ھەولێر/ زریان خەتاب : میدیا بە ھەموو جۆرەکانییەوە، لە میدیای نوسراو و بیستراو و بینراو و ئەلیکترۆنی، لەنێو ھەموو کایەکانی کۆمەڵگادا رۆڵی گرینگی بەردەکەوێت لە ژینگەی بونیادنانی کاریگەری و دروستکردنی رای گشتییدا، بەبێ راگەیاندن رووداوەکان بازنەی کەم ئەدان و لە ئەندازەی بچوک بچوک زیاتر تێپەڕناکەن، بۆیە لەگەڵ ھەر گۆڕانکاری و رووداو و قەیرانێکدا ئەگەر میدیا بەقەد گرینگی خۆی بایەخی پێبدرێت و ئەو ئەرکەی پێ بسپێردرێت، کە لە تواناییداھەیە و دەسەڵاتێکی گرینگی چاودێرێکردن و روماڵ و گەیاندنی زانیارییە، ئەوا پێشکەوتنی بەرچاو و خوازراو دێتەبەرھەم و گۆڕانکاری گەورە دێتە ئاراوە. لەمڕۆی پڕاوپڕ لە رووداو و قەیرانی گەورەی ئابوری و سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی، ئەوەی بەدیدەکرێت بەردەوام، ئەوە نێوەند و کەناڵە میدیاییەکانن بڕیار لە سەر کورت و درێژی، یان کاتی دەستپێک و مانەوەی رووداوەکان دەدەن،
لێرەوە دێمە سەر مەبەستی ریزکردنی ئەو وشانەو کۆکردنەوەیان لەژێر ناوی وتارێکی لەو جۆرەدا، ئەویش ھەنگاوێکی میدیایانەی ئاسان لە ئەنجامدان، گەورە لە بیرۆکەی میدیاییە، کەسەرچاوە و راگەیاندنی کەناڵی کوردساتە.
دروستکردنی کەمپینی کەناڵی کوردسات بۆ ئاوارەکانی خۆر ئاوای وڵات، لە ماوەی رابردوودا، وەک ئەرک و کار، کارێکی سانابوو، بەڵام وەک بیرۆکەو ئەنجامدانی بەشێوەیەکی مۆدێرن و کاریگەر، گەورە و پیرۆزبوو، ئەو ھەوڵ و ھەنگاوەی کوردسات جۆرێک بوو لە خەبات و تێکۆشانی مەدەنی بۆ رووی ئەو ئاوارە کوردانەی رۆژئاوا کە لەوپەڕی دەردەسەری و ئەستەمی رۆژگار ژیان بەسەردەبەن. تا ئەو کاتەی کوردسات بەو شێوەیە نەھاتە نێو مەیدانی میدیایی روماڵی چۆنیەتی ژیان و مەرگی رۆژانەی کوردەکان و ئاوارەیی و بێ ماڵ و جێگەیی و رووکردنە ھەرێمی کوردستانی ئازاد، بە رێگیەکی سەختی سنور بڕی و مەرگ لە رێ، بەو شێوەیە کاریگەری لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی دروست نەکرد، بەر لەو ھەنگاوەی کوردسات کەناڵ و ناوەندە میدیاییەکان وەک ئەرکێکی تەقلیدی رۆژنامەوانی تەنھا سەرقاڵی روماڵی بارودۆخی ئەوان بوون، لە نێو کەمپ و سنور و گەرمەی رووداوە ئاگرین و نامرۆڤانەییەکانی رژێمی سوریا، ئەگەرچی ئەو کارکردنە میدیایی و مرۆڤانەی ئەو کەناڵانەش ھەنگاو ھەوڵی کەم نەبوون، بەڵام تەنھا بوێری روماڵکردن و گواستنەوەی نەھامەتیەکان و مرۆڤ کوژی، ئەرک و ئامانجە میدیاییەکە تەواوناکات. لێرەدا کوردسات بوێرانە بە شێوازێکی پەی بۆنەبراو و مۆدێرنە، جۆرێکی تر لە ئەرکی میدیایی بۆ خستینە روو، کە بێشک بۆ مێژوو ئەو ھەنگاوەی کوردسات لە دروستکردنی کەمپی ھاوکاریکردنی ئاوارەکانی رۆژئاوای وڵات بەو شێوە تازەگەرییە و فراوانە خەرمانێکی تری داھێنان و نوێگەریی بوو بۆ کورد و کوردسات، کە لە دیدگایەکی جیاوازەوە، دوور لە ھەنگاو و دەستپێشخەرییە دووبارەکانی تری میدیایی، دوور لە رەنگدانەوەی تەسکی حزبی، ھونەرمەندان و ئەدیب و رۆشنبیرانی کردە سەرقافڵەی ناساندن و راگەیاندنی ئەو کەمپینە، بەبەرگێکی تازە و جۆرێکی نوێ لە ھونەر و تەکنیکی تازەیی دروستکردنی کاریگەری و کارکردنە سەر رای گشتی. ئەوەی کوردسات کردی، بیرۆکەیەکی جوان بوو ئەوەی خەڵکیش لە شارەکان و ناحیەو قەزاو ھەر شوێنێک پێشکەشیان کرد، ھەر لە پارەو جۆریەتی کەلوپەلەکان، لە بوکەشووشەیەکی دەست منداڵێکی باشور بۆ ھاوتەمەنەکەی لە رۆژئاوا، تا گەورەترین ئەو کەلوپەلانەی بەشێوەی راستەوخۆ بۆماوەی چەندین رۆژ بینیمان کەچۆن ھاوڵاتیان پۆل پۆل ئەھاتنوو کاروانی مرۆڤایەتی خۆیان دەگەیاندە کەمپینەکانی کوردسات. کارێکی مرۆڤانەی گەورەبوو کە ھەستی ھەموومانی ھەژاند و ھاریکاریی مرۆڤانەی بیرخستینەوە. ئەو کار و ئەرکەی کەمپینەکەی کوردسات لە تواناو دەسەڵاتی حکومەتیش گەورەتربوو، ئەوەی بەدیکرا لەماوەی ئەو ھەفتەیەدا، رۆژنە ھاوڵاتیان لە تەمەنی جیاجیاو بە کەلوپەلی جۆراوجۆر و ھەر کەس بە پێی تونای خۆی لە بەشی خۆی دەبەخشی بە ھاونەتەوەکانی رۆژئاوای، ھەرگیز حکومەت و دەسەڵات بەوجۆرە فراوانیەوە ئەو ھاریکارییەیان پێکۆنەدەکرایەوە، لە ھەموو ئەوانەش جوانتر داوای دەنگی ھاوڵاتیان و رێکخەرانی کەمپینەکەبوو لە حکومەت و پەرلەمان بۆئەوەی ئەوانیش بتوانن بە قەبارەی دەسەڵات و گەورەی خۆیان ھاوکاری ئاوارەکانی رۆژئاوای وڵات بکەن، ئەویش لە رێگەی کەمپینەکەی کوردسات و لەسەر شاشە رەنگینەکەی کوردسات، ئەوەش بەخشینی گەورەیەکی تر بوو بە کەناڵێکی میدیایی کە ئەو ئەرکە پیرۆز و مرۆڤایەتییە بگرێتە ئەستۆ. ھەر ئەو کەمپینەش بوو جارێکی تر وەبیر تاکەکانی باشوری ھێنایەوە کە ئەوانیش بەو نەھامەتییەی ئەوان داتێپەریون و ئەو ئازادی و جۆرێک لە دیموکراسیەیی ئەمڕۆ بەرھەمی ئەوکاتی بەرخودان و ماڵوێرانییە، کە ئەو کاتیش کوردانی پارچەکانی تری وڵات بەدەنگ باشورییەکان ھاتن و بوونە سایەو سێبەرێکی باش بۆ ماندوانی دەست ژیانێکی ئەستەم و مەرگەسات، بۆیە ئەگەر بەچاوێکی میدیاییانە وردبینەوە، ئەبینین ھەموو ئەوانەی بەشداری ئەو کەمپینەیانکرد لە ھەر ئاستێک بووبن چەتری کۆکەرەوەی ئاوارە و لێقەوماوانی رۆژئاوابوون بە ئاراستەی ھەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی سێبەرێکی شیاو بەژیان و زیندوبوونێکی مرۆڤانە. کەشیاو بەرێزگرتنێکی مرۆڤانەشن. کوردساتیش وەک ھەمیشە گرەوی نوێگەری و داھێنانێکی تری بردەوە، کە شان بەشانی داھێنانە سیاسی و ھونەری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانی، لە رێگەی کەناڵێکی بینراوەوە داھێنانێکی مرۆڤانەشی تۆمارکرد. بەھیوای داھێنانی تری میدیایی لە کەناڵ و ناوەندە میدیاییە کوردییەکان و گەیشتنی ئەو کۆمەک و ھاریکارییە مرۆڤانەی کوردانی باشور بۆ ھاونەتەوەکانیان لە رۆژئاوای وڵات، بە ئومێدی سەرکەوتن و ئازادی سەرتاسەری کورد و کوردستان، کە بێشک ئەو پرۆسەیە پێویستی بەچەندین داھێنانی تری مەدەنی و مرۆڤانەی وەک کوردسات دەبێت.