ھەواڵ، مەسعودی مەلا ھەمزە : ھونەرمەندی گۆرانیبێژی دوورە وڵات کوردە لە ھەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ ھەواڵدا باس لە نوێترین بەرھەمی خۆی دەکاو ئاماژەش بەوە دەکا کە وەرزشکارێکی باشە حەزیش بە گۆشتی سپی و میوە دەکات.
کوردە لەبارەی دوابەرھەمی خۆی وتی”لە داھاتوویەکی نزیکدا بەنیازی بڵاوکردنەوەی کلیپێکم، بەڵام کەمێک دوا دەکەوێت، چونکە بەنیازم لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەرویجی ئەو کارە بکەم و مەسرەفێکی زۆری دەوێت و لەسەر ئەستۆی خۆم دەبێت وەکو کارەکانی پێشووترم.
ھەر لەو لێدوانەیدا کوردە باس لە حەزی خۆی بۆ خواردن دەکاو دەڵێ”زیاتر حەزم لە خواردنی سادەیە، خواردنێک کە زۆر رۆن نەگرێتە خۆی بە تایبەتی گۆشتی سپی و میوە، بەڵام خواردنی کوردەواریشم زۆر پێ خۆشە، وەک یاپراخ و بریانی و شێخ مەحشی و زۆری دیکە.
کوردە وەرزش بە کارێکی گرنگ دەزانێ بۆ ھەموو مرۆڤێک بۆیە دەڵێ”ئەوەی وەرزش نەکات بە باشی لە خۆشییەکی ئەم دنیایە بەشدار نابێ، من خۆم زیاتر یاری بەرزکردنەوەی قوڕسایی دەکەم و ماوەی ٨ ساڵە بەردەوامم لەو وەرزشە”.
لەدوا قسەکانیدا کوردە ئەوەی نەشاردەوە کە زۆر بیری کوردستان دەکاو کاتێکیش گەڕاوەتەوە کوردستان دڵخۆش بووە بەوەی خەڵک پێشوازییەکی باشیان لێی کرددووە”بیری کوردستان دەکەم، بە تایبەتی چەمچەماڵ کە لێی لەدایک بوومە، خۆم بە قەرزاری چەمچەماڵ دەزانم و بیری ھەموو کوردستان دەکەم، ئەو گەڕەکەشی کە لێی لەدایک بوومەو منداڵیم لێی بەسەر بردووەو یادەوەریم لێی ھەیە، کە ھاتمەوە کوردستانیش کە دەچوومە بازار و سەفەرم دەکرد زۆر دڵخۆش دەبووم بەوەی جەماوەرێکی باشم ھەبوو و لە ھەموو شوێنێک رێزیان لێ دەگرتم، دڵخۆشم بەوەی ئەوەی چاندوومە ئێستا دەیدورمەوە، ئیشاڵڵا بەپێی توانا بەردەوام دەبم بۆ خزمەتکردنی ھونەری کوردی و رێز لە وڵاتەکەم بگرم.