونەرمەندان، وەک چۆن لە دووەمین کۆنگرەدا رایانگەیاند کە خزمەتکردنی ھونەرمەندان ئەرکی ئەوانە.