بورهان شێخ رەئوف
وا نزیك ده‌بینه‌وه له ساڵێكی ته‌واو به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی 10/10/2021 ، هێشتا سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵنه‌بژێردراوه، كابینه‌ی حكومه‌ت پێك نه‌هێنراوه، بنبه‌ستی سیاسی، بۆشایی یاسایی و ده‌ستووری ،ئیفلیجی كارگێڕی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی گرتۆته‌وه . دوای كشانه‌وه‌ی سه‌درییه‌كان له پرۆسه‌ی سیاسی به‌ڕه‌سمی و بوونیان به ئۆپۆزسیۆنی شه‌قام، ئێستا هاوپهیمانیتییهكی نوێ پێكهێنراوه به ناوی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت كه له هه‌رچوار لایه‌نی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپه‌یمانی سیاده‌ی سووننه‌كان و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پێكدێت، كه كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیشیان ئه‌نجامدا،جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانیان هه‌ڵبژارد (موحسین مه‌نده‌لاوی) كه‌سه‌ر به چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كانه و پێشتر پۆستی سه‌درییه‌كان بوو . محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش كه پێشتر له لایه‌ن به‌ره‌ی رزگاری نیشتمانی سێ قۆڵییه و هه‌ڵبژێردرابوو، له مانۆڕێكی سیاسی زیره‌كانه‌دا ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌شی به ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كرد، به‌ڵام هه‌ر زوو ره‌تكرایه‌وه له لایه‌ن زۆرینه‌ی په‌رله‌مانه‌وه، حه‌لبوسی به‌م جۆره جارێكی تر شه‌رعیه‌تی بۆ خۆی مسۆگه‌ر كرده‌وه، به تیرێكیش دوو نیشانی شكاند هه‌م سه‌رنجی سه‌درییه كۆنه هاوپه‌یمانه‌كانی راكێشا و ته‌نانه‌ت به‌ری به‌و تانه‌و گله‌یی و گازندانهش گرت كه ره‌نگه له داهاتوودا بیده‌ن به چاویدا كه به ده‌نگی ئه‌وان بووه به سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، له زۆرینه‌ی ئێستای ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیشدا كه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگین، پێده‌چوو پێگه‌ی حه‌لبوسی لاواز بووایه،ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌یمان و به‌یعه‌ته‌ی بۆ نوێ نه‌كرایه‌ته‌وه له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به پێكهاته‌ی ئێستایه‌وه،چونكه جاری پێشوو نه یه‌كێتیی و نه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌نگیان پێ نه‌دابوو . كورد چی ده‌كات بۆ ئه‌م قۆناغه بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ؟ هه‌رچه‌نده ئه‌م كابینه‌یه وه‌كو باس ده‌كرێت له باشترین حاڵه‌تدا ماوه‌كه‌ی ساڵ و نیوێك زیاتر تێپه‌ڕناكات، به‌ڵام هاوكێشه‌ی سیاسی عیراق ئێستا گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی نێو ماڵی شیعه‌وه، ساڵی 2014 تان له‌بیره؟ لایه‌نه كوردستانییه‌كان له گردی زه‌رگه‌ته له كۆبوونه‌وه‌دا بوون بۆ چۆنییه‌تی به‌شداریكردن له كابینه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، كه شیعه‌ش چاوه‌ڕوانی ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه كوردییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی نه‌كرد و حكومه‌تی پێكهێناو شوێنه‌كانی كوردیی به به‌تاڵی جێهێشت، چونكه خۆیان زۆرینه‌بوون،پێویستیان به ده‌نگی كورد نه‌بوو . به‌ڵام ئێستا ئه‌و هاوكێشه‌یه به دووری زه‌وی و ئاسمان گۆڕاوه، به‌بێ به‌شداری كورد نه نیساب ته‌واو ده‌بێت نه سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵده‌بژێرێت نه كابینه پێكدێت، كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانیش (محه‌مه‌د شیاع سودانی) ئاماژه‌ی باشی داوه بۆ ته‌رخانكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌سه‌ر بوودجه‌ی عیراق، ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غاز بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی هه‌رێم و ناوه‌ند، شایسته داراییه‌كانی پێشمه‌رگه، ماده‌ی 140 ی ناوچه جێناكۆكه‌كان، له‌به‌ر ئه‌مانه زۆر گرنگه ل كورد هم قۆناغه‌دا به‌یه‌ك تیم ئه‌و دانوستانانه بكه‌ن بۆ زامنكردنی مافه ده‌ستوورییه‌كان
Discussion about this post