راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی :خاوەنی کوردفۆکس: ئەگەر کاک نێچیرڤان بارزانی ھاوکاریم بکات ھونەری کوردی بەھەموو وڵاتانی عەرەبی دەناسێنم
تەنیا چوار مانگە گەنجێکی سلێمانی دەزگایەکی راگەیاندنی ھونەریی بەناوی “کوردفۆکس” داناوە، چەندین چالاکی ھونەریان ئەنجامداوە، کە دەنگدانەوەی لەنێو ھونەرمەندان دروستکردووە، بەتایبەت کاتێک لەسەر تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەو وێنانە بڵاوکرایەوە کە لەگەڵ ١٤ گۆرانیبێژی ناوداری عەرەبی دەردەکەوێت، ئەو گەنجە تەمەنی تەنیا ٢٠ ساڵە، بەڵام دەڵێ “ئەگەر ھاوکاری بکرێم ھونەری کوردی بەھەموو وڵاتانی عەرەبی دەناسێنم”.
باوان رزگار نوری، ساڵی ١٩٩٢ لەبەغدا لەدایکبووە و ئێستا لەسلێمانی نیشتەجێیە، چەند ساڵێکە دەستی بەکاری راگەیاندن کردووە وەک ئامادەکار و پێشکەشکار لەرادیۆ و تیڤییەکان، ھەروەھا ئامادەکاری چەندین کۆنسێرت و فیستیڤاڵی ھونەری بووە لەسلێمانی.
سەرەتای ئەمساڵ دەزگایەکی راگەیاندنی ھونەری دامەزراند بەناوی “کوردفۆکس” کە لە ١٣/١/٢٠١٢ یەکەم پڕۆژەیان ئەنجامدانی کۆنسێرتێک بوو لەژێر ناونیشانی “ساڵی نوێی ئاشتبوونەوە و پێکەوە ژیان” کە ھەریەک لە ھونەرمەندان “شەھێن تاڵەبانی، سالار مەحموود، نازێ عەزیزی، دڵنیا قەرەداخی، شیلان عوسمان” گۆرانیان پێشکەشکرد، ھەر لەھەمان کۆنسێرت شەش ھونەرمەندیان لەبوارە جیاجیاکاندا خەڵات کرد “کەریم کابان، پەرتەو عەبدولعەزیز، شەھێن تاڵەبانی، رووبار ئەحمەد، نزار سەلامی، بورھان موفتیزادە”. ھەروەھا دوو گروپی میوزیک “ئەفشاری” و “ماڵی ھونەری کوردی” بەشداریان کرد.
لەچوار مانگی دامەزراندنیدا دەزگای کوردفۆکس سێ چاڵاکی ھونەری ئەنجامداوە، کە بریتین لە “ئەنجدانی کۆنسێرتێک، سەردانی لوبنان و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ١٤ ھونەرمەندی بەناوبانگی لوبنانی، ھەروەھا کلیپکردنی سروودێک بۆ گۆرانیبێژ چنار، کە تایبەت بوو بە نەورۆز”. باوان دەڵێ بەرنامەی ئێمە بەرھەمھێنانی کلیپ بۆ ھونەرمەندان و ئەنجامدانی کۆنسێرت و فیستیڤاڵی ھونەرییە.
باوان رزگار و رۆژنامەنووس زانا دڵشاد دزەیی، کە سەردانەکەی لوبنانیان ئەنجامدا دەڵێن یەکەمجارە دوو گەنجی کورد لەبواری راگەیاندن بتوانن چاوپێکەوتن لەگەڵ ١٤ ھونەرمەندی بەناوبانگی لوبنانی ئەنجام بدەن، وەک “دۆمینیک حورانی، مادلین مەتەر، سیرین عەبدولنور، ئەیمەن زەبیب، کارول سماحە، ئەنوەر نور، نیکۆل سابا، دینا حایک، مەی حەریری، وسیم رحال، جۆرج کعدی، ناتالیا فزللە، می مەعلوف سەعد، فادی حەداد”. باوان سوپاسی مەحموود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەکات و دەڵێ “بەھاوکار ئەو بۆ دەزگاکەمان توانیمان سەفەرەکەی لوبنان ئەنجام بدەین، بڕوای بەتوانای ئێمەی ھەبوو، زۆر حەزدەکات ھاوکاری گەنجان بکات بەتایبەت لەبواری ھونەریدا”.
باوان رزگار دەڵێت “مەبەستمان لەسەردانەکەی لوبنان دروستکردنی پەیوەندی بوو نێوان ھونەرمەندانی کورد و لوبنانی، ھەروەھا ناساندنی ھونەری کوردی بەھونەرمەندانی لوبنانی، ھەروەھا بەخشینی خەڵاتی رێزلێنان لەلایەن دەزگاکەمانەوە وەک یادگارییە بمێنێتەوە کە بۆ یەکەمجار دەزگای کوردی سەردانیان دەکات”. ئەوان بەنیازن گەشتی دووەم بۆ وڵاتی لوبنان ئەنجام بدەن، کە ١٠ ھونەرمەندی ئەستێرەی لوبنانی ئامادەی چاوپێکەوتنیان خۆیان بۆ ئەم دوو گەنجە رۆژنامەنووسە دەربڕیووە، کە بریتین لە “سەباح، ماجیدە رومی، ھەیفا وەھبی، میریام فارس، ئەلیسا، نەجوا کەرەم، قەمەر، ملحم زین، نادین لبکی، رولا سەعد”. باوان دەڵێ “نەجوا کەرەم داوای جلی کوردی لێکردووە، کە لەکاتی پێدانی خەڵاتەکە و چاوپێکەوتنەکە جلی کوردی لەبەر بکات و قسەی خۆی بگەیەنێتە ھەوادارانی خۆی لەکوردستان”.
رۆژنامەنووس زانا دزەیی سەرپەرشتیاری بەشی ھونەری لەگۆڤاری (سڤیل)، ھاوکات وەک ھاوکارێک بەشداری لەچالاکییەکانی “کوردفۆکس”ـی کردووە، ئاماژە بەوە دەدات ھەموو ئەو ھونەرمەندە لوبنانیانەی کە چاوپێکەوتنیان کردوون ئێستا حەزدەکەن بێن لەکوردستان کۆنسێرت و کلیپی خۆیان ئەنجام بدەن، زانا دەڵێ “تەنانەت زۆربەی ھونەرمەندان حەزدەکەن وەک گەشتیارێک بێن سەردانی کوردستان بکەن، وەک نیکۆل سابا و مادلین مەتەر و دۆمینیک حورانی پێیانخۆشە تەنیا بۆ بینینی ھەولێر بێنە کوردستان و لەنزیکەوە ھونەرمەندانی کورد ببینن و وێنەی یادگاری بگرن”. زانا دزەیی ھەروەھا گوتیشی “لە سەردانی ئەمجارەمان کە بەنیازین لەسەرەتای مانگی داھاتوو ئەنجامی بدەین، جلی کوردی بەدیاری لەکوردستانەوە بۆ ھونەرمەندانی لوبنانی دەبەین، بۆئەوەی بەجلی کوردییەوە لەمیدیای کوردی و عەرەبی دەرکەون، ھەمەش لەسەر داواکاری خۆیانە”.
جگە لەوە ھەفتەی رابردوو ماڵپەرەکەیان بەناوی “کوردفۆکس” کرایەوە، باوان ئاماژە بەوە دەدات دەیانەوێ جگە لەبەرھەمھێنانی ھونەری لەبواری راگەیاندنی ھونەریش کاربکەن و مۆدیلێکی تازەی راگەیاندنی ھونەری لەکوردستان دروست بکەن و ھەم خزمەت بەھونەرمەندان بکات ھەمیش ببێتە مایەی رەمەزامەندی ھونەرمەندان “چونکە تائێستا ئەو ماڵپەرە ھونەریانەی کە ھەن بەپێی پێویست خزمەتیان بەھونەرمەندان نەکردووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە زۆربەیان بوونەتە ھۆی دڵگرانی ھونەرمەندان، بۆیە لەئێستادا ھەست بەوە دەکرێ ھونەرمەندانمان خۆیان لەمیدیاکان دوورخستۆتەوە و زۆربەیان توڕەن لەمیدیای کوردی، جگە لەوەش نەیانتوانیووە ھاوکاری ھونەرمەندان بکەن لەبەرھەمھێنانی ئەلبووم و کلیپ و کۆنسێرت”. خاوەنی کوردفۆکس لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو و ئەوەشی راگەیاند “لەبەرنامەماندایە بەمنزیکانە دوو کلیپێک بۆ دوو خاتوونی گۆرانیبێژ بەرھەم بێنین، یەکێک بۆ چنار ئەویتریان بۆ ھانی، لەبەرنامەماندایە ئەگەر ھاوکاری ھەبێ کلیپێک بۆ ھونەرمەند چۆپی بکەین”.
خاوەنی دەزگای کوردفۆکس گلەیی لەوەزارەتی رۆشنبیری دەکات، دەڵێ لەجیاتی ئەوان ھاوکاری کوردفۆکس بکەن، کەچی بە پارە مۆڵەتی دەزگاکەمان دەداتێ، وەک ئەوە وایە وەزارەت ئیشیان مۆڵەت فرۆشتنەوەیە، باوان رزگار وەک خۆی دەڵێت “زۆر ھەوڵماندا ئۆفیسێک لەشاری ھەولێر بکەینەوە، بەڵام بەداخەوە کەس ھاوکارمان نەبوو، تەنانەت وەزارەتی رۆشنبیری بەمەرجێک موڵەتی کوردفۆکسی داوە، کە پێشەکی داوای بڕە پارەیەکی زۆری کردووە و دەبێ ساڵانەش بڕی ١٠٠٠,٠٠٠ بدەین بەوەزارەت، جگە لەوەش ئامادە نییە مانگانە ھاوکاریمان بکات”. باوان گوتیشی “کارەکانی ئێمە دیارە، بەڵام چەندین رێکخراو و سەنتەر و گروپ و تیپ ھەن مانگانە لەلایەن وەزارەتەوە ھاوکاریان دەکرێ کەس نایانناسێت و ھیچ بەرھەمێکیان نییە، جگە لەپارە خواردنی حکومەت نەبێت”. ئاشکراشیکرد ئەوەندە چالاکیەی کوردفۆکس ئەنجامیداوە زۆربەی لەسەر ئەرکی خۆی بووە.
باوان پێی وایە لەبەرئەوەی تەمەنی بچووکە، بۆیە لەلایەنی پەیوەندیدار ھاوکاری ناکرێ “راستە من تەمەنم بچووکە، بەڵام چالاکییەکانم دیارە چیم کردووە، کردار شەرتە، بەڵام بەداخەوە لەوڵاتی ئێمە تەمەن بووەتە پێوەری ھەموو شتێک، ئەگەر ھاوکاری بکرێ بەھێندەی چوار تەمەنی خۆم چالاکیم دەبێ”.
ھەرچەندە ئەو دوو ساڵە پێش ئێستا لەگەڵ کۆمەڵە گەنجێکی شاری سلێمانی بەڤیدیۆ داوای بینینی نێچیرڤان بارزانی کرد و لەڤیدیۆکەدا ئەوان باسی کێشەکانی خۆیان کردووە و داواشیان لێکردووە بێتە سلێمانی ھاوکاری گەنجەکان بکات، بەڵام باوان دەڵێ دوو ساڵە ئەو ڤیدیۆیەمان گەیاندە نووسینگەی بەڕێزیان، بەڵام تائێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە و دەشڵێت “لەبەرئەوەی کاک نێچیرڤان بارزانی زۆر ھاوکاری گەنجان و ھونەرمەندانی کردووە، بەپێویستمانزان بیبینین و پاڵپشتی پڕۆژەکانمان بکات، من وەکو دەزگای کوردفۆکس ئەگەر کەسێکی وەک ئەو ھاوکاریم بکات گەورەترین پڕۆژەی ھونەری ئەنجام دەدەم و ھونەری کوردی بەھەموو وڵاتانی عەرەبی دەناسێنم، ئەوەندەی وەزارەتی رۆشنبیری کاریگەر لەنێو ھونەرمەندان دروست دەکەم”.
باوان داوای بینین و ھاوکاری لەنێچیرڤان بارزانی دەکات دەڵێ “ھیوادارم لەڕێگەی گۆڤاری سڤیل دەنگمان بەکاک نێچیرڤان بگات، ھاوکاری پڕۆژەکانی گەنجان بێت”.