ئاکۆ عارف : ڕووداوەکانى رۆژ سەلماندویانەو سەپاندویانە کە وەرزش بەگشتى و یارى تۆپى پێ بە تایبەتى چ دەرهاویشتەو لێکەوتەیەکى بەهێز و پڕ واتاى هەیە ، یاخود دەکرێت بە پێچەوانەوە بڵێین وەرزش بەگشتى و یارى تۆپى پێ بەتایبەتى لەنێو رووداوە گەرمەکانى رۆژدایەو وەک یەکێک لە زیندوترین کایەکان کاریگەرى گەورەو رەنگدانەوەى پڕ بەهاى هەیە و دابڕانیش لێى مەحاڵە ، تۆپى پێ و خول و پاڵەوانێتیەکانى تایبەت و پەیوەست بەو وەرزشە ناوازەیە لەهەموو کاتێکدا زیاتر لە مانایەک و زۆرتر لەقسەیەکى هەیە و پەیام گەلێکى زۆر وەشان دەکات و لەبەرامبەریشدا بەقەد قەبارەى گرنگیەکەى پەرچەکردارى هەیە ، هەرلەو روانگەیەشەوە ئێمە لەعێراقدا وەرزش بەگشتى و خولى تۆپى پێى یانەکانى عێراق دەبینین ، بۆیە بەنزیک بونەوەى وەرزێکى نوێى خولى بژاردەى تۆپى پێ ى یانەکانى عێراق ، تەریب بە بەشدارى یانەکانمان لەگەڵ هەموواندا ئەرکى رۆژنامەنوس و راگەیاندکارانە شرۆفە و خوێندنەوەى بابەتى و زانستى بۆ رووداو و دەرنجامەکانى بکەن هەروەک بۆ ئێمەى کوردستانى کە یانەکانمان تیایدا بەشدارن و بەهێز و پاڵەوانیشن گرنگەو دەبێت وابکەین کە هەموو دەرنجام و رەهەندەکانى لەبەرژەوەندى هەم بزافى وەرزشى و هەمیش واقعى کوردستان بشکێتەوە و کۆتاى پێبێت .
بەندە بەردەوام چاودێرى وەرزش بەگشتى و خولى تۆپى پێ ى یانەکانى عێراق دەکەم و بەردەوامیش چاوم لەسەر سەرکەوتن وبردنەوەى یانەکانى کوردستانە ،کاتێکیش کە قسە لەسەر هەڵبژاردەى ووڵاتەکەدەکرێت رەنگە لەهەندێک جاردا حەز بەسەرکەوتنى زیکۆى راهێنەرى تیپى تۆپى پێى هەڵبژاردەى عێراق بکەم ، بەڵام هەمیشەو بەتایبەتى لەدواى راپەرینەوە تائەم ساتەش عێراق و وەرزش لەعێراقدا کاریگەرى و حەز و جوانیەکانى لاى من وێنەیەکى کاڵ کاڵ و شێواوى هەبووە و هەیە و ئەگەر لەهەندێک حاڵەت و لەبەر هەندێک هۆکار نەبێت ناخوازم نەک پەیوەست بم پێوەى ، بەڵکو ناخوازم هەر بیریشى لێبکەمەوە ، بێگومان یشم زۆرێک لەتاکەکانى کۆمەڵگەى کوردى لەم دیوو( حەمرین ) ە وە جۆرێک لەو هەستەى منیان هەیە ، ئەمەش لەبەر زاڵبونى هەستى نەتەوایەتى و ئەو جیاوازى و تایبەت مەندیانەیە کەلەم دیوو ( زنجیرە چیاى جەبەل حەمرین ) بە بەراورد بەئەودیوى سنورهەیە .
ئەمساڵ لەخولى بژاردەى تۆپى پێ ى یانەکانى عێراقدا (5) یانەى شارەکانى کوردستان بلیتى بەشداریکردنیان دەستەبەرکردووە ، سەربارى جیاوازییەکان مادام هێشتا هەرێمى کوردستان لەهەمان دۆخ و فۆناغى ساڵانى پێشویدایە و هەرێمى کوردستان نەبۆتە ووڵاتێکى سەربەخۆ و بەناچارى لە چوارچێوەى عێراقدا ماوینەتەوە ، کەواتە دەبێت و پێویستە یاریزان وتیپ و یانەکانمان بەشدارى خول و پاڵەوانێتیەکانیش بکەن ، هەرچەندە بەداخەوە یانەى کەرکوک بەهۆکارى گرفتى داریى بریارى کشانەوەى لەخولەکەدا داوە ، بەڵام ئامادەبوونى ( 4 ) یانەى کوردستان لەخولەکەدا سەربارى هەرشتێک دڵخۆشکەرە و بەدەستەبەرکردنى نازناو و دەسکەوت و بردنەوەو گەیشتن بەترۆپکى سەرکەوتن دواجار دەرنجامەکان لەخزمەتى وەرزشى کوردستان دەشکێتەوە .
ئێمە لە کوردستاندا لیژنەى ئۆڵۆمپى و دەزگاو دامەزراوە و یانەى وەرزشیمان هەیە کە تارادەیەکى باش پێشکەوتن و گەشەکردنى پێوە دیارە بائەمرۆش لە چوارچێوەى سنورى عێراقیشدابین بەڵام واقعى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ناوەراست و باشورى عێراق جیاوازترە ، ئایا ناکرێت بەپاڵپشتى و کۆمەکى کایەکانى ترو ئەو واقعەى کەهەیە ئێمە هەرێمێکى هاوشێوەى هەرێمى کەتەلۆنیاى ووڵاتى ئیسپانیابین ؟، رەنگە ئەمە وەرزشەکەمان بەجۆرێک لەجۆرەکان ببەستێتەوە بەسیاسەتەوە بەڵام ئەوە من نیم وەرزش لەگەڵ سیاسەت تێکەڵاو دەکەم ، بەڵکو پێمان خۆشبێت یان نا ، دەرنجامەکەى باش بێت یان نا ، لێکەوتەو لێکدانەوەکانى لەخزمەت بەرژەوەندى کۆمەڵگەى مرۆفایەتى دابێت یانا ئەمرۆ لە تەواوى جیهاندا وەرزش و سیاسەت جۆرێک لە هەماهەنگى و پێک گەیشتن لەنێوانیانداهەیە و زۆرجار لەسەر یەک هێڵ و بەیەک ئاراستە تەواوکەرى ئەرک و کار و دەرهاویشتەکانى رۆژگارن ، بەدەر لەهەر قسە و هەرشتێکیتر کەئەمرۆ عێراق بەتەواوى لە رووى سیاسیەوە هێشتا سەقامگیر وجێگیر نەبێت و وەرزشەکەشى کەم تازۆر کۆڵەوار و دەردەداربێت ،بۆ هەرێمى کوردستان بەم هەموو تایبەتمەندیەى کەلەرووى نەخشە و جوگرافیا و نەتەوە و سنور و شارستانیەت و پێشکەوتن و گەشەکردنەوە کەهەیەتى ، هەرێمێکى ترى هاوشێوەى هەرێمى کەتەلۆنیا نەبێت ، ئاخر بە ووردبونەوە لەشوناس و ئامانجى هەردوو گەلى هەرێمى کوردستان و کەتەلۆنیا رەنگە لەیەک چون و ئامانج گەلێکى هاوبەشیش هەبێت ، خۆلانى کەم لە ئێستادا و بەهەوڵى هەموان رەنگە بتوانین یانەکانى سلێمانى و هەولێر و دهۆک و زاخۆ و کەرکوک وا لێ بکەین لەخولى یانەکانى عێراقدا و لەبەرامبەر تیپ و یانەى شارەکانى ناوەراست و باشورى عێراقدا بەبەرشەلۆنە و ئیسپانیۆل بچوێندرێن ، کەدەڵێم بە بەرشەلۆنە و ئیسپانیۆل بچوێندرێن تەنیا وەک ناو ، وەک ئەوەى بەرشە و ئیسپانیۆل ناسنامەیەکى ترى کەتەلۆنیان و یانەکانى ئێمەش لەبەرامبەر یانەکانى ناوەراست و باشورى عێراقدا و لەپێناو هەرێمى کوردستاندا ئەو نازناوە بەخۆیان ببڕن ، ئەمە بەبینینى ئەو راستیەى کە عێراق لەهیچ روویەکەو ە لە ئاست پێشکەوتن و گەشەو شارستانیەتى ئیسپانیادا نیە !.