بەشی چواردەم
هەڵاڵەی گوڵ و هەنگین
ڕۆژێك ئەتۆ..
ڕۆژێك ئەمن.
***
خۆزگە بمتوانیبا
لەدوای تۆ،
کەسێکی ترم خۆشویستبا،
چیبکەم..
بەدەستخۆم نییە،
ناتوانم،نا.
***
کە، دەتگووت ( ئم )،
هەر ( ئم ) ێکت
دێڕی کاڵەوەبووی ڕۆمانێك بوو
چاپ و ژمارەی تیراژەکەی،
بێپایان بوو.
***
هەروەك چۆن
کەڵەشیریش نەخوێنێ
ڕۆژ، هەر دەبێتەوە
ئاوا دەزانم.. بەیەك ناگەین
بۆ سەبوریی بەخۆدان
هەرکەسێکی ترم بوێ
ناوی تۆی لێدەنێم
چون.. هەر مەجنونەو،
لەیلای خۆی هەیە.
***
زویردەبم
زویردەبی
لێمان زویر دەبن خەڵکی،
ئەوەی هەرگیز
ناشێ و نالوێ
دابڕانە ،بەیەکجاری.
***
پێش تۆ..
وامدەزانی
کەس نییە وەك من بەکوڵ بگری
کە، ئەشکی تۆم دی،
تێگەیشتم..
فرمێسکی سوێری بەخۆوە نەدیوە
هەردوو جاوانم.
***
جێمدێڵی بۆ کۆشك و تەلار؟!
بێخەمبە.. زۆر نابا
لە هەواری
یەکەم ژووانمان
ماچێکی تەڕوپاراو
دەکەمە دەستپێکی یەکەم دیدارمان
لەتەك ئەو کیژەی
کوختی خۆشەویستیی پێ بەهاترە
لەکۆشك و تەلار.
فەتاح حەسەن
دانیمارك/ڤالبی