نووسینی: بورھان شێخ رەئوف
ناکرێت باسی کۆبانی بکەم و ئاوڕێک بۆ مێژووی کورد لە سوریا نەدەمەوە ھەرچەندە بە کورتیش بێت , کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان وەکو بەشەکانی تری ووڵاتەکەمان گرنگی وپێگەی پڕبەھای خۆی ھەیە ,
لە دوای دوولەت بوونی کوردستانی مەزن لەساڵی ١٥١٤ ی زایینی لە شەڕی چاڵدێران لە نێوان ھەردوو ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی دا جارێکی تریش لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم ئەم بەشەی کەبەر ئیمبراتۆریەتی عوسمانی کەوتبوو سێ لەت کرایەوە لە نێوان تورکیا و عێراق و سوریادا بە ڕێکەوتنامەکانی سایکس – بیکۆ و سیڤەرو لۆزان نامەوێت لێرەدا بچمە درێژی ئەو باسە مێژووییەوە کە زۆری لەسەرنووسراوەو سەرچاوەی زۆر ھەن لەسەریان بەڵکو دەمەوێت تیشکێک بخەمە سەر رۆژئاوای کوردستان , ھەرلەوکاتەوە سوریا کەوتە ژێر دەستی فەرنسیەکانەوە ئیتر کوردیش وەکو بەشێکی زیندوو گرنگی گەلی سوریا بووبە بەشێک لە شۆرش وبەرنگاربوونەوە ی فەرەنسا وەکو داگیرکەری ووڵاتەکەیان ,ئیتر کورد نەک ھەربەشداری شۆرشەکەیان کرد بەڵکو ھەندێک لەسەرکردەکانی شۆڕش کوردبوون لەوان ئیبراھیم ھنانۆ و سەعید ئاغای دەقوری و ھەروەھا شەھید بوونی وەزیری جەنگ یوسف عەزەمە لەشەڕی مەیسەلون کە ئەویش کورد بوو , ھەروەھا یەکەم کەسیش کە ئاڵای سەربەخۆیی سوریای بەرزکردەوە پاش سەربەخۆیی کوردێک بوو بەناوی موحەمەد بارافی کوردی .
بەڵام پاش سەربەخۆیی سوریا تا ماوەیەکیش ژیانی پەرلەمانی وئازادی رۆژنامە نووسی و ڕادەربڕین ھەبوو چەندین گۆڤار ی کوردی ھاتنە دەرچوون وەکو ( بەربانگ و ھاوار ) تا دەرکەوتنی ڕەوتی قەومەچی عەرەبی کە خۆی لە وەحدەوی و بەعسیەکاندا دەبینیەوە ھەروەھا یەکگرتنی میسرو سوریا لە کۆماری عەرەبی یەکگرتوودا بە ھەموو دەزگا ئەمنیەکانیەوە و زاڵبوونی ئەو ڕەوتە شۆڤیەنیە بەسەر ژیانی سیاسی لەو وڵاتەدا ئیتر ھیچ بوارێک نەما بۆ بزوتنەوەی ئازادی و ڕۆشنیری چالاکی کورد لە سوریا دا و دەستیان کرد بە پەلاماردانی کورد کە خۆی لە کۆچ پێکردنی زۆرە ملی و تەعریب کردنی ناوچە کوردنیشینەکاندادەبینیەوە , لە بەرامبەریشیدا گەلی کورد لە ڕۆژئاوا ئەوە نەبێت چۆک دابدات و ملکەچی خواستی داگیرکەرانی ماف و خاکەکەی بووبێت بەڵکو بە شێوازێکی نوێ ھاتنەوە مەیدان و ھەرچۆن کوردی ڕۆژھەڵات و باشوور زیاتر لەیەک نزیکن و تێکەڵن لەبەرزۆر ھۆکار کە ئێستا ناکرێت لەم ووتارە کورتەدا باسیان بکەم ئاواش کوردی باکورو ڕۆژئاوا لەیەک نزیکن کە یەک ئامانجیان ھەبوو ڕێکخراوو پارتەکانیان ئەویش ڕزگاری و یەکگرتنەوەبوو کە ڕێکخراوی خۆیبوونیان دامەزراند سالچی ١٩٢٩ لە بەیروت کە دواتر ڕابەرایەتی ڕاپەڕینەکەی ئیحسان نوری پاشای کرد و لەساڵی ١٩٥٧ یش کە پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە سوریا دامەزراند دیسان ھەمان ئامانجی ھەبوو ڕزگاری و یەکگرتنەوە,
ویستگەیەکی تری گرنگی کورد لە سوریا کە شایەنی ھەڵوێستەلەسەر کردنە ئەو زوڵمە مێژووییە بوو کە لە سەرژمێری ساڵی ١٩٦٢ دا لە کورد کرا کە زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار کەس لە مافی ھاووڵاتیبوونی ئەو ووڵاتەبێبەش کران و ناسنامەو ڕەگەزنامەی سوریان پێ نەدرا بە بیانووی ئەوەی لە شوێنەکانی تری کوردستانەوە ھاتوون و دەستگیرا بەسەر زەوی و ماڵو موڵکیاندا و. بەم ھەنگاوە ھەنگاوێکی گەورەی نا بۆ گۆرینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچە کوردنیشینانە و ھێنانی عەرەب لە ڕقەو شوێنەکانی ترەوە بۆ نیشتەجێکردنیان لە شوێنیان , تا ساڵی ٢٠١١ و ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبی و ڕاپەڕینی گەلی سوریا لە دژی ڕژێمەکە ی بەشار ئەسەد ئیتر مەرسوومی کۆماری ژمارە ٥٩ دەرچوو کە ناسنامە دەدات بە زۆریک لە کوردەکان بەڵام خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ناوچەکانی خۆیان ئازاد کردوەوئیداریەکی خۆبەرَێوەبەریان دامەزراندوە کە خۆی لە کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانی و عەفرین دا دەبینێتەوە کە جۆرێک لە بەڕێوەبردنی دیموکراتی پێکەوژیانی ئارامی تێدایە نسبەت بە ناوچەکانی تری سوریا ,
ھەتاوەکو لەم دواییەدا چەتە خوێنڕێژەکانی تاریکی و نەزانینی داعش لە دوای داگیرکردنی بەشێک لە عێراق و شەنگال و زوممارو پەلاماری کانتۆنی کۆبانیان دا و لە شەڕێکی ناڕەواو دەستدرێژکارانەدا ڕقی ڕەشیان بەسەر خەڵکی ئەو شارەو گوندەکانی دا دەڕێژن کە زیاتر لە ٣٨٠ گونددەبێت کە چەند گوندێکیشیان داگیر کردووە ,بەڵام لە بەرامبەردا ڕووبەڕوی کێوێک لە ورەو عەزم و ئیرادەی گەلێک بوونەتەوە کە تا ئێستە مێژوو لەکەم شوێنی دنیا بە خۆیەوە بینیووە سەرەڕای ئەوەی ژن و مناڵو پیرو پەککەوتە کان پەنایان بردۆتە بەر سنورەکانی تورکیا ماڵو حاڵیان بەجێ ھێشتووە کەبەزیاتر لە ١٣٠ ھەزار کەس دەخەمڵێنرێت , ئەوان ئێستا لە شەڕێکی مەردانەدان کە گرەوی مان و نەمانی کوردە لەو دەڤەرە خۆشەویستەی کوردستاندا کە دەخوازێت ھەموو کورد لە ھەر کوێ بێت بە ھانایانەوە بچێت چی لەدەست دێت بۆیان بکات چونکە ئەوان سەلماندیان کە ئیتر بوونە سومبول و جێگەی شانازی ھەموو کورد , ئەگەرچی کۆبانی شارێکی کوردەو وەکو سەرچاوەکان باسی دەکەن لە دوای ساڵی ١٩١٠ لە کاتی ڕاکێشانی ھێڵی ئاسنی بەرلین _ بەغداد کەمپی ئەو کۆمپانیا بووەو ناوەکەی لە کۆمپانیاوە ھاتووەو دواتر بووەتە کۆبانی , بەڵام پێدەچێت چۆن لە ھەمووپارچەکانی تری کوردستان ناوی زۆربەی شارو گوند و شاخ گۆڕاون بۆ سەر زمانی داگیرکەران ئاواش عەرەبەکان بە کۆبانی دەڵێن ( عین العرب ) واتە کانی عەربان .