حەمەسوار عەزیز : سینەمای ئەمرێکی کە بەھێزترین و گرنگترین سینەمای جیھانە، بە تایبەتیش لە ڕووی پێشەسازی سینەما و بەرھەمھێنانی فیڵم لە پێشەنگی ھەموو وڵاتانی دونیایە، ساڵانە سەدان فیڵمی سینەمایی جۆراو جۆر بەرھەمدەھێنێت و لە ھەموو ھۆڵە سینەماییەکانی جیھان نمایش دەکرێن و زۆرترین داھات و دەسکەوتی ھەیە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەم سینەمایە بەدرێژایی ئەو مێژووە پڕشنگدارەی کە ھەیەتی ھەوڵی نەداوە سوکایەتی بە مرۆڤی ئەمریکی بکات و بەشێوازێکی ناشایستە وێنای بکات، لەگەڵ ئەوەی کە وڵاتی ئەمریکا بەوە ناسراوە کە ڕێژەی تاوانکردن تیاییدا بەرزەو بە تایبەتی ئەو تاوانانەی کە لە پێشینە ھاوتایان نەبووەو نییە, بەڵام ھەمیشە سینەمای ئەمریکی پەیامێکی ھەبووە کە مرۆڤی ئەمریکی وەک پاڵەوان و ڕزگارکەر وێنا بکات و ھەموو جوانییەکان کە دەکرێت لە تاکێکدا ھەبێت، لە پاڵەوانی ئەمریکی لە ڕێگەی سینەمای ئەمریکییەوە ڕەنگدەداتەوە، زۆرێک لە میللەتانی تریش ھەوڵیانداوە لە ڕێگەی سینەما وێنەیەکی جوانی میللەتەکەیان بە دونیا ئاشنا بکەن.
بە پێچەوانەوەی ھەموو ئەمانە خەریکە سینەمای کوردی لەسەر ناشیرینکردنی تاکی کورد خۆی بە دونیا دەناسێنێت و فیڵمە بەناوبانگەکانی بەھمەنی قوبادیش باشترین نمونەن، ئەوەی فیڵمەکانی ئەم فیستیڤاڵەش* ببینێت تێدەگات تا چ ئاستێک زۆرێک لەو فیڵمانە سوکایەتی بە تاکی کورد دەکەن و وەکو دڕندەیەکی تۆقێنەر و ژنکوژ وینای دەکەن، بەداخەوە ئەو برادەرانە لەبەر ئەوەی فیستیڤاڵەکە دژی توندوتیژییە ئیتر بەھەنای ئەوەیان ھەیە کە پیاوی کورد لە ھەموو خەسڵەتەکانی ئینسانیبوون دابماڵن و وەک تاکێکی ھەمەجی بەرجەستەی بکەن و کۆمەڵگەی کوردیش کە بەشایەدی ھەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشکەوتنی زۆری تیادا بە دیھاتووە، کەچی ئەو برادەرانە کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەک وێنا دەکەن کە ڕەنگە ئەمجۆرە وێناکردنە بۆ وڵاتێکی دواکەوتووی وەک ئەفغانستانیش شیاو نەبێت.
من ھیوادارم زۆرێک لەم فیڵمانەی کە لێرە نمایشکران بەھیچ شێوەیەک لە وڵاتانی تر نمایش نەکرێن، دەنا دڵنیام ھەموو دونیا وەک میللەتێکی ژنکوژ و مرۆڤکوژ سەیرمان دەکەن و ئەگەر ببینن کوردێک لەو بەر شۆستەکە پیاسە دەکات ھەموو خەڵکی ئەو ناوە ڕادەکەن نەبادا ئەو کوردە ھەتکیان بکات و دەستدرێژییان بکاتە سەر، یا خوا نەخواستە ئەگەر ئەم بەناو فیڵمانە لە فیستیڤاڵێکی جیھانی نمایش بکرین، ئەوە بەدڵنییاییەوە بۆ بەیانی ھەموو رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە بە یەک مانشیت دەردەچن و بە گەورەیی دەنووسن ” کورد..ئەو میللەتەی کە ژن دەکوژێت”.
* فیستیڤاڵی ( نا بۆ توندوتیژی دژی مێیینە)