ماهیر حەسەن) ئەستێرەیەکى درەوشاوەیە لە دونایی نواندن و بەتایبەتی (کۆمیدیا)دا…!!!
– بە پێ ی گربەستێک درامای (نامەکانی ئەشرەف) لە چەند رۆژی داهاتوودا لە (کوردستان tv) پەخش و بڵاو دەبێتەوە…!!
هونەرمەندی دەرهێنەری بە توانا (لوقمان غەریب) یەکێکە لەو دەرهێنەرە سەرکەوتووە دەست رەنگینانەی، کە توانیویەتی لە چەند درامایەک و کاری فلیمی تەلفزیۆنی دا بە شێوازێکی سەردەمیانە کاری سینارست و دەرهێنانی بۆ ئەنجامداوە، لەمیانەی دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ هەفتە نامەی “هونەری هەولێر” تیشکی خستە سەر چەند لایەنێک لە کارە هونەرییەکانی خۆی و هەروەها رەوشی هونەری درامای کوردیی، جگە لەوانەش باسکردن لە ناوەرۆکی دوایین کاری درامی خۆی کە بەریتیە لە (نامەکانی ئەشرەف).
– ناوەرۆکی کارەکانت زیاتر رەخنەی کۆمیدی لە خۆی دەگرێت، بۆچی زیاتر کار لە سەر ئەو ستایلە دەکەی..؟
لوقمان غەریب : “پێم وایە لەورێیەوە ئەتوانم باشتر سەرنجى بینەر رابکێشم ، ئەوەشت لەبیر بێت کە کومیدیا کاریکى ئاسان نییە، ڕەنگە بە ئاسانى بتوانیت کەسێک بخەیتە گریان، بەڵام پێچەوانەکەى کارێکى قورسە بەتایبەتى ئەگەر مەبەستێک لەپشت کۆمیدیاکەوە بێت. کەبێگومان ئەبێ کومیدیا مەبەست و ئامانجى خۆى هەبێت. ئەگینا دەبێتە گاڵتەجاڕى، هەڵبەت کۆمیدیا دوورە لە گاڵتەجاریەوە . لەڕوویەکى تریشەوە هەموو ڕابردووى ئێمە پڕاوپڕ ناخۆشى و نەهامەتى بووە ، بۆیەپیویستمان بە زەمانێک لە پێکەنینیش هەیە، بەڵام ئاخۆ بەچى پێبکەنین..؟ ئەبێ بەو دیاردە و حاڵەتە نا تەندروستانە پێبکەنین کەلە بوارەکانى کۆمەڵایەتى سیاسیى ئیداریى تەنانەت ئەخلاقى ئێمەدا بە زەقى ئەبینرێن. من ئێستا حاڵى حازر حەز ئەکەم بەو شێوازە کاربکەم و چەند کارٍٍێکیشم لەبەر دەستدایە.
– پێت وایە لە پانتایی کاری درامای ئەمڕۆی کوردیی دا، بۆشاییەک هەیە لە بواری کۆمیدیادا..؟
لوقمان غەریب : “لەڕاستیدا ئەمڕۆ لەگەڵ کەمیى کارى درامادا، ئەو بۆشاییەش هەیە و پێویستە کاری بۆ بکرێت.
– بەردەوام کۆمەڵێک ئەکتەر لەگەڵ ناوەرۆکی بەرهەم هێنانی دراماکاندا دەبیندرێن، دەکرێ بڵین تۆش وەک زۆرێک لە دەرهێنەرەکان کۆمەڵێک ئەکتەرت دەست نیشان کردووە و کارییان لەگەڵدا دەکەیت..؟
لوقمان غەریب : “ئەم پرسیارە زیاتر تێگەیشتنێکى رەخنەیى هەڵدەگرێ، بەڵێ وایە دیاردەى وابەستە بوون بە کۆمەڵێ ئەکتەرەوە، دیاردەیەکى بەربڵاوە ئەوەش بێگومان کارێکى سروشتى نییە، ئەگینا ئەوە سروشتى کاراکتەرە کەبەدواى فیگەرێکى سەرکەوتودا ئەگەڕێ. نواندن و بەرجەستەکردنى کەسایەتییەک پەیوەندى بەتواناى ئەکتەرەوە هەیە، ئەگەرچى دەرهێنەر رۆڵى دیاریکردن ئەبینێ. بۆیە هەموو کاتێ ئەبێ ئەم تێگەیشتنە لەبەرچاو بگیرێ لە دیاریکردنى ئەکتەردا. لەگەڵ ئاستى ناوبانگ و ناسراویى ئەکتەر، لەهەموو دنیاش هەروایە، من لەسێ کارى یەک لەدواى یەکمدا، جۆرە هەمەرەنگییەک بە ئەکتەرەکانمەوە بینراوەو هەر کارەو بەپێى کاراکتەرەکان ئەکتەرم دەستنیشان کردووە، ئەگەرچى دووبارە بوونەوەش روویداوە، بەڵام هیچ کاتێ بەناچاریى و لەرووادامان نەبوو . شتێکى تریش هەیە کە ئاستەنگە لەم بوارەدا کە ئەویش کەمى ئەکتەرى بەردەم کامێرایە .
– یەکێک لەو کارانەی بە شێوەی فیلم کارت لەسەر کرد، فیلمی تەلفزیۆنی (سنوقە چا) بوو، بە شێوەیەکی زۆر باش چووە ناو خەڵک، بۆچی هەوڵنادەن بەردەوامی بەو جۆرە فلیمانە بدەن…؟
لەقمان غەریب : “لەگەڵ ئەوەى فیلمى تەلەفزیۆنیى (سنوقەچا) بەئیماکانیاتێکى زۆر کەمى تەکنیکى و مادیى ئەنجام درا، ئاستێکى بێوێنەى لە پێشوازیى بینەردا بەدەست هێنا . ئەم بەرهەمە لەگەڵ ئەوەى دەیان جار لە کەناڵەکانى (کورستان tv و نەورۆز tv) و چەند کەناڵێکى لۆکاڵى پیشان درا. لەبازاڕیش دەیان هەزار کۆپیى بەنایاسایى لێفرۆشرا، من دەمێکە بیرۆکەى ئەوەم لایە کەچەند بەرهەمێک هاوشێوەى ئەو فیلمە بەرهەم بهێنم، بەڵام خۆت ئەزانى گەورەترین کێشە لەوڵاتى خۆمانا کێشەى بەرهەمهێنانە. لەدواى ئەویش نەوەستاوم بەردەوام خەریکى کارکردنم، پاش ئەو ، دوو بەرهەمى گەورەى درامیمی تەلفزیۆنی بە شێوەی چەن ئەڵقەیی بە ئەنجام گەیاندووە، لەوانە لە (لەگوڵێک کاڵتر و نامەکانى ئەشرەف ) کە دووەمیان کارێکى تابڵێى قورسە لەرووى زەمان و شوێن و جلوبەرگ و ئیکسسوارەوە. دواتر لەبەر نەبوونى پشتکگیریى و تەنیا باڵیى، هەرئەوەنە فریاکەوتووم. لەلایەکى تریشەوە نووسینى تێکستەکان کاتێکى زۆرى دەوێ، چونکە من بەباشى ئەزانم کە سیناریۆکان خۆم بینووسم .
– کێشەو گرفتەکانی لە شێوەی (سنوقە چا) پێت وانیە پێویستە زیاتر دەرهێنەرەکان بیر لە هەندێ کێشەی زەقتر بکەنەوە، بۆ بەرهەم هێنانی کاری دراماکانیان..؟
لوقمان غەریب : “راستیەکەى هەر دەرهێنەرێک ئازادە لەوەى چ بابەتێک دیاریى دەکات، بەڵام بەڕاى من پێویستە ئیش لەسەر ئەو بابەتانە بکەین کە ئەمڕۆ زۆرتر پەیوەستن بە خەڵکەوە، لەگەڵ رەخنەى دروستکەر لەهەموو ئەودیاردانەى کە زیان بە کۆمەڵگا ئەگەیەنن بەلەبەرچاوگرتنى پاراستنى بەها خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانى خۆمان. من لەگەڵ ئەوە نیم کە ئەمڕۆ هەندێ بابەتى وا زەق بکرێتەوە کە زیانى لە سوودى زیاترە، بەڵام دواجاریش هەرکەسەو بیرو بۆچوونى خۆى هەیە سەبارەت بەو بابەتەى کە کارى لەسەرئەکات.
– ماوەیەکی زۆرە خەریکی بەرهەم هێنانی زنجیرە درامەیەکی تەلفزۆنین، ئەگەر بکرێت باسی ناوەرۆکی ئەو کارمان بۆ بکەیت و کارەکانی گەیشتە چ قۆناغێک..؟
لوقمان غەریب : “بەڵێ ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی بەرهەم هێنانی ئەو زنجیرە درامایەم، لە مانگى ئەیلوولى ساڵى (2008)ـوە سەرقاڵى بەرهەمهێنانى زنجیرە دراماى (نامەکانى ئەشرەف)ـم، کە سیناریۆکەیم لە لە شاکارەکانى رۆمانی نووسەری بە توانا (عەزیز نەسین)ـەوە ئامادە کردووە. لە(20ئایارى2009)ـ وە دەستمان بەکارى وێنەگرتن کردووە لەکۆتایى مانگى (10ى 2009)ـدا کارەتەکنیکییەکان و مۆنتاژکردنى تەواوبووە، ناوەرۆکەکەى باسى کۆمەڵگایەکە لەبەر ساویلکەیى و نابووتى خۆیان کابرایەکى فێڵباز بە ئارەزووى خۆى یاریى بە موقەدەراتییان ئەکات .
– ئەوەی من زانیومە و هەروەک لە رۆژنامەکان بڵاو کرایەوە، تۆ کارت لە سەر (3) رۆمانی (عەزیز نەسین) کارت کرد و دەستنیشانی ناوەرۆکی ئەو کتێبانە چۆن سیناریۆی دراماکەت لێ دروست کردووە..؟
لوقمان غەریب : “راستییەکەى ئەم هەواڵە لە رۆژنامەکان پێشتر بەهەڵە بڵاوبۆتەوە، من ویستوومە ئیش لەسەر سێ شاکارێکى (عەزیز نەسین) بکەم، کە ئەمە یەکەمیانە دووانەکەى تریش پاش ئەم بەرهەمە دەست بەگەڵاڵە کردنى ئەکەم. شاکارەکانى ئەو گەورە نووسەرە کۆمەڵێ دیاردە بەرجەستە دەکات، کە پێشتر رەهەندێکى جیهانیى وەرگرتبوو، تائەمرۆش وڵاتانى ئەم دەووروبەرە گیرۆدەى دەستى ئەم دیاردانەن (دواکەوتوویى کەلتووریى ، خۆشباوەڕیى ، خۆبەکەم زانیین ، خەیاڵپڵاویى ، سەرى یەکترخواردن ، جۆرەکانیى گەندەڵیى ، مەسڵەحەتچێتى و بێبەرنامەیى و …..) زۆر بابەتی تریش، ئەم دیاردانەیە بێ ئۆقرەیى خستۆتە ناو گەلانى ئەم ناوچەیەوە. هەربۆیە ئەهێنێ ئێمەش پەنجەیان بخەینەسەر و لەدرامایەکدانیشانى بدەین تا بەقاقاو پێکەنینەوە، هەوڵى کەمکردنەوەو لەناوبردنیان بەریین . چونکە ئەم دیاردانە وەک نەخۆشیى وایە لە هەموو دنیادا یەک جۆرە میکرۆب و ڤایرۆسیان هەیە. بۆنموونە پەتاى مەسڵەحەتچێتى یان ئیستغلالکردنى پلەو پایە لەهەرجێیەکى دنیابێت هەریەک هۆکارو ئامانج و دەرئەنجامى هەیە. سروشتى ئەم جۆرە کارانە لەهەموو دنیادا هەروەک یەکە. مەبەستى سەرەکى من لەئیش کردن لەسەرئەم ستایلە ئەوەیە کەبەپێکەنیین و رووخۆشى پەنجە لەسەر کەموو کورتى و دیاردە نەشیاوەکان دابنێین. سروشتى دراماش وایە. ئەبى تەرحکردنى بابەتەکان فۆرمیکى تەمسیلیى وەربگرێت، بۆ ئەوەى نەبێتە حیکایەت و ڕاپۆرت و ئەم جۆرە شتانە”.
– ئەوەی باسکراوە ناوەرۆکی زنجیرەی (نامەکانی ئەشرەف) تاڕادەیەک ئەرک و قورسایی زیاترە، چونکە تۆ باس لە مێژوویەکی دوور دەکەیت، کە خۆی لە پەنجا ساڵ لەمەو بەر دەدات، بە تایبەتی لە رووی جل و بەرگ و شوێنی وێنەگرتنەوە، ئایا کێشەت بۆ دروست نەبوو..؟
لوقمان غەریب : “بێگومان کاری دراما لەبەرنەبوونى زەمینەى لەبار خۆى لەوڵاتى ئێمەدا کارێکى قورسە چ جاى ئەوەى تۆ کارێکى کۆن بەرهەمبهێنیى. سەرەتا هەموو بەشداربووەکان جۆرێک لەحەزەرییان هەبوو، دەیانگووت و پرسیارییان ئەکرد، لەوبڕوایەدام کە هەندێ کەس گاڵتەشییان پێئەهات. بەڵام خۆشبەختانە کارەکە بەپێچەوانە کەوتەوە . مەسەلەى لۆکەیشن و ئیکسسوارو جلوبەرگ و ماکیاج بەهەوڵى هەموو لایەک زۆربەسەرکەوتوویى جێبەجێکرا، ئەوەى بەپارەبووبێت تەخسیرییمان نەکردووە، باقیەکەی تریش هیمەتى خاوەنماڵەکان و هاوڵاتیانى خۆشەویست و هونەردۆستى شارى سلێمانى بووە، کەچووینەتە هەرشوێنێ بەسنگى فراوانەوە پێشوازییان لێکردوین. هەروەها هەوڵى بەردەوامى هونەرمەندانی بەرێز (بەکر مستەفا، ماهیر حەسەن، کەمال چالاک، بەیان زەریفى، رێزان فەرەج، قادرجەلال، مامۆستا تەها خەلیل، فریاد خەلیل و ئەحمەد رەوف) بەڕاستى شایەنى باسکردنن. لێرەشەوە لەرێگاى ئێوەى بەرێزەوە رێزوسوپاسى زۆرم بۆ هونەرمەندى گەورە مامۆستا (مەزهەرى خالقى) و کۆمپانیاى سۆلى فلم و کاک (شادمان) بەڕێوەرى ئیداریى ئەو کۆمپانیایە لەهاوکاریى کردنیان لەرووى دابینکردنى هەندێ جلوبەرگ و ئیکسسوارەوە لەگەڵ مۆزەخانەى ئەتنۆگرافیاو کارگەى جگەرە. بەڵام هەتابڵیى کارێکى قورس بوو . بەڵام من مەبەستێکى تریشم هەبوو ئەویش ئەوەیەکە هەمووان ئاگاداریى ئەوەن کەلەبەر خەمساردیى خەریکە تەواوى شوێنەوارو بیناسازیى کۆنى وڵاتى ئێمەلەناوئەچێت . هەرنەبێت لەکارێکى وادا وەک وێنە هەندێکییان دەمێننەوە . لەگەڵ ئەمەشدا چیبکەم خۆى زەمانى گێڕانەوەى چیرۆکەکە ئەو کاتەیە. هەڵبەت گەڕانەوەش بۆ ڕابردوو، جۆرێک لەجیاوازیى لەوەرگرتندا لاى بینەر دروست ئەکات. ئەم جۆرە کارانە بینەرى زۆرییان هەیە لەسەر هەموو ئاستکان”.
– ئەوەی بیستومانە لەسەر ئەرکی خۆت کاری وێنەگرتن و مۆنتاژ کردنت ئەنجامداوە، کۆ کردنەوەی ئەو هەموو هونەرمەندە چۆن بوو..؟ واتە مەبەستم گرێبەست و دابینکردنی مافی ئەوان لە رووی لایەنی ماددیەوە…؟
لوقمان غەریب : “رەنگە ئێوە باشتر ئاگاداربن کەئەم بوارەش، بوارى بەرهەمهێنانى کارى دراما وەک زۆر لەبوارەکانى تر بێ بەرنامەیى و ناڕێکوپێکییەکى زۆرى تێکەوت تا ئەو ئەندازەیەى کە زۆربەى لایەنە پەیوەندیدارو تەلەفزیۆنەکان متمانەیان بەهونەرمەندان نەمێنێت وەک لایەنى بەرهەمهێن رازى نەبن کارەکانیان بۆ ئەنجام بدەن . ئەمەش تا رادەیەک بزاوتەکەى وەستان . من پشکگیرى لەو هەنگاوە ئەکەم بەمەرجێ جیاوازیى ومەحسوبیەتى تێنەکەوێت چونکە ناکرێ ئەو هەموو پارەیەى حکومەت بەهەوانتە بڕوات . ئێ هیچ پێوەرێکیش نەبوو بۆ چاکى و خراپى بەرهەم ، کەفەساد دروست بوو مشەخۆریش دروست ئەبێت . ئێستا پێم سەیرە کەسانێک کەپێشتر خۆیان بەرپرسیاى ئەو وەزعە بوون داواى دامەزراندنى دەزگایەک بۆ بەرهەمهێنانى دراما ئەکەن کەئەم کارە دوورو نزیک پەیوەندى بەحکومەتەوە نییە، تەنها لەحکومەتێکى شمولییدا نەبێت . دڵنیاشبە ئەو بیرۆکە و مەبەستە تەنها رووتاندنەوەى حکومەت و بەرهەمى کاڵوکرچى لێسەوز ئەبێت . سەیرکە وڵاتانى کەنداو لوبنان و تورکیا تەنانەت (سوریا و ئێرانیش) ئەم جۆرە کارانە لەرێگاى کەرتى تایبەت و کۆمپانیاى هونەرییەوە ئەنجام ئەدەن . بائیتر ئێمەش هەنگاو بۆ ئەم شێوازە بنێین، هەرئەوەش لەبەرهەمى بێبایەخی و لاواز دەربازمان دەکات، من ئەگەر بێمنەت نەبم لەپارەو تێچوونى بەرهەمەکە هەوڵ دەدەم کارێکى باش پێشکەش بکەم . لەم روانگەیەوە هەستام بە دامەزراندنى GAV (Kurd-TV) Production گاڤ بۆ بەرهەمهێنانى کاریى تى ڤى کوردیى) ئیتر لێرەوە بەنیازم کارەهونەرییەکان و بابەتى تەلەفزیۆنیى بەرهەم بهێنم و پێشکەشى ئەو کەناڵەى بکەم کەپێى رازیى ئەبێت، هەڵبەتە زنجیرەى (نامەکانى ئەشرەف) یەکەمین بەرهەمە . بەشێوەیەکى یاسایى گرێبەست لەگەڵ بەشداربووەکان کراوە هەموو مافێکیان پارێزراوەو لەگەڵ پەخشبوونیدا وەریدەگرن ، جیا لەمەش باوەڕناکەم هیچ بەرهەمێک پێشتر ئەوەنە پشگیریى مافى بەشداربووى کردبێت . بڕە پارەى ناو گرێبەستەکانیش تا ئێستا لەهێچ بەرهەمیکدا بەو قەبارەیە دیاریى نەکراوە ئەمەش قازانجى ئەکتەرە کەپێشتر هەمیشە گلەییان هەبووە، هەموو بەشداربووەکانیش لەم شیوازى کارکردنە ئاگادارکراونەتەوەو بەوپەڕى لەخۆبووردەیى و گیانى هاوکارییەوە بەشداریى کارەکەیان کردووە . ئەتوانم بڵیم ئەم بەرهەمە بێ هیچ کێشە و گیروگرفتێک ئەنجام دراوە ، چونکە رۆحیەتى دڵسۆزیى نیازپاکى تیابووە .
پ – بۆچی رۆڵی سەرکەیت داوە بە هونەرمەند (ماهیر حەسەن)..؟
لوقمان غەریب : “چونکە ئەکتەرێکى سەرکەوتووە، هونەرمەندێکى زۆر بەتوانایە (ماهیر حەسەن) ئەستێرەیەکى درەوشاوەیە لە دونایی نواندن و بەتایبەتی (کۆمیدیا)دا، هەروەها من پێش ئەوەی پەخشبوونى بەرهەمەکە،سەبارەت بەکاک (ماهیر) ئەڵێم ، تا ئاستێکى زۆر بەرز ئەفراندن و داهێنانى پیشانداوە لە و درامایەد. هەموو ئەکتەرەکانى تریش بەهەمان شێوە، من زۆر سوپاسى هەموویان ئەکەم”.
– کۆ مەڵێک هونەرمەندی گەنجی تازەش لە کچان و کوڕان بەشداری ئەو کارەی تۆیان کردووە، کار کردن لەگەڵ جیلێکی تازە و بە ئەزموون تاچەند گرفتت بۆ دروست دەکات..؟
لەوقمان غەریب : “بێگومان کارى زنجیرە پێویستى بەهەموو تەمەنەکان هەیە، وەک پێشتر باسم کرد ئەگەر دەرهێنەر بەدواى فیگەرى شیاودا بگەڕێ ماندوو ئەبێت، بەڵام چونکە کارەکەمان بەپێى بەرنامەى پێشوەختە بووە کەمترین گرفت هاتۆتە بەردەممان کە شایەنى باسکردن بێت . هەموویان لەئاستى داخوازییەکانى بەرهەمەکەدا بوون هیواى بەردەوامى و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم”.
– ئێستا کاری وێنەگرتن و وەک باسیشت کرد مۆنتاژکردنیشی تەواو بووە، بەنیازی لە رێگەی چ کەناڵێکەوە نیشانی بینەرانی بدەیت..؟
لوقمان غەریب :”بەڵێ کارەکان تەواو بووە، ئێستا بەرهەمەکە بە پێ ی گرێبەستێک لە کەناڵى (کوردستان تى ڤییە)، ئەوانیش بەپێى پرۆگرامەکانى خۆى کاتى پەخشکردنى دیاریدەکات، کەهێشتا لەتاوتوێ کردندایە. لەو بڕوایەدام کەلەئایندەیەکى نزیکدا ریکلامى بۆ بکەن و پەخشی بکەن”.
– پێت وایە کار کردن بەو شێوەیە سەرکەوتوترە، کاری دراماکەیان بۆ ئامادە بکەیت ئینجا بە شێوەی گرێبسەت پێیان بفرۆشیتەوە باشترە..؟
لوقمان غەریب : “بەڵێ من ئەم شێوازەم لاپەسەندە، ئەوە رێگایەکى سروشتییە بۆ بەرهەمێنان . تەنانەت بۆ خێراکردنى ئاستى بەرهەمهێنانیش . ئاساییە ئەم شێوازەو رێگاى تریش هەبن . بەڵام دامودەزگاى حکومى و دائیرەى بۆ دانەمەزرینن چونکە وەک دائیرەکانى ترى وەک سینەما و شانۆ زیانى لە قازانجى زیاتر دەبیت”.
– پێت وایە (نامەکانی ئەشرەف) چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ بەرهەکانی پێشووترتدا..؟
لوقمان غەریب : “لاى من جیاوازى ئەوەیە کە تەجاوزى کارى پێشووترم کردووە، راى گرنگیش بۆ دواى پەخش و بۆ بینەر ئەگەڕێتەوە”.
– دەڵێن گوتوتە یەکەم مەرج ئەوەیە ئەو زنجیرەیە نابێ لە مانگی رەمەزاندا پەخش بکرێت..؟
لوقمان غەریب : “وەک مەرج نا، بەڵام واباشترە بەرهەمى دراما لە هەموو وەرزیکدا هەبێت، هەرچەندە خۆى ئیشەکەى من مانگێک دواى رەمەزان تەواو بوو. ئیتر خۆ ناکرێ هەڵیگریى بۆ رەمەزانى ساڵی داهاتو،. بۆیە لەم وەرزەدا کەکارى تازە نەبووە باشترە پەخش بکرێ بەتایبەتى کەبینەرێکى زۆر چاوەڕێى بینینیەتى، ئەشکرێ رەمەزانى ئایندە دووبارە بکرێتەوە. چونکە باوەڕناکەم بەجارێک بینین بینەر تێربکات، کارى کۆمیدیا بینەر چەند جارێک تەماشاى ئەکاتەوە. هیوادارم لەئاستى داخوازیى بینەرانى خۆشەویستدا بووبین، زۆر سوپاسى رۆژنامەی (هەولێر) وجەنابیشت دەکەم کەهەموو کاتێ بەدواداچوون و بەسەرکردنەوە بۆ کارە هونەرییەکان دەکەن، ئەمەش نیشانەى دڵسۆزى خۆتانە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا