یاسین برایم _ رواندز : سەرۆ ، نەک گوندەکەی خۆی ، گوندەکانی دەوروبەریشی تێگەیاند بوو ، کە بوویتە مەمی ئەم مەملەکەتە و عاشقی زینی کچە مامی بووە.ئەوەندەی بنێرێتە خوازبینی ، بێتامی کرد بوو. ھەر چۆنی ھەبێت دواجار کچەکەیان دایێ ، سەرۆ لە خۆشیان وەک پاڵەوانێکی عاشق دەرکەوت و دوو ئەوەندەی تر لووتی بەرز بۆوە.گوێی بەکەس نەدەدا ، وایدەزانی لە ئاسمان ھاتۆتە خوار . ھەمیشە نێوچاوانی گرژ و مۆن بوو ، ئەمەش وایکردبوو ، کەس خۆشی نەدەویست .
زۆری نەبرد ئامادەکاری کرد و زینی گواستەوە ، خەریک بوو باڵ بگرێت و خەونی چەندین ساڵەی ھاتە دێ ، کە شەو داھات ، بووک بە ھێمنی و بە شەرمەوە ئەم نھێنیەی، پێ ووت “ئەمشەو دەستم لێمەدە بێنوێژم !!”. لە کاتی بیستنی پەیڤی بێنوێژی وایزانی گوللە لە دەمی بووک ھاتە دەر و بەر سینگی کەوت ، وەک بیبسی ھەڵچوو ، تا ھێزی ھەبوو ، مستێکی لە نێو دەمی بووکی دا و دەم و ددانی پڕکرد لە خوین . بووک بە بینینی خوینەکەی خۆی ، لە سەر جێگایەکە بوورایەوە . سەرۆ بەمەش نەوەستا ، بەجنێودان و ھەرەشەکردن بۆ ماڵی بووک بەرێکەوت ، کە دوو خانوو نێوانیان بوو ، دایکی بووکی جنێو باران کرد ، کە بێنوێژی کچەکەی پێنەوتووە . باوکی بووکیش ، لە بەردەم ھێرش و جنێوە ناشیرینەکانی سەرۆ دەمارەکانی جووت بوون ، دەستی گەیاندە گۆپاڵە تاوکەکەی ، تاماندوو بوو لە سەر و دەم و چاوی سەرۆی دا وخستیە سەرزەوی و جەستەی بۆیە کرد لە خوین . ناڵە و ھاواری ھەموو گوندی لە خۆ کۆکردەوە . کاتێ زاوایان بەو شێوەیە بینی ، لە بەتانییەک پێچایان ، بە پەلە خستیانە نێو ئۆتۆمبێلێک و رەوانەی نەخۆشخانەی شاریان کرد .لەوێش پزیشکەکان زاوایان لە لەفاف کفنکرد!!.