هیوا سهرههنگ / هۆڵهندا: ئەم تایتڵە پرسی گومانێکە کە دەشی وابێت یا وا نەبێت، تەنیا و تەنیاش کار و چالاکی کوردان لە نێو بار و دۆخی دەرەوەی وڵات و هەموو ئەو هۆکارە خۆیی و بابەتیانەی زەمینەکە کاردانەوەی لە سەریان دەبێت، خۆ هەر لە سەرەتا و دەسپێکی کۆچ و نیشتەجێ بوون لە دەرەوەی وڵات بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا و تەواوی ئەو وڵاتە رۆژئاواییانەی کوردانی تیا نیشتەجێ بوون، پرسیار گەلێک لەخۆ دەگرێت، بۆ کۆچ و ..؟ بۆ وڵات جێهێشتن ..؟ کە ئەم دیاردەیە زۆر لە وڵاتانی بەتایبەت جیهانی سێهەمی گرتۆتەوە، خۆ گەر ئەمە گرفتێکی نەرێنی بێت بۆ هەر وڵات و میللەتێک، دەبێتە چەندین جاری نەرێنی گەر نەتوانرێت ئەو هێزە جۆراو جۆر ئەکتیڤانە جارێکیتر لە پێناوی ناوەوەی وڵاتدا بخرێنەوە گەڕ، ئەم پرۆسەیەش دەرئەنجامی هاوکێشەیەکی دوو بەرە و، خۆی لە هێز و دەسەڵاتی ناوەوهو توانای دەرەوەدا دەبێنێتەوە و خەمساردی و بێباکی هەریەک لەم دوو بەرەش، هاوکێشەکە لاسەنگ دەکات و یەکەیەکی دروست بەرهەم ناهێنێت و شیمانەی دەبێت جۆرێک لە چالاکی سنووردار و لێکچووی چەندبارە بوەوە بەرهەم بێت، وەلێ ئەمە ناگاتە ئەوەی لەو توانا زۆرەی کوردانی دەرەوەی وڵات، چەند و چ چەندایەتی و چۆنایەتیەکی دروست دەسازێنریت، میللەتانی دەرەوە دەماناسن وەک کورد و لە تۆمارە فەرمییەکانیشدا وەک میللەت بە کورد ناونووس کراوین، ئەوە خۆمانین بە چەندین جۆری دژ بەیەک خۆمان پیشان دەدەین، ئەوەی جێی داخە کوردان لە دەرەوە، حزبین نەک نەتەوەیین، نادروستیش لەوەدایە هەریەک بە جۆرێک خەبات دەکات و پەیوەندییە دەرەکییەکان جێبەجێدەکات و تەنانەت لە چالاکییە کولتوریەکانیشدا ئەمانە رەنگیان داوەتەوە. کوردان لە دەرەوەی وڵات بەتایبەت ئاماژەمان لەسەر وڵاتانی ئەوروپایە .. هەمیشە ئامێزحەزی ئەو هیوایەن بەچی و چۆن دڵسۆز بن بۆ وڵات و ئەو دەرکە داخراوانەی سەر کەلتور و مێژوو و فەرهەنگ و شوناسنامە نەتەوەییەی ساڵانێکی زۆر سەرکوت و شاردراوە کراون بکرێنەوە بەرووی میللەتان و پەرلەمانەکانی جیهاندا. هەر بۆیە بەردەوام لەوپەڕی سنوورداری توانا و بێ پشتیوانیدا توانراوە چالاکی دروست ئەنجام بدرێت کە پێدەچێت لە ئاستی پێویستیشدا نەبووبێت، خۆ گەر هۆڵەندا بکەمە نموویەکی زیندوو کە شارەزاییم تێیدا فراوانترە بە هۆکاری لێی نیشتەجێم .. ئەوە بە رێژەیەکی دیاریکراوی کوردانی وڵاتانیتری ئەوروپاش هەمان چالاکییان سازداوە و هەر یەک بە جۆرێك. ئەم چالاکییەی( کوردستانی نوێ ) پێێ هەڵدەستێت وەک رۆژنامەیهکی رۆژانە دروست و جێی خۆیەتی و بەهەند وەرگرتنی توانا شاردراوەکانی کوردانی دەرەوەی وڵاتە، وەلێ دەکرێت سنووری راپۆرتێک یان وتارێکی هاودەمی رۆژانە ببەزێنرێت و ئەکادیمیانە ئەم کار و چالاکیانە، بۆ نموونە لە ماوەی بیست ساڵدا کۆکرایتەوە و بکرایەتە نامە و توێژینەوەیەکی پڕ پێز کە تیایدا کار و چالاکی و خاڵە لاوازەکانی و دەرئەنجام و چۆنیەتی بەگەڕ خستنەوەی توانایەکی زۆری کوردانی تاراوگە لە بۆدەقە و هەڵمەتێکی بێ وێنەدا کۆکرانایەتەوە تا دەرەوە و ناوەوەی وڵات، تەواوکەری یەکدی بن لە ئایندە رۆشنەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا. رەنگە ئەمە ئەرکی دەزگا و دامەزراوەیەکی فەرمی حکومی بێت، وەلێ لە نەکرێت و یا کەمتەرخەمییەک هەبێت دەشی دەزگایەکیتری راگەیاندن و خەمخۆری وەک ( کوردستانی نوێ ) پێی هەڵسێت و وەک هەموو کارەکانی دیکهی پێشەنگ بێت .. بکرێتە سەرەتای بایەخدان بە هێزی کاریگەر و جۆراو جۆری کوردان لە دەرەوەی وڵات. کوردانی تاراوگه کار و چالاکییەکانیان فرە لایەنەن و تا ئاستێک جوداییەکی پێوە دیارە بەرامبەر کار و چالاکی ناوەوەی وڵات، چون رێکخستنی پرۆسەکە جگە لەوەی بۆ کوردانە بۆ بەردەم میللەتانی بیانیشە و لە نزیکەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، بە هۆکارە جوداکانیش جۆرێک لە خۆبەستنەوە بە شیوازەکانی ناوەوەی وڵات هێشتا ئەو سنوورە نەبەزێنراوە کە تەواو کوردانی دەرەوەی وڵات تایبەتمەندی خۆیان هەبێت. هۆڵەندا یان وڵاتی گوڵ و وڵاتی زەوییە نزمەکان، لە ناوەراستی نەوەدەکانەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردان لەم وڵاتە نیشتەجێ بوون، چالاکیەکانیان، خەباتیان، بە کۆڕ و سیمینار و پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە مرۆڤدۆستەکاندا دەست پێکردوە، لە نێو جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیەشدا چەندین چالاکی رۆژنامەگەری و چاپکردنی گۆڤار و رۆژنامە سازدراوە، پەنجەرەیهک و تیشکێک بۆ سەر ( یانهی میدیای کوردی لە شاری رۆتردام ) کە بە یەکێک لە شارە گەورەکانی هۆڵەندا دادەنرێت و دووەم مینای گەورەیە لە جیهاندا، ئەم رێکخراوە سەرباری چالاکییەکی زۆر لە بوارەکانی هاریکاری هەمەجۆرەی کوردان و وەرگێران و رێنمایی کوردانی نیشتەجێبووی نوێ و کۆر و سیمینار و چالاکی بۆنە نەتەوەییەکان، مانگنامەیەکی دەردەکرد بە بەردەوامی بۆ ماوەی ( 12 ) ساڵ و توانی بەسەرکەوتووی ( 127 ) ژمارەی بە چاپ بگەیەنێت و دوا جاریش دەرئەنجامی نەبوونی بودجە و نەمانی هاریکاری حکومەتی هۆڵەندی بۆ چالاکی رێکخراوە بیانییەکان چاپی ئەم بڵاوکراوهیه وەستا، ئەمە لە کاتێکدا هەر لەو ماوەیەدا چەندین کتێب و نامێلکە و پۆستەری بۆ نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان بە چاپگەیاندووە یان هاریکاری کردوون، هەر لەناو هەناوی میدیای کوردیدا رێکخراوەکانی لاوان و ئەنجومەنی ژنان لە دایک بوون بە چالاکی هەمەجۆرەوە، یانهی کوردی میدیا و و رێکخراوە کوردییەکان هەمیشە پردێکیان سازاندوە لە نێوان دەنگ و رەنگی کوردی لەگەڵ پەرلەمان و حکومەت و کۆمەڵانی خەڵکی هۆڵهندەدا و توانراوە بزاڤی خەباتی کوردی رەوایی پێبدرێت و کورد بناسن وەک میللەتێکی زوڵم لێکراو.