راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
ساڵی ٢٠٠٥ سێزدە کچی ئەکادیمی رانیەیی گروپێکی موزیکیان دامەزراند و ناوی “گروپی کچانی رانییە”ـیان لێنا. بەڵام
ئەمساڵ ناوبانگی زۆریان لەنێو جەماوەری ھونەری دەرکرد، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی کلیپەکەیان بەناوی “چوار گوڵ”. کە تێیدا چوار گۆرانی کۆنیان گوتووتەوە، سەرپەرشتیاری گروپەکە رایگەیاند “لەئێستادا خەریکی تۆمارکردنی دوو بەرھەمی دیکەین، بەڵام نە لەلای حکومەت مونحەی مانگانەمان ھەیە، نە شوێنێک پڕۆڤەی تێدا بکەین”.
دواین دەرکەوتنی گروپی کچانی رانییە بەشداریکردن بوو لەفیستیڤاڵی کەلتوورە جۆراوجۆرەکان، کە رانییە ئەنجامدرا، گروپەکەیان بە چەپڵەرێزانی ئامادەبووان پێشوازیان لێکرا بۆ سەر تەختەی شانۆ، کە ھەمیشە بەجۆش و خرۆش و جلی رەنگاورەنگی کوردی دەردەکەون، لەم دەرکەوتنەشدا چوار گۆرانی و پارچە حەیرانێکیان پێشکەشکرد.
موزیکژەن ھێمن حەسەن، کە سەرپەرشتی گروپی کچانی رانییە دەکات، تاکە پیاوی گروپەکەیە، بەڵام ئەو دەڵێ لەگروپەکەدا ئەندام نییە، تەنیا کچ دەتوانێ ببێتە ئەندام و گوتی “من ئەندامی ئەم گروپە نیم، بەڵکو گروپەکە پێکدێت لە ١٣ کچ، کە ھەموویان دەرچووی بەشی موزیکی کۆلیژ و پەیمانگای ھونەرن, من تەنیا کاری سەرپەرشتیکردنی گروپەکە و کارە ئیداری و ھونەرییەکانیان بۆ دەکەم”.
“چوار گوڵ” دوا بەرھەمی گروپی کچانی رانییەیە، کە تێیدا چوار گۆرانی کۆنیان گوتووەتەوە، گۆرانییەکی “عەلی مەردان، شەماڵ سائیب، ئەیاز زاخۆیی، فواد ئەحمەد” ھەرچەندە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کلیپەکە ناوبانگی گروپەکەیان کەوتە ناو خەڵک، بەڵام ئەوان دوا گروپ بوون، کە ئەم کارە بکەن و پێشتر گروپ و ھونەرمەندی بەرھەمی لەم جۆرەیان دروستکردبوو، لەوبارەیەوە ھێمن حەسەن سەرپەرشتیاری گروپی کچانی رانییە دەڵێت “من پێم وایە کارکردن لەبواری ھونەریدا ھەمیشە جۆرێک لەلاساییکردنەوە نا، بەڵام دووبارەبوونەوەی تێدایە بەشێوەیەکی جیاوازتر و داھێنرانە تر، ئەم کارەی ئێمە کردمان کارێکبوو بۆ گروپێکی کچان، کە ھەموو گۆرانیبێژ و کۆرسەکە کچ بوون، ئەمە خۆی نوێکاری بوو، چونکە ئەم کارە نەکرابوو, ھەروەھا ھەڵبژاردنی گۆرانییەکانیش بەھەمان شێوە جۆرێک لەتازەگەری تێدابوو، چونکە چوار گۆرانی چوار ھونەرمەندی ناوداری چوار شاری جوانی کوردستانی باشور بوون, ھەر ئەمەش ھۆکاری ناونانی بەرھەمەکە بوو بەناوی (چوار گوڵ)”. ھێمن حەسەن گوتیشی “ئێمە ھەم مەبەستمان بوو دووبارە ئەم گۆرانیانە بەبەرگێکی نوێ بەگوێی جەماوەر ئاشنا بکەینەوە ھەمیش وەکو گروپێکی کچانیش مەبەستمان بوو بەم گۆرانییە رەسەنانە خۆمان بەجەماوەری کوردستان بناسێنین”. سەرپەرشتیاری گروپەکە ئاماژەی بەوەشدا ئەوان چاوەڕێی ئەو پێشوازییە گەرمەی خەڵک نەبوون، کە لە بەرھەمەکەیان کرد.
“دەرکەوتنم شتێکی تازە نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کارە سەرنجی خەڵکی زۆر بەلای خۆیدا راکێشا و زۆر زیاتر لەکارەکانی ترم، کەسانی دەورووبەرم باسیان دەکرد و دەستخۆشیان لێدەکردم” ئەو قسەی رەوشت حەسەن قادرە، کە ئەندامێکی گروپەکەیە و ژەنیاری ئامێری کەمانە، لەھەمانکاتدا گۆرانیبێژە، کە بەرھەمی چوار گوڵ گۆرانییەکەی شەماڵ سائیبی گووتەوە.
نامۆ نزار، ئەندامێکی دیکەی گروپەکەیە و ژەنیاری ئامێری فلوتە، ھەروەھا گۆرانیش دەڵێت، ئەو گۆرانییەکەی ھونەرمەند فواد ئەحمەدی گووتەوە و گوتی “ئێمە خۆمان کە ئەو بەرھەمەمان ھەڵبژارد بۆ گوتن، مامۆستا ھێمن بەپێی توانای دەنگ و ستایل و چینی دەنگمان گۆرانییەکانی بۆ دیاری کردین, بەڵام ئەگەر خۆشم دیاریم بکردایە ھەر ھەمان گۆرانییەی ھونەرمەند فواد ئەحمەدم ھەڵدەبژارد، چونکە ھەست دەکەم سۆزێکی تایبەتی تێدایە”.
تائێستا چوار گروپی موزیک تایبەت بەکچان لەکوردستان دروستبووە، گروپی کچانی سلێمانی، گروپی کچانی ھەولێر، گروپی تەواری کچان، گروپی کچانی رانییە، کە گروپی کچانی سلێمانی و تەواری کچان تائێستا چالاکترینن، نامۆ نزار ئەندامی گروپی کچانی رانییە گوتیشی “توانای کچان بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و کاری جوان ھەیە و دەرفەت و ھەلی باش و گونجاو ھەیە بۆ کارکردن لە بواری موزیک و گۆرانی و ھەموو بوارەکانی ھونەر بەگشتی, خەریکە جیاوازی نامێنێ لەنێوان کوڕان و کچان لەبواری کارکردندا، لەو سەردەمەدا کاتی ئەوە نەماوە کارکردنی کچان لەبواری ھونەریدا جێگای سەرسوڕمان بێت”. نامۆ نزار باسی تایبەتمەندی کچانی رانییە دەکات و دەڵێت “کچانی رانییە و دەڤەری راپەرین ھەموو کاتێک بەپەرۆشەوە کار دەکەن، ئێمە لەرانییە تەنیا گروپی موزیکمان نییە, گروپی شێوەکاریمان ھەیە, شانۆمان ھەیە, وەرزشمان ھەیە کە تەنیا کچن”.
ئەو رەخنە و تێبینییەی کە ھەمیشە بەرامبەر بە گروپ و تیپەکانی کچان ھەیە، ئەوەیە کە پیاوێکی ھونەرمەند سەرپەرشتیان دەکات، گروپی “کچانی سلێمانی” و “تەواری کچان” لەلایەن ھونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی سەرپەرشتی دەکرێ، ھەروەھا گروپی “کچانی مریەم خان” لەھەولێر کە لەلایەن ھونەرمەند شێرزاد سەرسپی دامەزرا و دواتر لەلایەن چەتۆ نەورۆز سەرپەرشتی کرا، کە ئێستا گروپەکە نەماوە، ھەروەھا گروپی “کچانی رانییە” چوار ساڵە لەلایەن ھێمن حەسەن سەرپەرشتی دەکرێ، بەڵام رەوشت حەسەن بەپێچەوانەی ئەو رەخەنەیە پێی گروپەکەیان پێویستی بە سەرپەرشتیارێکی کوڕ ھەیە بۆ ئەنجامدانی کارە ئیدارییەکان و بەتایبەتی ئەو کارانەی کە پێویستیان بە سەفەرکردن و ھات و چۆی دایرەکان و شارەکانەوە ھەیە، لەبەرئەوەی ئەو کارە بۆ کچێک ئاستەمە و ئەرکێکی قورسە و گوتیشی “زۆر کەس ئەو پرسیارە ئاراستەی من دەکەن و دەڵێن بۆ کچێک سەرپەرشتی گروپەپکەتان ناکا؟ منیش بەو شێوەیە بۆیان رووندەکەمەوە، من سوپاسی کاک ھێمن دەکەم کۆمەڵێک کاری ئەو گروپە بەدڵسۆزیەوە رادەپەڕێنێ”.
رەوشت حەسەن، گلەیی دەکات، کە تائێستا شوێنی پرۆڤەکردنیان نییە، جگەلەوەی حکومەت ھاوکاری مانگانەیان ناکات، وەک خۆی دەڵێت مۆڵەتێکیان ھەبوو ئەویش بلۆک کراوە “یاسای وڵاتی ئێمە وایە کە مۆڵەتت ھەبوو حکومەت دەعمی گروپەکەت دەکا، بەپێچەوانەوە بێبەش دەبین لەو ئیمتیازاتانەی کە ھۆکارن بۆ کار ئاسانی و ئەنجامدانی کاری تازە، گروپی ئێمەش مۆڵەتێکمان ھەبوو، بەڵام بلۆک کرا، ئێستاش داوای نوێکردنەوەی دەکەین، لەڕێگەی کاک (ھێمن حسن)ـەوە زۆر بەدوای کەوتووین، بەڵام تائێستا ھیچ ئەنجامێکی نەبووە”.
ھێمن حەسەن سەرپەشتیاری گروپەکەش دەڵێت “ئێمە خاوەن مۆڵەتی فەرمین لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا نەھاوکاری کراوین، نەوەک گروپ و تیپی تریش بەخشینی مانگانەمان ھەیە و نەشوێنێکمان ھەیە بۆ پرۆڤە و راھێنان, ھیوادارین وەزارەتی رۆشنبیری و لایەنی پەیوەندیدار لایەک لە گروپەکە بکەنەوە”.
لەبارەی بەرھەمی داھاتوویان و کاری نوێیان، ھێمن حەسەن گوتی “دوو پڕۆژەمان لەبەردەستە، ھەم کارکردن بۆ دروستکردنی بەرھەمێکی تری ھاوشێوەی چوار گوڵ، بەڵام بەستایل و شێوازێکی تەواو جیاواز, ھەمیش کار لەسەر بەرھەمھێنانی کاری نوێ دەکەین، جا چ گۆرانییەکە بەشێوەی کۆرس و سۆڵۆ بێت یانیش بەشێوەی تاک بێت بۆ یەکێک لە کچە دەنگ خۆشەکانمان”.