دیــدار نانـــــــەکەلی : مێژووی کوردستان ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە, کە ئەو ووڵاتە لە چەند سەردەمێک و بەچەند قۆناغێک ڕووبەڕووی سیاسەت و شاڵاوی تەعریب و بەعەرب کردنی کوردی کوردستانی ئێراق و سوریا بۆتەوە. کە بەھێزترین و دیارترینیان لە شاڵاوەکانی ئەنفال و ڕاگواستنی بە کۆمەڵ و تاکە تاکەی کوردستانیان لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لەسەردەستی ڕژێمی بەعس بوو لە ھەرێمی کوردستانی ئێراق.کە ئێمە ھەموو کات لە ووڵاتی خۆمان وەکو کوردێک لە ڕکابەری و ململانێدابووینە لەگەڵ ئەو سیاسەتە دوژمنکاریەی ڕژێمەکانی ناوچەکە.بە جۆرێک گەیشتوینەتە ئەو ڕایەی کەھەموو ھەوڵێکمان بخەینە گەڕ بۆ سڕینەوەی ئاسەواری ئەو کردەوە بەرنامە بۆ داڕێژراوانەی کە بەچەندین قۆناغ و بە چەندین ساڵ جێ بەجێ کراون.
وەلێ حاڵی حازر دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی لە کوردستان لەسەر ھەمان ڕێچکە و نەھج و بەرنامەی ڕژێمەکانی پێشووتر بە بێ ئاگا لەسەر ھەمان شێوە و ئاکار کاردەکەن. ئەوەتا جیا لەوەی زۆرینەی ھەرە زۆری گۆنگرە و کۆنفرانس و دانیشتنەکانی پەرلەمان و پیاوە مل ئەستوورەکانی عەرەب لە جەرگەی کوردستان بەڕێوە دەچێت. لە لایەکی تریشەوە دوو جۆر گەشتیار و موسافری عەرەب و بیانی لە کوردستان دا ھەن. یەکێکیان , ئەوانەن کە بۆ کارو کاسبی ھاتونەتە ئەو ٣ شارە بێ کارو کاسبیەی کوردستان.بەڵام حکومەت ڕێگەیانی بۆ خۆشکردووە لە شوێنی دەرچوانی زانکۆ و گەنجانی ووڵاتەکە
(برایانی عەرەب)بە کارەکانی کوردستان ھەڵبستن و ھاوبەشی خێر و بێری ئەو ووڵاتە بن. ئەوەتا چەندین دکتۆر و مامۆستای زانکۆ و کرێکار و بزنسمانی عەرەب شوێنی ھاوڵاتیانی شارەکانی کوردستانیانیان داگیرکردووە و لەگەڵ شاڵاوی ھاتنی دکتۆر و مامۆسشتای عەرەب دەتوانین بڵێین بەو ھۆکارە دامەزراندنی دەرچوانی کۆلیژ و پەیمانگاکانی پزیشکی ھەرێمی کوردستان وەستاوە و ئاستی خوێندنی باڵاش بە تایبەتی ماستەر و دکتۆرا مەنگی تێدا کەوتووە و کەوتۆتە ئاستی مەحاڵ و لوتکەی ئەستەمی , چونکە ئەو کەلێنانە بە پیاوە شیاوە عەرەبەکان پڕکراوەتەوە و حکومەت دەستی کاری عەرەب و کار و خزمەتەکانی ئەوانی پێ چاکترە لە ھەوڵ و حەزە پەنگ خواردووەکانی خۆمان. ئەمە سەڕەرای ئەوەی کە بەھۆی ئەو رێژە زۆرەیانەوە گرفتی نیشتەجێبوون چەند ئەوەندەی جاران زەق بۆتەوە و ئێستا گەورەترین بازرگانەکانی مامەلەی زەوی و خانوو لە کوردستان ، ئەو عەرەبانەن. بە جۆرێک بوونەتە ھۆکاری بەرزبوونەوەی ھەتا لوتکەی نرخی خانوو و زەوی لە ناوچەکانی کوردستان. دووەمیشیان: ئەو موسافرانەن لە تاو نا ئارامی و ئاڵۆزی بارودۆخی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق خۆیان خزاندۆتە ناوچەکە و لە گەشت و گوزاری کوردستان دان.بە جۆرێک ئێستا لە ناو شار و سەیرانگا و بازاڕ و کوچە و کەلەبەرەکانی ئەو ھەرێمە حەشامەتی جەنجاڵی عەرەبەکانی ئەنفال و ھەڵەبجە و ڕاپەڕین وات لێ دەکەن لەناو شارەکەت ,خۆت بە نامۆ و غەریبە بزانیت.ھەموو شوێنێکیان لێت داگیرکردووە و ئاسایش و ئارامی ناوچەکەشتیان شێواندووە. بەو بەڵگەیەی لە ماوەی مانگێکدا بە پێی ڕاپۆرتەکانی پۆلیس و ڕاگەیاندن,چەندین حاڵەتی دزی و دەست درێژی و شەڕ و گێرەشێوێنیان ئەنجامداوە.دەچیتە ھەر لایەک لەبەر بوونی حەشامەتی ئەو بەناو گەشتیارانە ناتوانیت وەکو ھاوڵاتیەکی شارەکەی خۆت سەر ھەڵبێنی. لە کاتێک ئەوانە جگە لە زیان وبێزارکردن ھیچ سودێکی دیکەیان نیە. ئەوەتا لەسەر ھەمان شێوە و ئاکار و کردەوەی سەردەمی ڕژێم, بە چاوی نەزان و بێ دەسەڵات و خۆش باوەڕ و لەسەر بنەمای ھاوڵاتی پلە دوو سەیری کوردستانیان دەکەن لەنێو ماڵی کوردان خۆیان. بەجۆرێک وەکو ئەوەی کوردێک باربێت لەسەریان فەرمانمان پێ دەکەن بە عەرەبی بدوێن و چۆن دەبێت لە ئێراقی عروبەدا بژیت و عەرەبی نەزانیت قسە بکەیت.بڕۆیتە ھەرشوێنێک ڕووبەڕویان دەبیتەوە,چونکە ئێستا بوونەتە خاوەنی ئەو ھەرێمە بێ خاوەنە. زارت بە کوردی بجولێنیت وەڵامت نادرێتەوە و ناچارت دەکەن وەکو ئەوەی لە بەسڕە ژیان بەسەرببەیت لە مارکێت و باخچە و چێشتخانە و سەیراگا و شوێنە گشتیەکان گوێ لە میوزیک و گۆرانی عەرەبی بگریت و ئەگەر داواکاری و کارێکت مەبەست بێت بە زمانی شیرینی عەرەبی قسەبکەیت.لە ئێوە دەپرسم وەکو کوردێک ئەگەر بەھەرمەبەستێک لەو ھەرێمە قاچت خزاندبێتە دەرەوە, زاتی ئەوەت کردووە بە زمانی دایکت زار بجولێنیت؟ ناچار نەکراویت لە شوێنی کار و پیشە و میواندارت بە زمانی ووڵاتە بێگانەکە گفتوگۆ بکەیت بە شێوازێکی زۆر شیرین و دروست؟ ئێمە ھەموومان لەگەڵ ئەوەین جگە لە زمانە بەستەزمانەکەی کوردی چەندە زمانی دیکە بزانین ئەوەندە سەربڵندی و پڕبایەخە بۆمان, بەڵام کەس ناچار نەکرێت لەنێو ماڵ و زێدی خۆی بە زمانی بێگانە ژیانی ڕۆژانەی ڕایی بکات.وەلێ ئەوەی نوشووستی و نادروستی و کۆسپ و تەگەرەی بەردەم پێشکەوتن و سەرکەوتنی کورد و کوردستانە.
( بێگانە پەرستیە ).
دیــدار نانـــــــەکەلی
dedar_nanakaly@yahoo.com