ئاریان دەرگەڵەیی :كردنەوەی چەند ستۆدیۆیەكی پڕۆفیشناڵ لە كوردستاندا، كارێكی وایكردوە كە لەمەدوا گۆرانیبێژە كوردەكان بۆ تۆماركردنی ئەلبوومەكانیان كەمتر ڕوو لە دەرەوەی وڵات بكەن، بە وتەی خاوەنی ستۆدیۆی شاری هەولێر، ئێستا هاوكێشەكە گۆڕاوە و گۆرانیبێژانی دەرەوەیش بۆ تۆماركردنی گۆرانی ئەلبوومەكانیان ڕوو لە كوردستان دەكەن.
(كۆمپانیای میلودی) چەند ساڵێكە لە كوردستان دامەزراوە، چەندین بەرهەمی گۆرانیببێژانی لێ تۆمار كراوە، (كاروان ڕەمەزان) كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ستۆدی میلۆدی، لە بارەی جیاوازی ستۆدیۆكانی ئێستا و جاران دەڵێت: “جاران جیاوازییەكی ئەوتۆ لە نێوان ستۆدیۆكانی كوردستان و وڵاتانی دی بەدی دەكرا، بەڵام ئێستادا ئەم جیاوازییە كەم بەدی دەكرێت، ئەمەیش دەگەڕێتەوە سەر ئەو پێشكەوتنانەی كە ئێستا لە كوردستاندا هەیە.”
گوتیشی: “ئەگەر نمونە لەسەر ستۆدییەكی خۆمان بهێنینەوە هیچی كەمتر نییە لە چاو ستۆدیۆی دراوسێكانمان، چونكە هەمان ئەو تایبەتمەندیانە بەكاردەهێنین كە ئەوان بەكاری دەهێن، بە تایبەت لە ڕووی شوێن و داپۆشینی شوێنی تۆماركردن و ئامێرە دەنگییەكان.”
ڕاستییەك هەیە دەبێ گۆرانیبێژ بیزانێت، مەرج نییە كە ئەگەر هونەرمەندێكی كورد بۆ تۆماركردنی گۆرانییەك ڕوو لە دەرەوەی وڵات بكات ئەوە كارەكەی جوانتر دەبێـت لەو كارەی كە لە ناوەی وڵات تۆماری دەكات، زۆر لە هونەرمەندان ئەلبوومەكانیان لە دەرەوەی وڵات تۆماركرد، بەڵام ئەگەر لە ناوەوەی وڵات تۆماریان بكردبوایە ئەوا بێگومان جوانتر دەبوو.
(دلێر عەبدولقادر)ـی گۆرانیبێژ لەسەر تۆماركردنی ئەلبوومی گۆرانی لە ناوەوەی وڵات دەڵێت: “وەك ئەركێكی نیشتمانی زۆربەی گۆرانییەكانم لە ناوەوەی وڵات تۆمار كردووە، بڕیاریشم داوە ئەلبوومەكانی داهاتووشم هەر لە ناوەوەی وڵات تۆمار بكەم، لە بارەی ستۆدیۆكانی كوردستانیشەوە، بە خۆشحاڵیشەوە لە ناوەوەی كوردستان ستۆدیۆی زۆر پڕۆفیشناڵمان هەیە، كە گۆرانیبێژان دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان هەر چ تەكنیكیان بوێت بیخەنە ناو گۆرانییەكانیان، بۆیە گۆرانیبێژان لە كاتی ئێستادا هیچ بیانوویەكیان نەماوە ئەگەر بۆ تۆماركردنی گۆرانییەك ڕوو لە دەرەوەی وڵات بكەن.”
تۆماركردنی ئەلبوومی گۆرانیبێژان لە ناوەوەی وڵات، وەك خاوەنی ستۆدیۆی میلۆدی ڕوونی كردەوە چەند سوودێكی هەیە، لەوانە گەڕانەوەی پارەیەكی ئێجگار زۆر بۆ ناوەوەی وڵات، وەك دەزانرا لە ڕیگەی پارەی گۆرانیبێژانی كوردەوە قازانجێكی زۆر دەچووە گیرفانی خاوەن ستۆدییە بێگانەكان و میوزیكژەنە بێگانەكان، بەڵام ئەگەر گۆرانیبێژان لە ناوەوەی وڵات تۆماری بكەن، قازانجەكە بۆ كادیری هونەرییە كوردەكان دەبێت، هەروەها خاڵێكی دیكەیش لەو سوود وەردەگرتنەوە بۆ خوودی هونەرمەندانە، لە وڵاتێكی وەكو توركیا لەوانەیە تۆماركردنی هەر ئەلبوومێكی گۆرانی چەند دەفتەرێك دۆلاری تێ دەچێت، بەڵام لە كوردستان ڕەنگە تێچووی هەر ئەلبوومی 10 تراكی تەنیا یەك دەفتەری تێ بچێت، ئەمەش كاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی كە هونەرمەندان بتوانن لە هەموو ساڵێكدا ئەلبوومی گۆرانی ئەنجام بدەن.
خاوەن تۆمارگاكانی ناو بازڕیش پێیان وایە كە تۆماركردنی ئەلبوومێكی گۆرانی لە ناوەوەی وڵات خۆی لە خۆیدا كاریگەری لەسەر زۆر فرۆشتن و خێرا فرۆشتنی ئەلبوومی گۆرانیبێژان لە بازاڕەكاندا هەیە، (هیوا محەممەد) كە خاوەنی تۆمارگایەك بوو لەو بارەیەوە دەڵێت: “بە هۆی باشبوونی كوالیتی تۆماركردنی گۆرانی لە كوردستاندا ئێستا هەست دەكرێت پتر لە جاران ئەلبوومەكان دەفرۆشرێن، چەند ساڵێك بەر لە ئێستایش كاتێك دەبینرا گۆرانیبێژێك دەچووە توركیا ئەلبوومەكەی تۆمار دەكرد، ئەلبوومەكەی بە ئەندازەیەكی زۆر لە بازاردا دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا گوێگرە هونەرییەكان ڕوویان لەو ئەلبوومە گۆرانییانە كردووە كە لەناوەوەی كوردستان تۆمار دەكرێن، كە من وەك خۆم ئەمە بۆ چەند هۆكارێك دەگەرێنمەوە، بۆ نموونە ئەلبوومەكانی ناوەوەی كوردستان لە ڕووی كوالیتیەوە بەرزن و هەروەها نرخەكانیان گونجاون، لە لایەكی دیكەیشەوە گوێگری كوردی وەها هەست دەكات ئەو ئەلبوومانەی كە لە ناوەی وڵات تۆمار دەكرێن لایەنە كوردییەكەی پێوە دیارە نەك توركی و عەرەبی.