شەعبان گلەیى لە دەرهێنەرەکان هەیە و دەڵێت “دەرهێنەرەکانى فیلمى سینەما و شانۆ، هەتا کەسە نزیکەکانى دەورووبەرى خۆیان هەبێ، خەڵکى وەک ئێمەیان ناوێت، ئەوجا باهەر جەماوەرمان هەبێت”. شەعبان، کە ناوى ڕاستەقینەى یەعقوبە و یەکێکە لە ئەکتەرە کۆمیدییە پڕجەماوەرییەکانی شارى هەولێر، ئەو بەشدارى زیاتر لە 80 فیلمى سێدیە بازاڕییەکاندا کردووە، بەڵام تائێستا نەچۆتە فیلمى سینەمایی، دەڵێت “لەبەر خزمە نزیکەکانى دەرهێنەر، فیلمى سینەمایى بەبەر ئێمە ناکەوێت، ئەگەرنا دەرهێنەرەکان خۆیان دەزانن ئێمە لەناو خەڵک موعجیبمان زۆرە، زۆرجار خۆم دەرهێنەرکان دەبینم و دەستخۆشى زۆرم لێدەکەن، بەڵام نەیانگوتووە: وەرە لە گەڵمان کار بکە”.
شەعبان ئاماژە بە پەیوەندەى خۆى و جەماوەرەکەى دەکات، لەسەر ئەو باسەش نموونەیەک دێنێتەوە و دەڵێت “کچێک لە ناو بازاڕ لەپێش خێزانەکەم دەیویست ماچم بکات، ئەوە شتێکى ناخۆش بوو، خۆى ئەوە شتێکى خۆشە، بەڵام خێزانم لەگەڵ بوو ناخۆش بوو”. هەروەها شەعبان دەڵێت “خەڵکى زۆر لە خۆشەویستیان خۆیان بە قوربانم دەکەن و هەشە حەزدەکات داوەتم بکات، خۆم زۆر بە شەرمەزار دەبینم گەنجى واجوان هەن پێم دەڵێن: ڕەبى بە قوربانت بم”. بەڵام شەعبان تەبیعەتى رۆژنامەنووسەکانى ئێستاى بە دڵ نییە، چونکە ئەو وەک خۆى گوتى “لەبەرئەوەى ناشرینم، رۆژنامەنووسەکان وێنەى من قەت لەبەرگى گۆڤارەکەیان نادەن، هى کچە جوانەکانیش چوار لاپەرەى بۆ پڕدەکەنەوە و وێنەکەشى لە بەرگ دەدەن، گۆڤارێکم بینى پیرێژنێکیان هێنابووە بەرگ و بە بەرنامەى فۆتۆشۆپیش ئەوەندە جوانیان کردبوو، وەختبوو بچمە داخوازى، دواتر سەیرمکرد یەک لە هونەرمەندە پیرێژنەکانە”.