دارا خونچە
لە سەردەمی ئێستادا جیهان ئەوەندە زۆر بەرەو پێشەوە چووە کە:
– بتوانی وە یەک کرتەکردن هەموو کون و قوژبنەکی ئەو گۆی زەوییە ببینی و زۆرترین زانیاریی وەدەست بخەی.
– تەکنیکی فریاکەتن و پارێزگارییکردنی هێندە چاک و خێرا هەیە دەتواندرێ ژیان و
ئاسایشی هەر کەسەک بپارێزدرێ.
– دەتواندرێ پێشبینیی هەر کارەساتەکی سروشتیی بکرێ و وە ملیۆنان هۆی گواستنەوەی خێرا هەن تا پێش روودانی کارەساتەکان مرۆڤەکان و تەنانەتە زۆربەی گیانەوەرەکانیش دوور بخرێنەوە و رزگار بکرێن.
– خواردن و خواردنەوە و داودەرمانی چاک و پێویست وە بەردەوامیی و وەخۆڕایی پێشکەش وە هەر کەسەک بکرێ و هیچ کەسەک برسیی نەبی و چارەسەری پێویست لۆ هەر نەخۆشەک ئەنجام بدرێ.
– زەوی هێندە زۆرە بەشی ئەوە دەکا لۆ هەر تاکەکەسەک خانییەکی گەورە و لەباری لەسەر دروست بکرێ و هەموو پێداویستییەکی ژیانیشی تێدابی.
کەچی رۆژانە وەک دەیبیستین وە سەدان و وە هەزاران کەس وە ئەنقەست دەکوژرێن:
• ئەوڕۆ لە شەڕی نێوان دوو وڵات کۆمەڵە کەسەک کوژران!
ئاخەر ئەگەر حیزب و حکومەت ماوە ماوە شەڕ دەگەڵ حیزب و حکومەتەکانی دیکە نەکەن ناتوانن سیاسەتی پاوانخوازیی و خۆسەپێنەرانەی دەرەکیی رێکبخەن و سەرچاوەکانی سامان کۆنترۆڵ بکەن و بازاڕ بدۆزنەوە و کەناڵەکانی بازرگانیی پەیدا بکەن.. وە کورتییەکەی ناتوانن حوکمڕانیی بکەن چونکە داینەمۆی حوکمڕانیی وە خوون کار دەکا و ئەو خوونەش هەر دەبی حیزب و حکومەت پەیدای بکەن!
• ئەوڕۆ لە شەڕی نێوان حکومەت و بەرهەڵستکاران (شەڕە گوللە یان خۆپیشاندان) کۆمەڵە کەسەک کوژران!
ئاخەر ئەو بەرهەڵستکارانە هەر چییەک بن هەر دەستی دەرەکیین و ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانیی دەخەنە مەترسیی یان تیرۆریستن یان دەگەڵ دابونەریت و فەرهەنگ و دینی خەڵکی وڵات ناگونجێن و میللەتەکەمان تووشی بێ رەەوشتیی دەکەن و بەهایە مرۆییەکانی وڵات دەشێوێنن!
• ئەوڕۆ ئاماری گیان لەدەستدان (کوژرا)یەکانی رووداوی هاتوچۆ راگەیەندرا، لێ تێکڕایان سووچی لێخوڕانی ترومبێلەکان بوون!
کەنگێ ئەوە پەیوەندیی وە خراپیی رێگاوبان و سیستەمی خراپی هاتوچۆ و گەندەڵیی و بێسەروبەریی بەڕێوەبەرایەتیی و فەرمانگەکانی هاتوچۆوە هەیە.. زۆر عەنتیکەیە هەر لەو گۆڕەی حیزب و حکومەت تاوانبار دەکەن!؟
• ئەوڕۆ کۆمەڵە کەسەک نوقمی نێو ئاو بوون و خنکان – کوژران – یان لافاو نوقمی کردن و خنکان – کوژران – یان وە بوومەلەرزە مردن – کوژران – یان ئاگریان تێبەربوو و مردن – کوژران -…!
جا ئەوانە کەنگێ سووچی حیزب و حکومەتە!؟ ئەوانە هەمووی (قەدەر و قودرەتی ئیلاهیی)ن و هیچ کەسەک ناتوانی رێیان لێ بگری و تاهەتایێش کۆتاییان نایێ!
• ئەوڕۆ چەندین کرێکار وە هۆی هەڵەی خۆیان و گرنگیی نەدان وە مەترسییەکانی کار لە نێو کارەکانیان گیانیان لەدەست دا!
ئێ کرێکار هەر خۆیان ناهۆشیار و بێ هۆش و بێ سەروبەرن.. لەبەر پارە پەیداکردن ئاگایان لە هیچ نییە.. کە خۆیان نەزانن پارێزگاریی لە خۆیان بکەن حیزب و حکومەت چ بکەن!؟
• ئەوڕۆ ژنەک لە لایەن هاوسەرەکەی بە دوو فیششەک کوژرا یان ژنەک لە لایەن باب و برا یان مام و ئامۆزایەکانی بە چەقوو لەت لەت کرا و کوژرا، ژنەک نەفتی وەخۆی داکرد و ئاگری لە خۆی بەردا و مرد – کوژرا -، ژنەک وە گڕگرتنی پرێمز یان سۆبە ئاگری تێبەربوو و مرد – کوژرا -!
دەربارەی ژنکوژییەکە ئەوە زۆربەیان کێشەی کۆمەڵایەتین و رەگدانەوەی دابونەریتەکانی کۆمەڵن.. هێندەکیشیان لە ئەنجامی بێ ئابڕوویی و بێ روشتیی ژنان خۆیان روودەدەن، سوتان و خۆسوتاندنیش تەنێ لە ئەنجامی بێ هۆشیی و کەم توانایی ژنان خۆیانەوەیە، ئەوانە هیچیان پەیوەندییان وە حیزب و حکومەتەوە نییە دەبی ژنان خۆیان هۆشیار بکەنەوە و و خۆیان چاک بکەن!
• ئەوڕۆ نووسەر و رۆژنامەنووسەکی ئازاد تەقەی لێ کرا و کوژرا!
ئاخەر ئەوانەش هەر وە تەواویی لە تامیان بردیتە دەرێ.. لە پشت کۆمپیوتەرەکانیان دانیشتین و وە ناوی ئازادیی دەربڕین وە ئارەزووی خۆیان هێرش دەکەنە سەر دین و دەسەڵات و دابونەریت و دار و بەردی ئەو وڵاتە.. دواییش هەرگیز حیزب و حکومەت لەسەر نووسین کەس تیرۆر ناکەن.. هەر کەسەک بەڵگەی تەواوی لەبەردەستە با سکاڵا بکا و ئەوانیش لێژنەیەکی وەدواداچوونی لۆ دادەمەزرێنن و هەر وەدواداچوون بکا و هەر وەدواداچوون بکا!
• ئەوڕۆ ژمارەیەکی زۆر لەو نەخۆشانەی لە خەستەخانەکانی وڵات نەشتەگەریی کران مردن – کوژران.. چونکە پارەی ئەوەیان نەبوو بچنە لای دکتۆری تایبەتیی و لە خەستەخانە تایبەتییەکان نەشتگەریی بکرێن و داودەرمانی چاک و پێویست بکڕن!
ئێ خۆ حیزب و حکومەت (خودا یان بت یان گا یان مەلیکە تاوس!) نین تا گیانی خەڵک وە دەست ئەوان بی و نەهێڵن بمرن.. دواییش ئەو هەموو داودەرمان و دکتۆر و خەستەخانە تایبەتە هەرگیز دابین ناکرێ و پێویستە خەڵک کار بکەن و خۆیان پارەی چارەسەریی نەخۆشییەکانیان پەیدا بکەن!
• ئەوڕۆ چەند تیرۆریستەک لە نێو بازاڕ خۆیان تەقاندەوە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک کوژران!
بێ گومان حیزب و حکومەت زۆر کۆشش دەکەن تا تیرۆریستان لەنێو ببەن لێ ئەوەش ئاسان نییە و کاری تیرۆریستییش لە هەموو شوێن و وڵاتەکی جیهان هەر روودەدا و بنەبەڕکردنی سەختە و کاتیشی دەوێ!
• ئەوڕۆ چەندین کەس وە هۆی ئەوەی تاقە ژۆرەکیان نەبوو تا لێی بژین یان شوێنی نێشتەجێیان خراپ بوو لە سەرمان رەق هەڵگەڕان و مردن – کوژران -!
ئێ خۆ هیچ حیزب و حکومەتەک لە جیهاندا نییە بتوانی شوێنی نیشتەجێبوون لۆ هەموو کەسەک دابین بکا.. ئەوە پەیوەندیی بە تەمبەڵیی و تەوەزەلیی خەڵکەوە هەیە.. هەر دەبی خۆیان کار بکەن تا بتوانن شوێن لۆ خۆیان پەیدا بکەن!
• ئەڕوڕۆ چەند کەسەک لە بازگەیەک کوژران یان چەند کەسەک لە لایەن پاسەوانەکانی سەر سنوور تەقەیان لێ کرا و کوژان!
ئەوە لەبەرئەوەیە چونکە حیزب و حکومەت دوژمندارییان دەگەڵ خودی میللەت هەروا دەگەڵ وڵاتانیش هەیە لۆیە لە هەر جێیەک بازگەیەکیان هەیە و کۆمەڵەک چەتە و مرۆڤکوژیان لێ دانایە!
• ئەوڕۆ پۆلیس تەقەی لە کۆمەڵە قاچاغچییەک کرد و نیوەیان کوژران!
لە راستییدا ئەوە مافەکی رەوای حیزب و حکومەتە چونکە ئەو قاچاغچییانە کەلوپەل و سامانی وڵات وە هەرزان ئاودیو دەکەن و تشتی گرانبەها و خراپ هاوردەی نێو وڵات دەکەن و قاچاغچێتیی وە مادەی بێ هۆشکەر و چەک و تەنانەت وە مرۆڤیشەوە دەکەن، ئێ خۆ حیزب و حکومەت هەموو ئەوانەی بە پێی یاسا قەدەغە کردییە.. هەر دەبی حیزب و حکومەت قاچاغچێتیی قەدەغە بکەن و لە جێی ئەوە بە پێی یاسا خۆیان – نەک قاچاغچییەکان – بازرگانیی بکەن و زۆر زۆر پتریش لەوان قازانج بکەن!
• ئەوڕۆ کۆمەڵە کەسەک وە هۆی ئەوەی هیچیان نەبوو بیخۆن و بیخۆنەوە مردن – کوژران -!
دیارە هۆکاری ئەوەش هەر ئەوەیە کە هێشتا سیاسەتمەدار و بازرگانەکانی حیزب و حکومەت نەیانتوانییە وە ئارەزووی دڵی خۆیان بانکەکانیان پڕ پارە بکەن.. دواییش کەنگێ حیزب و حکومەت بەرپرسن لەوەی پارەی خواردن و خواردنەوە لۆ ئەو جۆرە کەسانە پەیدا بکەن کە خۆیان تەمبەڵن و کار ناکەن!؟
• ئەوڕۆ و ئەوڕۆ و ئەوڕۆ و… هتد.
جا ئێستا هەر کەسەک لە پاش ئەو هەموو توانایە مادییانە و لە پاش ئەو هەموو دەستکەوتە زانستیی و تەکنەلۆژیاییانە کە بەرهەمی هۆشمەندیی مرۆڤەکانن و حیزب و حکومەت داگیریان کردینە و ناهێڵن خەڵک سوودیان لێ ببینن و تەنێ لۆ خۆیان وەکاریان دەبەن.. هێشتا تێنەگەیشتبی و لۆی رۆن نەبووبیتەوە کە حیزب و حکومەت راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بکوژی ئەو هەموو کوژرانەی رۆژانەی خەڵکن.. ئەوە لە گەمژەیی پتر بترازێ هیچی دیکە نییە.. هەر کەسەکیش لەو راستییە تێگەیشتبی و لۆی رۆن بووبیتەوە و هەر بەردەوامیش بی لە پابەستبوونی وە حیزب و حکومەت.. ئەوە لە دڕندەیەک پتر بترازێ هیچی دیکە نییە و لە تێکڕای تاوانەکانی حیزب و حکومەتیش بەشدارە!
٢٦\٣\٢٠١٤