یاسین برایم :
لە نێوەراستی بازاڕی شار، ناونیشانەکەی بە ئاسانی دەدۆزریتەوە ، دوکانێکی درێژ ، پڕ لە کەل و پەلی کارەبایی . لە کۆتایی دوکانەکەش، کۆگایەکی بچووک و قەڵەباڵغ لە کارتۆن و کەل و پەلی یەدەگ ، ھەروەھا کۆمەڵێک کتێب و گۆڤار لە نێو کارتۆنەکان بەرچاودەکەون ، کە ھی کۆمەڵەی ھاوڕێیانی کتێبن .
گەنجێکی جوان و دەسترەنگین ، راستر بڵێین پەنجە زێرین ، چونکە دەستەکانی کار ناکەن و تەنھا پەنجەی گەورەی دەستی راستی دەجولێتەوە . زۆر جار لە نێو تاریکایی دوکانەکە ، چاوە جوانەکانی وەک ھەلۆ دەبریسکێنەوە. ھەموو تەمەنی لە سەر ئەم عارەبانەیە، ئەو بەناچاری ھۆگری ئەو عارەبانەیە بووە، ھەرگیز ناتوانێ دەستبەرداری بێت . رۆژانە کاتەکانی خۆی لە بەرامبەر کۆمپیوتەرێکی داگیرساو لە سەر ئەم عارەبانەیە بەسەر دەبات وپەنجە تاقانەکەی دەخاتە سەر ماوسەکەی و خەریکی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتە. کاتێ جەستەکەی دەبینیت ، تەنھا سەرێکەو لە سەر عارەبانەیەک داندراوە ، سۆزو ویژدانت دەجوڵێنێ و بەزەیت پێدادێتەوە ، بەڵام کاتێ کار و پڕۆژە و بەھرەو داھێنان و کارە ھونەریەکانی دەبینیت ، بۆت دەردەکەوێت ئەمە مرۆڤێکی چەند مەزنە ، ئەوسا ئیرەیی پێدەبەیت ولە بەرامبەر ئەو خۆت بە بچووک و کەمزان دێتە بەر چاو.تابلۆی سەر دوکانەکەو کەلوپەلەکانی نێو دوکانەکە پێتدەڵێن ئەمە دوکانێکی فرۆشتنی کەلوپەلی کارەبایە، بەڵام ئەو وێنە جوان و سەرنجڕاکێش و نایابانەی لە دوکانەکەی ھەلواسراوون ، زیاتر لە گەلەرییەکی ھونەری دەچێت . کەلوپەلە جۆراوجۆرەکانی دوکانەکەو وێنە جوانەکان ھارمۆنیایەکیان دروستکردووە و چێژ لە بینینیان دەبینی . وێنەی پێشمەرگەو پارتیزانەکانی دەڤەرەکە ، کە وەک ھەلۆ لە سەر تاشە بەردەکانن ، کۆنترین وێَنەی شار کە تەمەنی لە سەدەیەک زیاترە، وێنەی پیاوە قسەخۆشەکان و کەسایەتیە ناسراوەکان و وێنەی ئەو مرۆڤە خۆشەویستانەی ، کە خەڵک ناویان لێناون شێت ! کەچی ئەو بە فریشتەی شار ناویان دەبات ، لەم دوکانە بەرچاو دەکەون. کاتێ روو دەکەمە بازاڕ، دەبێ سەرێکی لەم دوکانە بدەم ، وەک بڵێی خووم پێوەگرتووە ، ئەگەر کورسیە سوورەکەم دەستنەکەوێت لە تەنیشتی دابنیشم ، ئەوا لە سەر تۆپە وایەرێکی سپی کە شێوەی بازنەی وەرگرتووە ، جێگای خۆم دەکەمەوە. ئەویش بە ماوسەکەی خەریکی جوانکردنی وێنەی خەڵکە ، ھەندێک جاریش خەریکی کاری کۆڵاژە ، چونکە وەک جاران ناتوانێ وێنە بکێشێت ، ئیدی بە کۆمپیوتەرەکەی، بە ھۆی رەنگ و ھێڵ و بیرۆکە جوانەکانی خۆی ، کارێکی ھونەری دێنێتە بەرھەم . ئەو زۆر ھۆگری وێنەیە ، ھەر لە بەر ئەمەشە کامێرایەکی لە پشتەوەی عارەبانەکەی داناوە ، بەڵام خۆی وێنە ناگرێت و ھەر کاتێک دیمەنێک یان شتێکی سەرەنجراکێش ببینێت ، ئەو ھاوڕێیەی لای ئەوە، ئەو بەختەی بەر دەکەوێت وێنەکەی بۆدەگرێت . بەم شێوەیە ، ئێستا خاوەن زۆرترین وێنەیە ، کە خاوەن دەستەکان ناتوانن شان لە شانی بدەن.
وێنەی پیرەمێرەکان و پێشمەرگەکان و چالاکی ھونەری و رۆشنبیری و وەرزیشی و مامۆستایان و شەھیدەکان و وێنەی شار بە کۆن و نوێ کۆدەکاتەوە ، ئیدی نەک ھی شارەکەی ، بەڵکو ھەر لە سەر ئەم عارەبانەیە دەستی بۆ گوندەکانی دەوروبەریش درێژکردووە ، ئەوانیشی لەلا دەست دەکەوێت. زۆر کەسیش کاتێ وێنەیەکی دەگمەن دەدۆزنەوە ، خۆی دەکاتە دوکانەکەی و مزگێنی دەستکەوتنی وێنەکەی پێدەڵێت ، کەچی ئەو بە زەردەخەنەوە ، رووی تێدەکات “لەمێژە ئەم وێنەیەم ھەیە و مۆرم لێداوە! ” ئەگەر وێنەکەشی نەبینیبێ ، وەک بڵێی زێری دۆزیبێتەوە ، بەزووترین کات دەیکاتە نێو کۆمپیوتەرەکەی . رۆژانە ئەگەر ھیچ کەل و پەلێک نەفرۆشێت ، بە دەیان و سەدان وێنەی دێنە بەر دەست و ئەویش لە نێو کۆمپیوتەرەکەی ھەڵدەگرێت و بۆ ئەویش کارێکی باشە. گەر وێنەیەکی جوانیش لە رۆژنامەو گۆڤار بڵاوکرابێتەوە ، تایبەت بە شارەکە بێت ، ئەرشیفی دەکات. ئێستا لە نێو کۆمپیوتەرەکەی ، بە سەدان فۆلدەر ھەیە ، ھەریەک تایبەتە بە بوارێک ، دیسان ئەوانیش چەندین لق و پۆپی لێدەبێتەوە . زۆر جاریش بۆ دۆزینەوەی وێنەیەک ، کاتێکی زۆری دەوێت ، تا پەیدای دەکات و ھەندێک جاریش ھەر خۆی لێ ون دەبێت و بە ئارەقەی شین و مۆر لە نێو فۆڵدەرەکان دێتە دەرەوە. ئێستا کۆمپیوتەرەکەی، وەک پایتەختی لێھاتووە جەنجاڵ و ئاڵۆز ، بە ئاسانی ناگاتە ئەو شتەی دەیەوێت . ئەو لەم شارە بویتە میری فۆتۆیان و شانازیش بە نازناوەکەی دەکات کە لە رێگای وێنەکان خزمەتی شار دەکات.کاری رۆژانەی ھەر خەریکی چاککردن و جوانکردن و رێکخستنی وێنەکانە ، بویتە گۆگڵی ئەم شارەو ئەو کەسانەی لە دەرەوەش دێنەوە ، روو دەکەنە دوکانەکەی میری فۆتۆیان و بە دەست بەتاڵی ناگەرێنەوە ، ئەگەر وێنەی خۆشیان نەبێت ، چەند دانەیەکی ھی بنەماڵەکەیان دەستدەکەوێت، کە لە ئەلبومی خۆیان دانیە و بگرە ھەر بیریشان نیە کەی ئەم وێنەیان گرتووە. ئەو بە پەنجەیەک ، ھەموو خەڵکی ھۆگری ھونەرەکەی خۆی کردووە . ئەمە بێجگە لەو پێشانگایانەی ساڵانە لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەیەکان دەکاتەوە. ئەو وەک مێروولەیەکی دڵسۆز ، بەیانیان لە ماڵ دێتە دەر و بۆدوکانەکەی دێت و لەوێش لە سیلەی دوکانەکە لە سەر ئەم عارەبانەیە ، کاردەکات و راناوەستێ . شەویش بە ھەمان ھەناسەو حەزەوە لە سەر ئینتەرنیت دەبێت و کارێک بۆ ھاوڕێیەکانی خۆی دەکات ، یاخود وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە . ماوە بە ماوەش لە ئینتەرنیت، چەند وێنەیەکی دەگمەن، تایبەت بە شارو دەڤەرەکەی خۆی بڵاودەکاتەوە. ئەو لە سەر دروشمی لویس پاستۆری زانا (کار و کار و کار)ی کردۆتە پیشە و بەردەوام لە سەر ئەم دروشمە دەروات..
ئەو کاتانەی دەچمە لای ئەو ، وزەو توانا وبەھرەی زۆرم پێدەبەخشێت. ئاسوودە دەبم ، کە بچووکترین کاری بۆبکەم و یان ئەو کریاڕانەی شتێک دەکرن ، ئاسانکاریان بۆ بکەم و کەلوپەلەکانیان بۆ بخەمە نێو عەلاگە و پارەیان لێ وەربگرم و بەھێمنی بخەمە ژێر رانەکانی . ناوە ناوەش بەشەرمەوە ، بانگت دەکات ” وەرە ئەو باسکەم بڵند بکە!” دەبێ چەند جارێک بە زانایی و ھوشیاری باسکەکەی بۆ سەرەوە بڵند بکەیت ، نەبادا جێیەکی بشکێت، ئەو بەو کارەیی ئاسوودە دەبێت و وەک فۆرماتکردن بۆ ئەو وایە. ئیدی لە تەنیشت ئەو لە سەر کورسیە سوورەکە دادەنیشم. زۆر جاریش، ژەنەڕاڵی ھونەر بە زەردەخەنەوە دێتە ژوورەوە ، بە ھاتنی ئەو ، کەش و ھەوای دوکانەکە زیاتر دەگۆرێت و ھەست دەکەیت دوکانەکە دەبێتە گەلەرییەکی گەورەی پڕ ھونەر ، باس و خواستی ھونەر دێتە گۆرێ و گفتوگۆ گەرم دەبێت. جاری واش ھەیە ، دەکەومە نێوەراستی ھەردوو ھونەرمەندەکە ، کە یەکێکیان گەنج و ئەویتریان پیر ، تا ئێستاش ھەردووکیان زگورتین و ھونەریان کردۆتە ھاوسەری ژیانیان. کەس وەک ئەوان لە خۆشەویستی و گەورەیی و پاکی ھونەر و ژیان تێناگەن. ھەردووکیان بە خوێن وگیان ، ئاوێزانی ھونەر بوینەو بۆ ساتێکیش ناتوانن بێ ھونەر بژن . زۆر جاریش گوێمان لە قسەکانی ئەوان دەبێت ، کە شەویش خەون بە ھونەرەوە دەبینن!
لە نێو ئەم ھەموو وێنە جوانانەی ، دوکانەکەی رازاندۆتەوە ، وێنەیەکی سەرنجرکێشی (وەرداش)ە. ھەرگیز لە تێڕوانینی ئەم وێنەیە تێرنابم . وێنەیەکی گەورە ، بە شێوەیەکی ستوونی ، ئەو لە نێویدا بە وەستانێکی جوان ، پێڵاوە ئەدیداسەکەی پێی چەپی خستۆتە سەرپڵاوەکەی پێی راستی. گۆپاڵێکی کەوەتی ئەستوور ، بەدەستی راستی گرتووە و سەرەکەی تری گۆپاڵەکەش ، بستێک سۆندەی پێوە ھەڵکێشاوە.دەستی چەپیشی لە قەدە دارێکەوە گرتووە ، کە لە سەر شەقامەکە روواوە. کلێتێکی چڵکنی لە سەرە ، وەستانەکەی زۆر لە وەستانەکەی چارلی چاپلین دەچێت . دەمی لێککردۆتەوە وەک بیەوێت فیکەیەکی لێ بدات ، تەنھا ریشەکەی بە سپی دەردەکەوێت ، جل و بەرگیشی لە پیسایی رەنگی قاوەیی گرتووە. ئەو لەو وێنەیە لە جیاتێ پشتێنێک چواری پشتێنی بەستووە ، ھەریەکی لە رەنگێکە و زۆر درێژن ، ئەمەش بۆ زگی وەرداش ، بویتە تۆپە قوماشێکی گەورە . بە ھۆی ئەم پشتێنەوە لە وێنەی بەگ و ئاغا و دەسترۆیشتووەکانی کۆنی شار نزیک دەبێتەوە ، کەجاران بەمەبەستی بەستنی دەمانچەو خەنجەر و فیشەکدان ، پشتێنەکانیان چەند مەترێک درێژ بوون ، تا نزیک ملیان لە خۆیان دەپێچا. منیش رۆژانە خووم داوە بەو وێنەیە ، دەزانم سەرگوشتەی پاڵەوانی ئەم وێنەیە چۆنە ! چۆن عەشق و راستگۆیی ئەو بۆلای شێتی بردووە! بە تەنیایی و بێکەسی لە شەقام و کوچەو کۆڵان و بازاڕی شار دەسورێتەوە، بەڵام ئەوەی چیرۆکەکەی دەزانێت ، سەردەمێک ئەو مەم بووە و ئێستاش زینەکەی ئەو لە گەڵ مەمێکی ترە. لەوانەیە لە لای ئەو زینە لە مێژە ئەم عیشقە مردبێت و ئەگەر جار و باریش چاوی پێبکەوێت بە شێتێکی گەورەی لە قەڵەم بدات ، کەچی وەرداش ھەمیشە ئەو عیشقەی لە دڵدا دەژێت و رۆژ بە رۆژ گەورەتر و جوانتر و پاکتر دەبێت و لە نێو خەڵکیش وەک عاشقێک خۆشەویستر دەبێت. لە نێو چوارچێوەی ئەم وێنەیەدا ، مرۆڤێکی عاشق وەستاوە ، لە بەرامبەر خەم و ناخۆشیەکانی رۆژگار، بێکەسیش ریشی کردووە بە بەفر.ئەو خاوەن دڵێکە بێرق و قینە ، پڕ لە سۆزوبەزەیی و خۆشەویستی . منیش ھەر بەو پاکیەی ئەو مرۆڤە ھەیەتی ، لە پاکی وێنەکە ڕادەمینێم و ئۆشۆیانە دەروانمە مرۆڤ و فەلسەفەی ژیانی تیدا شیدەکەمەوە. وێنەکە، گەورەیی و خۆشەویستی مرۆڤم پێدەبەخشێت و ئاسوودەم دەکات.زنجیرەیەک تێڕامانی قۆڵ بە ھزرو خەیاڵم دێت و ئاڵۆزم دەکات. ئیدی ھەر ئەوە دەزانم پاڵەوانی نێو وێنەکە دەنگی دێت ، بەڵام لە نێو چوارچێوەی وێنەکە نا ، بگرە وێنەکەش ھەروەک خۆیەتی ، بەڵکو بەزیندووی دەبینم لە دوکانەکە بە ژووردەکەوێت و بە زەردەخەنەیەکی مۆنالیزیانە، سەیری ھەمووان دەکات و دوای بە بێدەنگی دەچێتە دەرەوە. جیاوازی لە گەڵ وێنەکە ئەوەیە ، لەوێ وەستاوە و لێرەش مرۆڤێکە سندوقێکی رەشی لە سەر خۆی ناوە . رۆژانە حەز بەوە دەکات کۆنە تەپەدۆر و کارتۆن و سندوق و تۆپی دڕاو و شتی لە کار کەوتوو بکاتە کڵاوەکەی خۆی .ئەمەش دیمەنێکی پێکەنینناوی پێدەبەخشێت و ھەر بەم شێوەیەش ،بە نێو بازاڕ دێت و دەچێت. بەزۆری لە نزیک کۆنە گەرماوە و ھەندێک جاریش بۆ لای (بەرباخچان) و (شیمردێر) و گۆرستانی شار، پیاسە دەکات. ئەو کاتەی لە نێو بازاڕیشە ، ھەرچی کارتۆن و کاغەزی پێش دوکانەکان ھەیە ھەڵدەگرێتەوە و دەخاتە نێو ئەو سەبەتانە ، کە شارەوانی لە رۆخی شەقامەکان دایناوون.کاتێ مرۆڤە ئاقڵەکانیش ، ئەوانەی خاوەنی بڕوانامەشن ، شتێک فرێ دەدەن ، ئەو ھەڵیدەگرێتەوە. زۆر جار تا درەنگانی شەو خەریکی کۆکردنەوەی ئەو کەل و پەلانەیە و دەخاتە نێو سەبەتەکانی زبڵ . بەیانییانیش بەدەم گۆرانی (ئامین تاقانەو مریەم بۆکانی) حەسەن زیرەک دێتە دەر و ھێدی ھێدی کۆپلە گۆرانیەکانی ئەم ھونەرمەندە دەڵێتەوە و دەنگەکەی خۆی زیادو کەم دەکات وجاران چۆن گوێی لەو گۆرانیە بووە بەھەمان شێوە دەیڵێتەوە ، جاری واش ھەیە ھەر منگەمنگی لێوە دێت و کەس نازانێ باسی چی دەکات. دواتر لە بەردەم چایخانەکەی نێو بازاڕ دەوەستێت و ھەندێک جاریش وەک وتاربێژ ، وتار دەدات و قسەی سەیرو سەمەرە دەکات لە ماوەی چەند خولەکێک ، کۆمەڵێک خەڵکی لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، کە ئەمە دەبینی وادەزانی کەل و پەڵێک ، ھەراج کراوە ، کە نزیکی دەبیتەوە بە دەنگەکەی و ئەو کەل و پەلە سەیرانەی لە سەر سەری خۆی داناوە ، دەزانی بەزمەکەی وەرداشە. ھەندێک جاریش، دەبێتە ژینگە پارێزێک ھەر مەپرسە ، بە دوبەیەکی ئاو ، نەمام و دارەکانی رۆخ شەقام ، ئاو دەدات و چەندجارێک ئەمە دوبارەدەکاتەوە . ئەو بە سەرماو گەرما لە دەرەوەیە ، دڵسۆزانەو خۆبەخشانە خەریکی پاککردنەوەی شارە ، وەک کرێکارە دڵسۆزەکانی شارەوانی کاردەکات . بۆ مرۆڤ و عەشق و جوانی و خاوێنی مرۆڤەکانی تر دەژێت. ئەو دەبێتە مرۆڤێکی ژیاندۆست و مرۆڤدۆست ، خۆشەویست لە نێو خەڵک . لە لای منداڵ و کچ و کورەکانی شار ناسراوەو بویتە سومبولی مرۆڤە پاکەکانی شار.
ئەوەی لەم دوکانە ئەم وێنەیە دەبینێت، قسەی خۆی بۆ وێنەکە ھەیە و راڤەیەکی نوێ دەدۆزێتەوە . میری فۆتۆیانیش ، کە دەبینێت لە وێنەکە ڕاماون .ئەویش چەندین مانای جیاوازو نوێ لەسەر وێنەکە دەردەبرێت و ئیستاتیکای ئەم وێنەیە دەخاتە روو. زۆر جاریش بە زەردەخەنەوە باسی وەرداش دەکات و کاتێ خۆی دێت و سەیری وێنەکەی خۆی دەکات.لە بەردەم وێنەکە پێدەکەنێت ، کەسیش نازانێ پێکەنینی ئەو بۆ وێنەکە چیە! کە دەزانێ وێنەیەکی شازی ئەوە.ھەندێ جاریش ، گۆپاڵەکەی بە ئاڕاستەی وێنەکە درێژ دەکات و دەڵێت”ماڵی قەحپە ! دەتناسم ، دەتناسم ، ھجوومۆۆۆۆۆۆک !”. بە بێ ئەوی خۆی گیرۆ بکات و دەچێتە دەر.لەوانەیە ناوی ھجووم بۆ وەرداش زۆر خۆشەویست و گەورە بێت ، بگرەخۆشەویسترین ھاوڕێی ئەو بێت .سەیریش لەوەدایە ، لە ھەمووکەس زیاتر جنێو بە ئەو دەدات، چونکە ئەو وەک گەنجێکی دڵسۆز و خەمخۆر، ھەموو مانگێک ،لە گەڵ چەند ھاوڕێیەکی خۆی وەرداش دەباتە گەرماو .لەوێ دەستەکانی کەلەمچە دەکەن و سەری دەشۆن و ریشی دەتاشن و جووتە پێڵاوێکی باش و دەستە جلێکی کوردی نوێی لە بەر دەکەن و گوڵاو پرژێنی دەکەن. ھەر کاتێ وەرداش بە جل و بەرگی نوێوە لە بازاڕ دەرکەوت ، گۆرانی گوت ، خەڵکی شار دەستخۆشی لە ھجووم دەکەن و دوعای خێری بۆدەکەن.چەندین ساڵە ، نەک ھەر وەرداش ، خزمەتی ھەموو شێتەکانی شار دەکات و دەیانشوات ، کەنەخۆشیش دەبن دەیانباتە نەخۆشخانە . ئەگەر لە بەر ئەو نەبێت لەوانەیە لەمێژ بوو وەرداش لە ژیاندا نەمابوایە. کاتێ ناوی وەرداش دێتە گۆری ، ئیدی وەک خەمخۆرێک و کارگوزارێکی شار باس دەکرێت ، ئەو نازناوەی پێبراوە لادەچێت و دەبێتە مرۆڤێکی ئاقڵمەند، کە خزمەتی شار دەکات . زۆر جاریش ، ژەنەڕاڵی ھونەر ، کە زیاتر لە نیو سەدەیە ، تێکەڵ بە دونیای ھونەر بووەوجێ پەنجەی گەورەی لە ھونەری ئەم شارە دا ھەیە .دێتە سەر باسی وەرداش ، بەتایبەتی لەو کاتەی کە گوێی لە وشەی خەمخۆری شارەوانی دەبێت . باسەکەی وەرداش بە دەرفەت دەزانێ و تێکەڵ بە باسێکی ھونەری گەورەت دەکات و دەگەرێتەوە رابردووە. بە شێوەیەکی جوان و زیرەکانە ، شارەوانی و ھونەرتێکەڵ دەکات و تابلۆیەک لە مێشکت چەسپ دەکات ودیمەنی شانۆیەکی سەر شەقامت نیشان دەدات و مۆسیقاژەنێکی بڵیمەتی شارت پێدەناسێنێت . لە نێو ئەو بە سەر ھاتەو گێڕانەوەی ژەنەڕاڵی ھونەر ، ئەوەندە ھونەرت لا شیرین و گەورە دەبێت ، تا لە نێویدا عاشقی دەبیت . خۆت دەبیت بە یەک پارچە لە ھونەر.بەم شێوەیە کامیرایەکت دەداتە دەست و وەک خۆت وێنەکە بکێشیت وایە. ئەوھا باسی خەمخۆرەکەت بۆ دەکات”لەمێژە ، لەم شارە، حاجیلە ھەبوو ، دەروێشێکی گەورەی سافی ھیرانی بوو ، دەستی شیعریشی ھەبوو ، زۆر لە خەمی پاک و خاوێنی شار دابوو ، نەیدەھێشت شار پیس بێت و چاودێری بە سەر دوکاندارو فرۆشیارەکان دەکرد.کاتێ دەھاتە شار ، خەڵک نەدەوێرا لە بەرامبەری کەمترین ھەڵە بکات” ئەو بەم چەند وشەیە لێت ناگەرێت و دەبێت تۆش گوێی بۆ شل بکەیت ، چونکە ئەو ژیان بە مۆسیقا دەزانێت و ئەگەر مۆسیقا نەبێت ژیان لای ئەو مانای نامینێت .بۆیە بۆ لای مۆسیقات دەبات و بەم شێوەیە درێژە بە حاجیلە دەدات” زۆر جار حاجیلە لە نێو بازار ، یان لە بەردەم مزگەوتی تەکیە ، دەفی لێدەدا، دواتر دەفەکەی چەندی مەترێک بڵند دەکرد بۆ ئاسمان و لەسەر پەنجەی خۆیی دەسوراند و خۆی نزم دەکردەوە بۆ سەر زەوی و دواتر ھەڵدەستایەوە ، تا ھێزی ھەبوو رەمبەی لە دەفەکەی دەھێنا و دەفێکی ئەوەندە خۆش ، ھەموو بازاری دێنایە جۆش و خرۆش . لە ماوەیەکی کورت بە ئەستەم حاجیلە لە نێو خەڵک دیار دەبوو دەکەوتە نێو بازنەیەکی گەمارۆدراو لە خەڵک . چەند جارێک ئەم نمایشە سەیرەی دەکرد و دەروێشانە سەری بادەدا ، لە ناکاویش بە دەنگێکی گەورۆنە ھاواری دەکرد : محەمەد سەڵەوااااااااات!” . دواتر پەنجە بۆ وێنەکەی وەرداش درێژ دەکات و تێر بە چاوەکانی لێ دەروانێ ، ئەو چاوانەی بە ھەزارن وێنەو تابلۆی جۆراوجۆری بینووە ، ئێستاش بەرەو لاواز دەچێت و ئەگەر لە بەر چاویلکەکەی نەبێت ، نەک ھەر وێنەکە بگرە رستەیەکی نوسراویش ناتوانێ بخوێنێتەوە. سیفەتێکی جوانی ئەم وێنەیەی وەرداش دەخاتە روو ، گەوھەرێک لە نێویدا دەدۆزێتەوە نەک لە نێو جل و بەرگە چڵکنەکەی، بەڵکو دیوی ناوەوەی وەرداش ، کەخاوەنی دڵێکە لە چەشنی تاڤگە ، سپی و جوان ، دڵێک کە خۆشەویستی زۆری بۆخەڵک بەرھەم ھێناوە.ئەو دڵەی رق و کینەی تیدانیەو خزمەت بە مرۆڤەکان دەکات . ئەوانەی لە نێو خەڵکدا دەژن و لە نێو خەڵکدا بۆ ھەتا ھەتایە دەمینێنەوە، ئەوانەن . مرۆڤە مەزنەکانیش ، بەو سەربەرزییە دەژن لە پێناو مرۆڤەکان ، نەک بۆ خۆیان ، ئەمەش راستییەکە بە ئاشکرا ھەستی پێدەکرێت .ئەمەش لە لای ژەنەڕاڵی ھونەر دروشمێکەو چەندین ساڵە ھەڵیگرتووەو فەلسەفەی ژیانی خۆی لە سەر بنیات ناوە.ھەمیشە چێژ لە خزمەتکردنی خەڵک دەبینێت و ئێستاش بەو تەمەنە رێگا بۆ منداڵەکانی شار رووناک دەکات و فێری وانەی ھونەریان دەکات ، تا ژیانیان لە لاجوانتر و خۆشەویستر بێت .
ئێستا لە دوکانەکەی میری فۆتۆیان ، بینەرەکانی وێنەی وەرداش لەزیادبووندایە ، ھەرکەسەکیش ، بۆیەکەم جار وێنەکە دەبینێ ، خۆی لێ نزیک دەکاتەوە و ھەڵسەنگاندنێکی خۆی بۆدەکات. ئیدی وێنەکە رۆژ بە رۆژ مانای زیاتر و قۆڵتر بەرھەم دەھێنێ وجوانی زیاتر دەبەخشێت. وەرداشیش ، لە نێو وێنەکە سەر بەرزانە بەرامبەر ژیان وەستاوە. لە دەرەوەی وێنەکەش ھێدی ھێدی گەورە دەبێت و ململانێ لە گەڵ پیری و مردن دەکات ، تا ئەو رۆژەی چاوە جوانەکانی لێک دەنێت ، لە لای خەڵک خۆشەویستە. لە دوای مردنیش، وێنەکە و ھەڵوێستە جوان و قسەخۆشەکانی وەرداش ، بۆ ھەتا ھەتایە لەنێو دڵی خەڵکی شار زیندوو دەبێت و لە لاپەڕەکانی مێژووش، ناوی بە جوانترین شێوە تۆمار دەکرێت.