مەسعودی مەلا ھەمزە: لەدرێژەی چالاکییە بەردەوامەکانی خۆی ناوەندی فیلمسازانی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان کورتەفیلمی نیشتمان لە سیناریۆی ھێرش عەبدولوەھاب و دەرھێنانی عەبدولخالق جەودەت نمایش دەکا.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان کاتژمێر ٦ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٨/٥/٢٠١١ لە ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر کورتە فیلمی نیشتمان لە سیناریۆی ھێرش عەبدولوەھاب و دەرھێنانی عەبدولخالق جەودەت و وێنەگرتنی پێشڕەو نەبەرد نمایش دەکاو دواتریش خەڵاتی ھاندانی بەشەکە دەبەخشرێتە دەرھێنەری کورتەفیلمەکە.
ھەر لەو راپۆرتە راگەیەنراوەدا ھاتووە کە ئەم کورتە فیلمەکە ماوەی ٨ خولەکەو دوابەدوای نمایشکردنی لەلایەن ھونەرمەندی دەرھێنەر حەسەن عەلی خوێندنەوەیەک بۆ کورتە فیلمەکە دەکرێ و دواتریش ئامادەبووان گفتوگۆیەکی کراوەی لەبارەوە ئەنجام دەدەن”.
لە دوابەشی راپۆرتە راگەیەنراوەکەی لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستاندا ھاتووە کە ناوەندی فیلمسازی بەردەوام دەبێ لە نمایشکردنی کورتەفیلم بە ئامانجی دروستکردنی کلتوورێکی فیلمسازی لە ھەولێر و بایەخدان بە تواناکانی ھونەرمەندان.
شایانی باسە دەستپێکی نمایشەکان و چالاکییەکانی ناوەندی فیلمسازانی ھەولێر نمایشکردنی کورتەفیلمی ئەنتێنا بوو، کە لە دەرھێنانی عەدنان عوسمانەو خاوەنی خەڵاتی باشترین دەرھێنەری عێراقیە.